وەزارەتی تەندروستی بەدواداچوون بۆ نەخۆشییەكانی سكچوون و ڕشانەوە دەكات

ئەمڕۆ یەكشەممە 10ی 11ی 2024، وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، كە د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی بەیاوەری د. مەعاف عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان و د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی و ڕزگار غفور، قایمقامی قەزای شارەزوور، بۆ بەدواداچوونی نەخۆشییەکانی سکچوون و ڕشانەوە سەردانی مەیدانی نەخۆشخانەی (شەهید ڕەئووف بەگ)ی لە هەڵەبجەی تازە لە سەنتەری قەزای شارەزوور كرد.

ئامانج لەو سەردانەی وەزیری تەندروستی بۆ شارەزوو ئەوە بووە، كە لە نزیکەوە نەخۆشانی تەشەنەکردنی پەتای سکچوون و ڕشانەوە بەسەر بكاتەوە.

هەر لەو سەردانەیدا، وەزیری تەندروستی كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانی ئەنجامداوە و تێیدا “ڕێوشوێن و ڕێکارەکانی خۆپارێزی و دەستنیشانکردن و چارەسەری و دۆزینەوەی سەرچاوەی پەتاکەیان تاوتوێ کرد، کە بەهۆی تێکەڵبوونی تۆڕەکانی ئاوی پیس و ئاوی خواردنەوە سەریهەڵداوە.”