پێشەوا هەورامانی: چاوەڕوانین لەم ڕۆژانە مووچەی مانگی 10 بنێردرێت

 

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات “هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک ڕێگر نەبووە لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت. هاوکات جەختی لەوە کردەوە، تیمی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی مووچەی مانگی 10 لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بنێردرێت.”

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “کابینەی نۆیەم لە کارەکانی خۆی بەردەوام دەبێت، تا ئەو کاتەی کابینەی دەیەم پێک دەهێنرێت. هەروەها خوازیارین بە زووترین کات لایەنەکان لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت ڕێک بکەون. هیواداریشم بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان هەموو لایەک پێکەوە کۆ بکاتەوە.”

ناوبراو باسی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: “لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا سێ تەوەر تاوتوێ کران، ئەوانیش پرسی سەرژمێریی، مووچە و نەوت بوون.”

هەورامانی ڕایگەیاند “هەرێمی کوردستان، چەندین سەرنج و تێبینی لە سەر پرۆسەی سەرژمێری هەبوو تاوەکوو پرۆسەکە جێی ڕەزامەندی هەموو پێکهاتەکان بێت و بەلاڕێدا نەبرێت بۆ مەبەستی دیکەی جگە لە مەبەستی گەشەپێدان.”

گوتیشی: “ئەنجوومەی وەزیرانی هەرێم جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت ئەم سەرژمێرییە، بە هیچ شێوەیەک، بۆ مەبەستی سیاسی بەکار نەهێنرێت و هیچ کاریگەرییەکی نەرێنیشی لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور و یەکلاکردنەوەی پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ( ناوچە کێشە لەسەرەکان) نەبێت.”

لەبارەی پرسی مووچە، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: “لەسەر ئەم پرسە تیمێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ماوەی سێ ڕۆژە لە بەغدان، بۆ مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر ئەو تێبینیانەی کە وەزارەتی دارایی فیدراڵ هەیەتی، هەروەها جێگەی دڵخۆشییە کە ئێمە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لە پەیوەندییەکی باش داین.”

هاوکات ئەوەشی ئاشکرا کرد “تیمی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی مووچەی مانگی 10 لەو چەند ڕۆژەی داهاتوودا بنێردرێت.”

باسی لەوەش کرد “وەک هەمووان دەزانن دادگای فیدراڵی بڕیاری داوە پرسی مووچە بە هیچ شێوەیەک تێکەڵی پرسەکانی دیکە نەکرێت، دەبێت مووچەی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق لە کاتی خۆیدان مووچەکانیان وەربگرن.”

پێشەوا هەورامانی، باسی لە پرسی نەوت کرد و ئاماژەی بەوە کرد “سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندی بەردەوامدا بووە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، لێکتێگەیشتنی نێوانیان دەرئەنجامی باشی هەبووە، هیچ کاتێک ڕێگر نەبووینە لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.”

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ئەوەی لەلای حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگە کۆمپانیاکانی نەوتن، چونکە کۆمپانیاکان بەشێکن لەم پرۆسەیە و گرێبەستیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێم هەیە، ڕەزامەندیی ئەوانیش پێویستە لەم بابەتە چونکە گرێبەستێکی یاسایی لەنێوان هەردوولایان هەیە.

هەورامانی ڕوونی کردەوە، دیاریکردنی 16 دۆلار لەلایان حکوومەتی عێراقەوە بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، بە پرسێکی ئەرێنی سەیری دەکەین بۆ دەستپێکردنەوەی ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێم

نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆرن لە پرۆسەی “هەژماری من”ـدا تۆمار کراون

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: تا ئێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە پرۆسەی هەژماری مندا تۆمار کراون، هەروەها بۆ ئەم مانگەش 200 هەزار مووچەخۆر لە رێگەی پرۆژەکەوە مووچە وەردەگرن، پلانی حکوومەت ئەوەیە تە کۆتایی ساڵ سەرجەم مووچەخۆران لە هەژماری مندا تۆمار بکرێن.

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، سێ بانکی دیکە داوایان کردووە بەشدار بن لە پرۆژەی هەژماری من، حکوومەت هەرێمی کوردستان سەیری دۆسیەکانی ئەو بانکانە دەکات ئەگەر لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بڕواپێکراو نەبن و لە لیستی ڕەشدا بن ناتوانن بەشداری لە هەژماری مندا بکەن.

جەختی لەوە کردەوە، پەیوەندییەکی زۆر باش هەیە لەنێوان بانکی ناوەندیی عێراق و تیمی هەژماری من، پێکەوە کۆبوونەوەیان هەیە سێ مانگ جارێک، لەم ڕۆژانەش شاندی تیمی هەژماری من سەردانی بەغدا دەکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بانکی ناوەندیی فیدراڵ.