پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 21, 2024

هەولێر … لە ژێرچاودێرى پارێزگارى هەولێر، پیشانگایەک بۆ بەرهەمی هەنگاوانان کرایەوە

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024.11.7، لەژێر چاودێری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونى هێمن موراد، بەریوەبەرى گشتیى کشتوکاڵى هەولێر و ژمارەیەکى تر لە بەرپرسان و جوتیاران، بەرێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەولێر بە ئامانجی پشتگیرکردنی بەرهەمی ناوخۆی و ڕەخساندنی دەرفەتی بە بازاڕکردنی هەنگوینی هەنگاوانان و بەرهەمی کشتوکاڵی لە بەردەم پارکى شانەدەر و لە ژێرناونیشانى ( هەنگوینى کوردستان ) پیشانگایەکى تایبەتى بۆ بەرهەمی نزیکەى 100 هەنگاوانى شارەکانى هەرێمى کوردستان کردەوە.

دواى کردنەوەى پیشانگاکە و بەسەر کردنەوەى بەشەکانى کە دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى دەستخۆشى لە بەرێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەولێر و سەرپەرشتیارانى پیشانگاکە، هیواى سەرکەوتن و بەردەوامى بۆ بەشداربووانى پیشانگاکە خواست.

ئاماژەى بەوەشدا، کردنەوەى ئەو جۆرە پیشانگایانە هەنگاوێکى ترى گرنگی و بایەخی زۆرى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستانە بە سەرۆکایەتى ڕێزدار مەسرور بارزانى، بە بووژاندنەوە و بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و بەرووبوومی ناوخۆیی و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و پشتگیریکردنی بەرووبوومی ناوخۆیی و بەرهەمی جووتیاران، وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێز.