ئەمڕۆ تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بانکی (TBI) کۆ دەبنەوە

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ پێنجشەممە تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بانکی (TBI) کۆ دەبنەوە.”

پێنجشەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2024، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان،  ڕاگەیاند: “بە مەبەستی بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی ڕێکارەکان لە چوارچێوەی پرۆژەی هەژماری من، ئەمڕۆ هەردوو تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بانکی عێراق بۆ بازرگانی (TBI) کۆ دەبنەوە.”

هەورامانی باسی لەوە کرد “ئەو بانکانەی پرۆژەی هەژماری من،  لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە دانانیان پێدا نراوە، یاسایین و هیچ کێشەیان نییە.”

دووشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2024،  عەقیل شوێلی، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی بانکی TBI ڕاگەیاند “بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ تەوتینکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و لە سەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بانکەکەمان گرێبەستی لەگەڵ پرۆژەی ‘هەژماری من’ ئیمزا کرد.”

ئەو بەرپرسەی بانکی ‘تی بی ئای’ باسی لەوەش کرد “تەنها یەک لقی بانکیمان لە هەرێمی کوردستان هەیە و لە نزیکترین کاتدا دوو لقی دیکەش لە شارەکانی دهۆک و سلێمانی دەکەینەوە.”

شوێلی، ڕوونیشی کردەوە “لە چوارچێوەی گرێبەستەکە، بڕیارە پڕۆژەی “هەژماری من” دانانی ATM بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران لە ئەستۆ بگرێت، 34 هەزار فەرمانبەر ناوی خۆی  تۆمار کردووە و ئێستا نزیکەی 10 هەزار بەشداربوو ماستەرکارتەکانیان وەرگرتووەتەوە، هەر ئەمڕۆ 3900 کارتی دیکەیان ڕەوانەی لقی هەولێر کردووە.”