هۆكاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی سكچوون و ڕشانەوە لە شارەزوور ئاشكرا كرا

لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی هەزار و 500 كەس لە دانیشتووانی قەزای شارەزوور كە زۆرینەیان منداڵن، تووشی سكچوون و ڕشانەوە بوونە و گەیێنراونەتە نەخۆشخانەی شەهید ڕەئوف بەگ لە شارەزوور .

 

لەوبارەیەوە، ڕزگار غەفوور، قایمقامی قەزای شارەزوور لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی خۆپاراستنی سلێمانی سەردانی شارەزووریان كرد و بەدواداچوونیان بۆ هۆكاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە كرد، لە ئەنجامدا %80 یەكلابووینەتەوە لەوەی كە هۆكارەكە پیسبوونی ئاوی خواردنەوەیە.

 

قایمقامی قەزای شارەزوور هۆكاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی سكچوون و ڕشانەوە لەنێو دانیشتووانی قەزاكە ئاشكرا دەكات، گوتی:  بەهۆی لافاو و بارانبارینی چەند ڕۆژی ڕابردوو، سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی قەزاكە پیس بووە، ئەمەش بووەتە هۆی تۆماركردنی سەدان حاڵەتی تووشبوون بە سكچوون و ڕشانەوە، ڕێنمایی دانیشتووانی شارەزووریشی كرد تاوەكو چارەسەركردنی گرفتەكە، ئاوی خواردنەوەی ماڵەكانیان بكوڵێنن ئینجا بۆ خواردن و خواردنەوە بەكاریبهێنن.