گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر: زۆربەی پارێزگاکانی عێراق لە ڕووی بازرگانییەوە پشت بە ھەرێمی کوردستان دەبەستن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی ھەولێر، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: زۆربەی پارێزگاکانی عێراق لە ڕووی بازرگانییەوە پشت بە ھەرێمی کوردستان دەبەستن، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ھەرێمی کوردستان ناوەندێکی گرنگی دابینکردنی خۆراکە بۆ عێراق. دەشڵێ: لە ھەرێمی کوردستان ٤٥٠٠ کارگە و ٣٠٠ کۆمپانیا ھەن، لەگەڵ ٤٥ وڵات جموجۆڵی بازرگانی ھەیە.

کەرتی بازرگانی و پیشەسازی لە ھەولێر بە یەکێک لە کەرتە گرنگەکانی ئابووری پارێزگاکە و ھەرێمی کوردستان دادەنرێت، ئەم دوو بوارە لە پارێزگاکە و لە ماوەی ڕابردوودا گەشەی فراوانی بە خۆیەوە بینیوە.
* لە بازگەکانی حکوومەتی عێراق ڕێگری لە کاڵا و بەرھەمی کارگەکانی ھەرێمی کوردستان دەکرێت؟
– ئەو دیاردەیە ڕۆژانە دووبارە دەبێتەوە، بۆ ئەو مەبەستە بەیاننامەمان دەرکردووە، لەسەر ئەو ڕێگریانە نووسراومان داوەتە سەرۆکوەزیرانی عێراق ھەر ڕۆژە و بیانۆیەک دەبینەوە و بازرگانەکانی ئێمەیان توشی کێشە کردووە، داوا دەکەن ھەموو کارگە و کۆمپانیاکانی ئێمە مۆڵەتیان لە بەغدا ھەبێت، لە کاتێکدا لە ھەرێمی کوردستان مۆڵەتیان ھەیە و ھەموو موئەسساتی ھەرێمی کوردستان بە پێی یاسا و دەستوور دامەزراون، ئەو کێشانە زیاتر سیاسیین، تاوەکو تەنزیم و ڕێکخستن بێت.
* پێویستە چ بکرێت؟
– وەکو ژووری بازرگانی و پیشەسازی ھەولێر ھەوڵی خۆمان دەدەین و بە ھەموو شێوەیەک دەمانەوێت چارەسەری ئەو بابەتە بکەین، لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بەردەوام لەسەر خەتین، ھیوادارین حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی عێراق ڕێگە چارەیەک بدۆزنەوە، بۆ ئەوەی چی دیکە ڕێگری لە جووتیار و بازرگانەکانی ھەرێمی کوردستان نەکرێت و بتوانن بەرھەم و کاڵاکانیان بۆ ھەموو شارەکانی عێراق بگوازنەوە.
* ئێستا لە ھەرێمی کوردستان جووڵەی بازرگانی و دۆخی ئابووری چۆنە؟
– بەشێوەیەکی گشتی جووڵەی بازرگانی و دۆخی ئابووری زۆر باشە، بەڵام ئەو جۆرە ڕێگریانە وای کردووە کە سستییەکی پێوە دیار بێت.
* ئێستا ھاتنی خۆراک و کاڵا بۆ ھەرێم چۆنە؟
– ڕۆژانە خۆراک و کاڵایەکی زۆر دێتە ھەرێمی کوردستان، ھیچ کێشەمان لە ھاتنی کەلوپەل نییە، بەڵام ئەو کەلوپەلانەی کە دێنە ھەرێمی کوردستان بەشێکی زۆری ڕەوانەی شارەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەکرێن، ئەو ڕێگریەیی عێراق لە بازگەکان دەیکات بەربەست دروست دەکات.
* ئەو کاڵانەی ھەناردەی ھەرێم دەکرێن زیاتر لە چ وڵاتێکەوە دێن؟
– ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ٤٥ وڵات بازرگانی دەکات، بەڵام تورکیا بە دەرەجە یەک، دواتر چین و ئێران دێن.
* تا چەند ھەرێمی کوردستان بووەتە ناوەندێکی گرنگی دابینکردنی خۆراک بۆ عێراق؟
– بێگومان بەتایبەتی ھەولێر بووەتە ناوەندێکی گرنگی بازرگانی و نکۆڵی لەوە ناکرێت، بەڵام ھەندێک کەس و لایەن پلانیان ھەیە ئەو گرنگییەی ھەولێر و ھەرێمی کوردستان لەڕووی بازرگانییەوە کەم بکەنەوە، ئەگەرنا زۆربەی پارێزگاکانی عێراق پشت بە ھەرێمی کوردستان دەبەستن، ئەو کاڵانەی دێنە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٧٠% بۆ شارەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەچێت.
* ئەم ھەڵبەز و دابەزینەی بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلار ھیچ کاریگەریەکی لەسەر ڕەوتی بازرگانی دروست کردووە؟
– ماوەیەکە نرخی دۆلار جێگیرە، ھەڵبەزین و دابەزینی بەو شێوەیە نییە، بێگومان ئەگەر نرخی دۆلار بەزر و نزم بێتەوە کاریگەری دەبێت، بەڵام لە ئێستادا زیاتر مامەڵەکانی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی بانکەکانە ئەوەش وای کردووە زیاتر نرخی دۆلار جێگیر بێت، ئەگەر نرخی دۆلار بەرزبوویەوە بێگومان نرخی کاڵاش بە دینار بەزر دەبێتەوە، بە پێچەوانەشەوە ئەگەر نرخی دۆلار نزم بوویەوە، نرخی کاڵا بە دینار نزم دەبێتەوە.
* لە ھەرێمی کوردستان چەند کارگە و کۆمپانیا ھەن؟
– لە ھەرێمی کوردستان چوار ھەزار و پێنج سەد کارگە ھەن، لەگەڵ زیاتر لە سی ھەزار کۆمپانیا تۆمار کراون، ھۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی کۆمپانیا و کارگەکان بۆ ئەو ئەمن و ئارامییەی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە دەگەڕێتەوە، ھەرێمی کوردستان وەکو ناوەندێکی گرنگی بازرگانی، سەرمایەدار نیگەران نییە، ھەموو شێوازێکی بازرگانی بۆ فەراھەم کراوە ئەمانە ھەموو ھۆکارن بۆ ئەوەی پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بواری سەرنجڕاکێشانی وەبەرھێنەر و بازرگانان بۆ ھەرێمی کوردستان کاریگەری دروست کردووە لەسەر ئەو بابەتە.