کوومەتی عێراق دەیەوێت خەڵکی شنگال لە قەرەبووکردنەوە بێ بەش بکات

پڕۆسەی قەرەبووکردنەوەی خەڵکی سنووری پارێزگای مووسڵ دەستی پێ کردووە، بەڵام ئەوەی بووەتە جێگەی نیگەرانی خەڵکی شنگال و دەوروبەری ئەوەیە تا ئێستا خەڵکی ئەو سنوورە وەکو پێویست قەرەبوو نەکراوەتەوە، ھاووڵاتییانی ئەو سنوورە داوا دەکەن غەدریان لێ نەکرێت و ھەرچی زووە وەکو خەڵکی دیکە لە سنووری مووسڵ قەرەبوو بکرێنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. مەحما خەلیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: حکوومەتی عێراق نایەوێت خەڵکی شنگال بگەڕێتەوە، ھەر لەبەر ئەوەشە تا ئێستا خەڵکەکەی قەرەبوو نەکردووتەوە.

چەکدارانی داعش لە ٣/٨/٢٠١٤ ھێرشیان کردە سەر شارۆچکەی شنگال و داگیریان کرد، جگە لە کۆمەڵکوژی دانیشتووانی شارۆچکەکە شەش ھەزار و ٤١٧ ھاووڵاتی سڤیل کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ڕفێنران، دوای زیاتر لە ساڵێک لە داگیرکردنی شنگال ھێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆک بارزانی سەرپەرشتی دەکرا بە بەشداری زیاتر لە حەوت ھەزار پێشمەرگە شنگالی لە دەست داعش ڕزگار کرد.
بە ھەزاران خەڵکی شنگال و دەوروبەری کەیسی قەرەبووکردنەوەیان تەواو کردووە، بەڵام تا ئێستا ڕێژەیەکی زۆر کەم لەو خەڵکە قەرەبوو کراونەتەوە، ئەوانی دیکە ھەموو لە چاوەڕوانی دان بۆ ئەوەی ھەرچی زووە وەکو ئەو خەڵکەی قەرەبوو کراونەتەوە، قەرەبوو بکرێنەوە و بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن. وەکو ھاووڵاتییانی شنگال بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن، لە کاتی ھاتنی داعش زەرەرمەندی یەکەم ئێمە بووین، نەک تا ئێستا قەرەبوو نەکراوینەتەوە، بەڵکو زۆربەمان ئاوارەینە و لەبەر گرووپە لە یاسا دەرچووەکان ناتوانین بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان.
ئیدریس زۆزانی، کارگێڕی لقی ١٧ی پارتی لە شنگال، ڕاگەیاند، پارتی بە وردی چاودێری ئەو بابەتە دەکات، ڕێگە نادەین مافی خەڵکی شنگال بفەوتێت، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ھەندێک کەس و لایەن ڕێگرن لەوەی خەڵک قەرەبوو بکرێتەوە و بگەڕێنەوە ناوچەکانیان و دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، مەحما خەلیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: پێشتر کە قایمقامی شنگال بووم داوام لە خەڵک کرد ناوی خۆیان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی قەرەبوو بکرێنەوە، دوای ئەوەی بوومە پەرلەمانتار بەردەوام داوام دەکرد خەڵکی شنگال قەرەبوو بکرێتەوە، لە بەرنامەی حکوومەتی عێراقیشدا ھاتووە، خەڵکی شنگال قەرەبوو بکرێتەوە، بەڵام حکوومەتی عێراق تا ئێستا خەڵکەکەی قەرەبوو نەکردووتەوە، ئەوەش ھەموو لەبەر ئەوەیە خەڵک نەگەڕێتەوە و ھەر لە ئاوارەیی و لەژێر خێمەدا بژین.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: پێش دوو مانگ نووسراوێکم کرد بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ ئەوەی سەردانی شنگال و ناوچەکانی دیکە بکات، داوام کرد خەڵکی سنوورەکە قەرەبوو بکرێتەوە، شنگال ئاوەدان بکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا ھیچ نەکراوە، ئەوەش خەڵکی ئێمەی بە تەواوەتی بێ ھیوا کردووە.
مەحما خەلیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئاشکراشی کرد: باشترین چارەسەر بۆ ئاوەدانبوونەوەی شنگال، جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی شنگالە کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ئیمزا کراوە، ھەروەھا قەرەبووکردنەوەی خەڵکەکەیە، لەگەڵ دوورخستنەوەی گرووپە چەکدارەکان، بۆ ئەوەی خەڵکی ئێمە کە لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان دەژین، لە ژیانی ژێر خێمە ڕزگار بن و بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.