خدر مه‌نتك، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی: پارتی له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتوو هه‌نگاو بۆ ده‌نگی ملیۆنی ده‌نێت

 

پاڤین ڕەمەزان – هەولێر

 

خدر مه‌نتك، په‌رله‌مانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ چاوپێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ هه‌ولێردا، ده‌ڵێت: “پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و پێگەی خۆی وەک هێزی پێشەنگ لە ناو جەماوەری کوردستاندا پتەوتر کرد.

هه‌ولێر: پارتی بووه‌ هێزی یه‌كه‌م ئه‌ركی داهاتووی پارتی چی ده‌بێت له‌ كوردستان و له‌ عێراقیشدا؟
* پارتی دیموکراتی کوردستان، هەم هێزێکی گەورەیە و هەم خاوەنی مێژوو و پێگە و شەرعییەتی جەماوەرییە، لەبەر ئەوەی لەناو جەماوەری هەرێمی کوردستاندا دروست بووە و لەو پێناوەشدا سیاسەتی پارتی ڕەنگدانەوەی خواست و ویستی کوردستانیانە. بەتایبەتی پارتی هەم خاوەندارێتی قەزییە کوردستانییەکان دەکات، هەم پاراستنی خاک و کوردستانیانی لە ئەستۆ گرتووە.
لەلایەکی دیکەوە پارتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلان و پڕۆژەی ستراتیژی هەبووە، بۆ خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوە و دروستکردنی وێنەی کوردستانێکی ئاوەدان و سەقامگیر. بێگومان هاونیشتمانیانی کوردستان چاویان لەو لایەنەیە کە خزمەتکردنی هاووڵاتیان دەکاتە پێشەنگی کاری سیاسیی خۆی. ڕوونە پارتی لەم بوارەدا پێشەنگە و زیادبوونی دەنگەکانی پارتی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، دەرخەری ئەو واقیعەیە.

هه‌ولێر: چی لە پشت ئه‌و هه‌موو ده‌نگه‌ی پارتیە كه‌ هاتووه‌ ؟
* پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و پێگەی خۆی وەک هێزی پێشەنگ لە ناو جەماوەری کوردستاندا پتەوتر کرد. لەژێر دروشمی “کوردستانێکی ئارام و ئاوەدان”، هەم پاڵپشتی بەهێزی بنچینەیی و هەم دیدگایەکی سیاسیی باش داڕێژراو دەردەخات.
دەکرێ سەرکەوتنی پارتی بگەڕێندرێتەوە بۆ تێکەڵەیەک لە فاکتەرەکان کە ڕەگیان لە هەردوو میراتی مێژوویی و هەم لە وەڵامدانەوەی پێویستیەکانی کوردستانیان و ئاواتەکانی کوردستانیان هەیە. پارتی کە بە بەردەوامی خەبات بۆ سەربەخۆیی کورد و یەکڕیزیی نەتەوەیی و گەشەسەندنی ئابووری کردووە و وێنایەکی سیاسی دروست کردووە کە خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە پێشینەی کارەکانیدا بێت. پارتی کاریگەری خۆی لە عێراقدا پاراستووە و ئەمەش وای کردووە وەک هێزێکی سیاسی کاریگەر و بەرچاو بمێنێتەوە. جەختکردنەوەی لەسەر مافە دەستووری و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان بووەتە جێگەی سەرنجی ئەو دەنگدەرانەشی کە دەنگدەری پارتی نین.

هه‌ولێر: بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق چ ئامادەکارییەک کراوە؟ و تاچه‌ند گرنگه‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم متمانه‌ به‌پارتی بده‌ن‌؟
* ئەمە پرسیارێکە ویژدانی هاونیشتمانیانی کوردستان و ناوچەکوردستانییە داگیرکراوەکان وەڵامی دەداتەوە، ئایا متمانە بە پارتی دەدەن کە خاوەنی مێژووییەکی پڕ لە شانازییە لە پاراستنی خاکی کوردستان و سیاسەتی پارتی لە پەرلەمانی عێراق کە هەرگیز سازش لەسەر قەزییە نیشتمانییەکان ناکات. یان متمانە بەو لایەنانە دەبەخشن کە داڕێژەری پیلانن و سەقەفاتی ژێر بەژێرن لە دژی کوردستانیان.
بۆ نموونە بکەرانی شانزەی ئۆکتۆبەر کە بووە هۆی لەدەستدانی زۆرێک لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان. دووبارە دەیڵێمەوە ئەو دەسپێرین بەویژدانی کوردستانیان ڕوونە ئەو لایەنانە کێین پەنا دەبەنە بەر دادگایی فیدارڵی بۆ بڕینی قووت و بوودجەی کوردستانیان. ئەو لایەنانە کێن خاک دەفرۆشن، ئەوانە کێن بەپشتیوانی نەیارانی کورد عەرەبی هاوردە دەهێننە سەر موڵک و ماڵی جوتیارانی کورد. بێگومان کوردستانیان سزایان دەدەن چۆن لە هەڵبژاردنی کوردستان ئەوەمان بینی کە متمانەیان بەپارتی دیموکراتی کوردستان دا.

هه‌ولێر: پارتی چی بكات بۆ قۆناغی داهاتوو به‌تایبه‌ت له‌ په‌رله‌مانی عێراق و كوردستانش؟
* ئەرکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوونە، لیژنەی پارتی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەسیاسەتی کوردستانێکی بەهێز و ئاوەدان خزمەتی کوردستانیان دەکات و لە پەرلەمانی عێراق شەڕی مافە دەستووری و شەرعییەکانی کوردستانیان دەکات.
دیدگای حیزبی پارتی بۆ سەرکەوتنی ملیۆنی، گوزارشت لە نیازی خۆی دەکات بۆ زیاتر خزمەتکردن و ئاوەدانکردنەوەی کوردستان و داکۆکیکردن لە هاووڵاتیانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان. ئەم ئامانجە گەورەیە بەندە بە توانای حزبەوە بۆ پەیوەندی کاریگەرانە لەگەڵ دەنگدەرانی نوێ.

هه‌ولێر: لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان چۆن له‌گه‌وه‌ریی و به‌هێزی پارتی دەڕوانن؟
* ڕۆڵی پارتی لە دیمەنی سیاسی عێراقدا بەو متمانە و پشتیوانییەی لە گەلی کوردستان بەدەست هاتووە، ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان لە پێگەیەکدایە کە ڕۆڵێکی سەرەکی لە ئایندەی سیاسی عێراقدا دەگێڕێت. سەرنجی پارتی بریتیە لە چارەسەرکردنی پرسە دێرین و گرینگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، وەک پرسی ئەنجوومەنی فیدراڵی، جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستووری عێراقی و چاسەرکردنی پرسی تەعریب و کێشەی ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکان. هاوکات پارتی شەڕی بەدەستهێنانی مافەکانی کوردستان دەکات لە بەغدا، لە پرسی بوودجەوە تا دەرکردنی یاسای نەوت و گاز…هەد ئەم پرسانە لە پێش هەموو شتێکەو دەستەبەرکردنی دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوەکان پرسێکە پارەی هەرگیز مساوەمەی لەسەر ناکات.