یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

وەزیری ناوخۆ لەگەڵ شاندێكی باڵای ئەمنیی عێراق گەیشتە تاران

وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان هاوشانی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و شاندێكی باڵای ئەمنیی عێراق گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران.

نووسینگەی راگەیاندنی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی بڵاوی كردەوە: ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان و شاندێكی باڵای ئەمنی گەیشتنە تارانی پایتەختی ئێران.

بڵاویشی كردەوە: سەردانەكە لەسەر فەرمانی محەمەد شیاع سوودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و سەرۆك وەزیرانی عێراق بووە.

هەرچەندە هۆكاری ئەنجامدانی سەردانەكە و ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكان لەگەڵ بەپرسانی ئێران ئاشكرا نەكراوە، بەڵام پێدەچێت پەیوەندی بە مەترسی ئەنجامدانی هێرشی ئێرانەوە هەبێت بۆ سەر ئیسڕائیل و بەكارهێنانی ئاسمانی عێراق بۆ ئەنجامدانی ئەم هێرشە.

بەهەمانشێوە دوێنێ شەممە قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ مەجید قالیپوور فەرماندەی سەربازی ئێران لە بەغدا، جەختی لەسەر هەڵوێستی وڵاتەكەی كردبووەوە كە دژی بەكارهێنانی ئاسمانی عێراقە بۆ ئەنجامدانی هەر هێرشێكی وڵاتان.