زه‌وی به‌سه‌ر 30 هه‌زار فه‌رمانبه‌ری دیكه‌ دابه‌ش ده‌كرێت

دواى ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاریدا كه‌ زه‌وی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستاندا دابه‌شبكرێت تا ئێستا زیاتر له‌ 12 هه‌زار پارچه‌ زه‌وی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران دابه‌شكراون و له‌ ماوه‌ی ده‌ رۆژی داهاتوو قۆناغی دووه‌می دابه‌شكردنی زه‌وی ده‌ست پێده‌كات و لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک تیروپشک بۆ 30 هەزار پارچە زەوی دیکە دەکرێت.

له‌باره‌ی دابه‌شكردنی زه‌وی سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگه‌یاند، پرۆسەی دابەشکردنی زەوییان خێرا کردووە، بەشێوەیەک ڕۆژانە كار بۆ رێكخستنی فایلەکان ده‌كرێت و ئێستا وردبینی و پێداچوونەوە بە فۆرمی فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی شارەوانی، دارایی،  ناوخۆ، پەروەردە، خوێندنی باڵا و چەند وەزارەتێکی دیکە دەکرێت.

به‌ پێی زانیارییه‌كانی سەرچاوەیەک، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان فراوان دەکرێت و ژمارەی ئەوانەی زەوییان پێدەدرێت لە 200 هەزارەوە بۆ 350 هەزار کەس زیاد دەکرێت، بڕیاره‌ هیچ فەرمانبەرێکی شایستە بێبەش نه‌كرێت.