هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 15, 2024

بەهۆی شەڕی دوو بنەماڵە لە گوندێکی سنووری ناحیەی سەنگەسەر کەسێک گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 11/11/2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین بڵاوی کردەوە: “لە گوندی دووگۆمان سەر بە ناحیەی سەنگەسەر – قەزای پشدەر (قەڵادزێ) بەهۆی کێشەیەکی کۆن گرژی لە نێوان دوو بنەماڵە ڕوویدا کە ئامۆزای یەکترن، دواتر کەسێک لە ناو شەڕەکە بە ئۆتۆمبێل سێ کەسی لەلایەنی بەرامبەری شێلاوە و بەو هۆیەشەوە کەسێک بەناوی (ع، ٲ، ح)ڕەگەزی نێر، لەدایکبووی ساڵی 1989 پیشەی کاسب، دانیشتووی گوندی دووگۆمان گیانیلەدەستداوە و دووانی دیکەش بریندارن کە هەرسێکیان بران.”

ئاماژە بەوەش کراوە: “دوای ڕووداوەکە هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست و بریندارەکانیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتیی ڕانیە و بەهۆی سەختی برینەکەشیەوە یەکێک لە بریندارەکان بەڕێکراوە بۆ سلێمانی.”

روونیش کراوەتەوە: “بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبارانی ڕوداوەکە دەرچووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەش بۆ ڕووداوەکە ڕێکخراوە.”