لە کەرکووک هیچ یاسایەک لەبەرژەوەندی جووتیارانی کورد جێبەجێ ناکرێت

جووتیارانی کورد لە سنووری پارێزگای کەرکووک بەردەوامن لە گەیاندنی داواکارییەکان بۆ گەڕاندنەوەی مافەکانیان، بەڵام تا ئێستا هەوڵێکی کۆنکرێتی نییە بۆ چارە کردنی گرفتەکانیان.

کێشەی جووتیارانی کورد گەیەندراوەتە پەرلەمانی عێراقیش، بڕیاربوو پەرلەمان بە کۆی دەنگ بە هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس مافی جووتیارانی کورد بگەڕێنێتەوە، بەڵام هەوڵێکی سیاسی پێچەوانەی ئەو ویستەی جووتیارانی کورد لە نێو پەرلەمان هەیە و کۆسپی خستووەتە بەردەم پەسەند کردی ئەو بڕیارە.
پارێزگاری کەرکووکیش، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جووتیارانی سنوری سەرگەڕانی کەرکووک، باسی لەوەکرد، لەسەر ئەو میکانیزمە ڕێکدەکەوین کە یاسا جێ بەجێ بکەین، هەروەها کۆبوونەوەیەکی دیکەمان دەبێت کە تەواوکەری کۆبوونەوەی ئەمڕۆیە، ئیدارەی نوێی کەرکووک ڕژدە لەسەر چارەکردنی ئەو کێشەیە، دەشڵێت: ناکرێت تەڕ و وشک لەو ناوچەیە بەیەکەوە بسووتێنرێت، بۆ نموونە ئەوانەی تاپۆیان هەیە و کێشەیان نییە، ناکرێت لەگەڵ یەکێکی دیکە کە کێشەی لەو سنوورە دروست کردووە، بەیەکەوە زیانمەندبن”.
دەشڵێت : دەرکەوتووە کە یاسا لەگەڵ جووتیارەکانە بەڵام ماوەتەوە جێبەجێکردنکەی، بۆیە ڕەنگە کۆبوونەوەی داهاتوومان سبەینێ یان دووسبەینێ بکەین کە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان، فەرماندەی فیرقەی 8، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک و بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سەرگەڕان و نوێنەری هەردوولا، بەشدار دەبن، لەکۆتاییشدا من سەرۆکی لێژنەی کشتوکاڵی کەرکووکم کە بڕیارەکە لەلای من دەبێت”.