یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان: داوای دواخستنی سەرژمێری دەکەین

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان داوای دواخستنی سەرژمێریی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان دەکات تا ئەو کاتەی ماددەی 140 جێ بەجێ دەکرێت. 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 10-11-2024، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لەبارەی بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ساز کرد.

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان دووپاتی کردەوە “ئێمە لە دژی سەرژمێریی نین و بە پێویستی دەزانین؛ پێمانوایە بەشێک لە ئاوات و ئامانجەکان دێنێتە دی بە تایبەت لە هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستان، بەڵام لەبەر ئەوەی تاوەکوو ئێستە کێشەی ناوچە کوردستانییەکان چارە نەکراون، لانیکەم پێمان باشە ئەو سەرژمێرییە دوابخرێت تا ئەو کاتەی ماددەی 140 جێ بەجێ دەکرێت یان بارودۆخێکی سیاسیی باشتر بۆ ئەو ناوچانە دەستەبەر دەکرێت”.

فەهمی بورهان جەختی لەوە کردەوە “قبووڵی ناکەین سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بە ماددەی 140ـی دەستووری عێراقەوە ببەسترێتەوە و ئێمە لەوە دەترسین ئەم پرۆسەیە (سەرژمێریی) بۆ مەرامی سیاسی بەکاربهێنرێت و حکوومەتی هەرێمی کوردستانمان لەمە ئاگادار کردووەتەوە.”

بە گوتەی سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان “زیاتر لە 200 هەزار خێزانی کوردی دانیشتووی کەرکووک لە دەرئەنجامی پرۆسەی تەعریب، کەرکووکیان بەجێ هێشتووە. لە دوای ساڵی 2017ـشەوە کاروانی دیکەی کوردانی ئێزدی کە ژمارەیان زیاترە لە 62 هەزار خێزان، شنگالیان بەجێ هێشتووە.”

وەکوو ئەوەی ناوبراو باسی کرد، ئەگەر سەرژمێریی ساڵی 1957 نەکرێتە بنەمای ئەنجامدانی سەرژمێریی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە “سەرژمێرییەکە شەرعییەتی نابێت و نابێت کوردیش بەشداریی تێیدا بکات؛ برایانی تورکمانیش لە ئێمە نیگەرانترن لەبارەی ئەم بابەتەوە”.