چاوەڕوان دەکرێت بە هاتنی سوودانی بۆ هەولێر ڕێککەوتنی نوێ لە نێوان هەر دوو حکوومەت بێتە کایەوە

 

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

بڕیارە ئەمڕۆ، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان بکات ئەگەر بەهۆکاری چاوەڕواننەکراو دوانەکەوێت، پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کە لە ساڵی ٢٠١٤ تێکچوو و لە ٢٠١٧ تا ئاستی ڕووبەرووبوونەوەی سەربازی ئاڵۆز بوو، لە سەردەمی سوودانی تا ئاستێکی زۆر باش ئارام بووەتەوە و دوولایەن لێکتێگەیشتنێکی باشیان بۆ چارەسەرکردنی تەنگژەکانی نێوانیان هەیە و چاوەڕوان دەکرێ لە دوای هەڵبژاردنی کوردستان قۆناغێکی نوێ لەو پێوەندییانە دەست پێ بکات.

پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەرچەندە دوای نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق کەوتە نێو قۆناغێکی نوێوە و چوارچێوەی ئەرک و دەسەڵاتی هەر دوو لایەن دیاری کرا، بەڵام بەردەوامیش لە ناکۆکیدابوون. لە هەندێک قۆناغدا ناکۆکییەکان کرچ وکاڵ بوون و پرسی تری وەک تیرۆر و جەنگی تایفی باڵی بەسەر کێشەکاندا کێشاوە و لە هەندێک قۆناغی دیکەشدا ناکۆکییەکان زۆر قووڵ و ئاڵۆز بوون.
هەولێر و بەغدا لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس تا نووسینی دەستوورلە جۆرێک پێوەندی، لە نووسینی دەستوورەوە تا ساڵی ٢٠١٤ لە جۆرێکی تری پێوەندی و لە سەردەمی داعش لە جۆرێکی جیاوازتری پێوەندی و لەدوای ڕووخانی داعشیش پێوەندییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و زۆر جار قەبارەی گرژییەکان و دۆستایەتییەکانیش بە پێی جۆری کەسایەتیی سەرۆک وەزیرانەکانی عێراق گۆڕاون.
لە دواین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە لە ساڵی ٢٠٢١ بەڕێوەچوو، پێوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش سیمایەکی جیاوازتریان هەیە کە لەسەردەمی سەرۆک وەزیرانەکانی تری جیا دەکاتەوە. محەمەد شیاع سوودانی کە بووە سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکی نێوان شیعە و سوننە و کورددا ئەو دەسەڵاتەی وەرگرت و سوودانی گڵۆپی سەوزی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردیشی هەبووە و بە کەسێکی میانڕەو ناسراوە.
سوودانی لە ماوەی دەسەڵاتیدا هەندێک هەنگاوی گرنگی ناوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بەڵام بە تەواوی سەرکەوتوو نەبووە و هێشتا نەیتوانیوە کێشە سەرەکییەکان یەکلایی بکاتەوە.
پرسی نەوت، بودجە، مادەی سەد و چل، پێشمەرگە و شایستە داراییەکانی، بازرگانی، بواری بانکی کۆمەڵێک کێشە بوون کە لە هەندێکیاندا هەنگاوی گرنگ نراوە و زۆرینەشیان بێ چارەسەر ماون. بۆ نموونە هەرێمی کوردستان لە ئاداری ساڵی ٢٠٢٣ەوە بە تایبەتی دوای دەرچوونی بڕیاری دادگایەکی فەڕەنسا بۆ ڕێگەنەدان بە تورکیا بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەناردەی نەوتی کوردستانی وەستاندووە، هەر دوو حکوومەتی هەرێم و عێراق بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە چەندین ڕێککەوتنیان کردووە بەڵام ڕێککەوتنەکان بە تەواوی جێبەجێ نەکراون و بەربەستی تریان بۆ هاتووەتە کایەوە. لە پرسی بودجەدا سەرەڕای ئەوەی کە بە یاسا ماف و ئەرکەکانیش دیاری کراون و ئەرکی بەغدایە مووچەی تەواوی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات بەڵام ئەوە نەکراوە و هیچ مانگێک نەبووە لەم بوارەدا کێشە نەیەتە کایەوە و کورتهێنان لە ناردنی شایستە داراییەکانی کوردستان ڕوو نەدات. ئێستا دەبوایە فەرانبەرانی کوردستان هاوشێوەی فەرمانبەرانی فیدراڵی مووچەی مانگی دەیان وەرگرتبا بەڵام نەنێردراوە و بڕ و بیانووی جیاواز بە هەرێمی کوردستان دەگیرێت و خەڵکی کوردستان لە جۆرێک دڵەڕاوکێدا ژیاون و بەغدا ئەو گەرەنتییەی پێ نەبەخشیون.
لە سەرجەم بوارەکانی تری پێوەست بە مادەی سەد و چل و پێشمەرگە و پێوەندییە بازرگانییەکان کێشەکان بەردەوامن، سیستمی بانکی نەبێت کە بەغدا کارئاسانی کردووە و پڕۆژەی هەژماری منی وەک بەشێک لە هەنگاوەکانی تەوتین قبوڵ کردووە.
بڕیارە محەمەد شیاع سوودانی ئەمڕۆ چوارشەممە سەردانی هەولێر بکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستاندا کۆ ببێتەوە، هاتنی سوودانی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان دوو حکوومەت بە گرنگ و پڕبایەخ دادەنرێت و چاوەڕوان دەکرێ هەندێک ڕێککەوتنی نوێ لە نێوان هەر دوو حکوومەت بێنە کایەوە کە سوودی بۆ هەر دوو لایەن هەبێت.
قسە لەوە دەکرێ کە لە نووسینی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٥ حکوومەتی عێراق لە پرسی فرۆشتنی نەوتدا کرێی بەرهەمهێنانی نەوت بەرز بکاتەوە کە یەکێک بوو لە ناکۆکییەکانی نێوان کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری نەوت لە کوردستان و حکوومەتی عێراق، جگە لەمە حکوومەتی عێراق دەخوازێت هەرچی زووە لە هەرێمی کوردستان کابینەی دە دابمەزرێت و بەر لە تەواوی بوونی ماوەی یاسایی دەسەڵاتەکەی خۆی هەندێک هەنگاوی تر بنێت. ئەو ساڵی ڕابردووش رێک لەم مانگەدا بوو کە سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و پێشتریش دوو جاری تر سەردانی کردووە.
بەپێی سیستمی فیدراڵی گەشە و سەرکەوتنی هەولێر و بەغدا بە یەکتر گرێ دراون و عێراق هیچ کاتێک گەشە و ئارامی بەخۆیەوە نابینێت ئەگەر ئەو گەشە و ئارامییەی بۆ هەرێمی کوردستانیش نەوێت و ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان هاوشێوەی شوێنەکانی دیکەی عێراق دابین نەکات.