یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

ئەنجامی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان دوای 6 هەفتە لە ئەنجامدانی ئاشکرا دەکرێت

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایدەگەیێنێت ئەنجامە سەرەتاییەکانی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان دوای 6 هەفتە لە ئەنجامدانی ئاشکرا دەکرێت و ڕەتیشی دەکاتەوە ئامانجی ئەو سەرژمێرییە سیاسی بێت.

بڕیارە ڕۆژی 20-11-2024، پرۆسەی سەرژمێری گشتیی لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بەڕێوەبچێت.

هانا ئەسەدی، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: سەرژمێری دانیشتووان لەڕێگەی دەرئەنجامەکانییەوە، بنکەیەکی زانیارییە بۆ پەرەپێدانی پلان و دیدگای دروست.

بە گوتەی ئەسەدی، بابەتی پێدانی زانیاری دروست بە تیمە گەڕۆکەکان پێداویستییەکانی هەر ناوچەیەک و چینە ئابوورییەکانی کۆمەڵگە دەناسرێن، بەو مانایەی ئەو هاووڵاتییانەی لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، لەگەڵ دانیشتووانی گەڕەکە هەژار نشینەکان پلانی دروستیان بۆ دابڕێژرێت بۆ ئەوەی پڕۆژەیان بۆ بکرێت.

 هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا عەلی عەدنان، بەڕێوبەری گشتیی سەرژمێری ڕایگەیاند: قۆناغی یەکەمی سەرژمێری تەواو بووە و گرنگترینیان قۆناغی گەماڕۆسازی و ژمارەدانانە، ئەنجامە سەرەتاییەکانی سەرژمێرییەکەش دوای 6 هەفتە لە ئەنجامدانی سەرژمێری بە فەرمی ڕادەگەیەنرێت.

 فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: “لەبەر ئەوەی تاوەکو ئێستا کێشەی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان چارەسەر نەکراون، لانیکەم پێمان باشە ئەو سەرژمێرییە لەو ناوچانە دوابخرێت تا ئەو کاتەی ماددەی 140 جێ بەجێ دەکرێت”.