كەركووك زۆر بەچڕی ژمارەی دانیشتووانی لە دەستكاریكردنێكی بەردەوامدایە

ئاریان دەرگەڵەیی – هه‌ولێر

 

توێژەرێكی كورد لە تازەترین لێکۆڵینەوەیدا باسی لەوە كردووە كە بۆ حكوومەتی عێڕاق دەتوانێت (سەرژمێری بۆ گەشەپێدان) ئەنجامبدات بەڵام ناتوانێت قۆناغی یەكەمی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێڕاقی جێبەجێ بكات كە لە ٢٠٠٨ دا دوا وادەبوو بۆ جێبەجێكردن.

پەیڕەو ئەنوەر نووسەر و توێژەر و كە دەرچووی كۆلێژی یاسا و سیاسەتە لێكۆلینەوەیەكی تازەی خۆی بە ناوی( سەرژمێری؛ هەڕەشە و مەترسییەكان ناسنامە و بوونی كورد لەڕێگەی داتاوە) بڵاكردووەتەوە.
ئەو توێژەرە لە سەرەتادا نووسیویەتی : وابڕیارە دەوڵەتی عێڕاق دوای ماوەیەكی درێژ، ئەم مانگە سەرژمێرییەك ئەنجامبدات. دروشم و چیڕۆكی پڕۆسەكە بەمشێوە نەخشێنراوە <سەرژمێری بۆ گەشەپێدان> دنیای ئەمڕۆ، دنیای ژمارە و داتای پاك و راستەقینەیە Pure Data. داتا مەعریفە و هێزە! بەڵام بەرهەمهێنانی هێز لە عێڕاق لای دەوڵەت نییە! رەنگە ئەمە هەڕەشەی سەرەكی هەموو رووداوێكی ئەمڕۆی عێڕاق بێت. لەدوای جەنگی دووەمی كەنداوە، بەهۆی جەنگ و ململانێكانەوە زۆر پرس لە عێڕاق گۆڕاوە، ئەندازەی كۆمەڵایەتی، ژێرخانی ئابووری، دەزگای خێزان، پەیوەندییەكان، پەیوەندی نێوان گڕووپەكان و تەنانەت جوگرافیا و گۆڕانی كەش و هەواش. بەڵام گرفتی گەورەی بەردەم سەرژمێری فرە رەنگی كۆمەڵگەی عێڕاقییە؛ زیاتر لە نەتەوە، ئاین و ئاینزایەك لەخۆدەگرێت! ئەم فرە رەنگییە بۆ سەرژمێری لە عێڕاق لەبری دەرفەت هەمیشە هەڕەشەیەكی ئامادە و راوەستاو و كاریگەرە، بەتایبەت لەبەردەم كورددا. لە بە شێكی لێكۆلینەوەكەدا هاتووە كە ئەگەرچی لەو راپرسییەدا، پرسیار لەباری <نەتەوە، ئاین و ئاینزا> ناكرێت. لەكاتی كۆكردنەوەی داتاكان بەتەنها یەك پێكهاتە وەك كۆكەرەوەی داتا Data Collector رۆڵ نابینێت و نابێت بە ئەكتەری سەرەكی نێو گۆڕەپانەكە، بەڵام لەڕووی كردارییەوە هێشتا هیچ دڵنیاییەك نییە كە ناسنامە، دۆخی راستەقینە و رووداوەكان وەك خۆیان بكرین بەزمانی داتا و دووبارە سیاسەت و حكوومڕانی و دروستكردنی بڕیاری لەسەر دابڕێژرێتەوە! بەتایبەت لە ناوچە دابڕێندراوەكان كە بەسیاسەت و تەكنیكی جیاواز، لەقۆناغی جیاوازدا دەستكاری دیمۆگڕافیای سەرجەم ناوچەكان كراوە لە شەنگالەوە بۆ خانەقین.
توێژەر دەشڵێ : ئاماژە بینراوەكان نمایشی ئەوە دەكەن كە پارێزگایەكی وەك كەركووك زۆر بەچڕی ژمارەی دانیشتووانی لە دەستكاریكردنێكی بەردەوامدایە. عەرەبی هاوردە بەتایبەت لە باشوور و ناوەڕاستی پارێزگاكە لە زیادبوونە و بەردەوام بە قەبارەیەكی گەورەی ئەندامانی خێزانەوە وەك خاوەنی جوگرافیاكە نمایندەی خۆی دەكات. دیارە دڵنیایی دراوە كە ئەم سەرژمێرییە نابێتە جێگرەوە بۆ ئەو سەرژمێرییەی كە لە ماددەی ١٤٠ی دەستووری هەمیشەیی عێڕاقدا ناسێنراوە، بەڵام قوڵایی پرسیارەكە ئەوەیە بۆ حكومەتی عێڕاق دەتوانێت <سەرژمێری بۆ گەشەپێدان> ئەنجامبدات بەڵام ناتوانێت قۆناغی یەكەمی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێڕاقی جێبەجێ بكات كە لە ٢٠٠٨ دا دوا وادەبوو بۆ جێبەجێكردن! لێرەوە كردەی سەرژمێری دەبێت بە هەڕەشەیەكی گەورە لەبەردەم ئاسایشی ناسنامە و مانەوە
Identity Security بۆ كورد وەك ئەكتەرێكی سەرەكی لە پڕۆسەی سیاسەت و حكومڕانی لە عێڕاقی فیدڕاڵدا.
هەر لە توێژینەوەكەدا هاتووە كە ئەوەی هەڕەشەكان دەگۆڕێت بۆ دەرفەت، مانەوە و هاوسەنگی بۆ . كورد، گەڕانەوەیە بۆ تۆماری سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ بۆ تێگەیشتن لە باری نەتەوەیی ناوچە دابڕێندراوەكان كە تاوەكوو ئێستا بە پاكترین و روونترین سەرژمێری دادەنرێت. بۆ نموونە: ئەوەی ئێستا لە ناوچە دابڕێندراوەكانە و هاوردەكراوە، ئەگەر ناوی لە تۆماری ساڵی ١٩٥٧ نەبوو، نابێت وەك دانیشتووی رەسەنی ناوچەكە تۆماربكرێت. وەك چۆن نابێت عەرەبەكانی هەرێمی كوردستان و هەولێر بە دانیشتووی رەسەنی ناوچەكە تۆماربكرێن، دەبێت لەسەر پارێزگاكانی خۆیان هەژماربكرێن.
ئەم سەرژمێرییە لەرووكەشدا بۆ گەشەپێدانە، بەڵام لە ناوەڕۆكدا بۆ دووبارە دابەشكردنەوەی هێز، پێگە و بڕیار و بەهاكانە، بەتایبەت لە دەوڵەتی فیدڕاڵ و فرە نەتەوەدا كە لەسەر بنەمای ناسنامە Identity مامەڵە لەگەڵدا دەكرێت و لەناو سیستم و بڕیارسازیدا شوێنت بۆ دەكرێتەوە. سەرژمێری لە وڵاتێكی دوای جەنگی وەك عێڕاق لەبری بنیاتنانی ئاشتی، ململانێی تازە دێنێتەكایەوە بەتایبەت بۆ كورد و جوگرافیای كوردستانی. فۆكۆ گۆتەنی<دەسەڵات مەعریفە بەرهەمدەهێنێت> ئەمجارە دەسەڵاتی عێڕاقی لەڕێگەی داتاوە هەوڵی باڵایی و دەسەڵات و هەژموون دەدات!