مەسرور بارزانی: خوازیاری حکوومەتێکی گشتگیر و بەهێز و یەکگرتووین

ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی تشرینی دووەمی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، جەختیان لە گرنگیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، لە زووترین کاتدا کردەوە.

هەر لەو دیدارەدا، تاوتوێی هەوڵ و ئامادەکارییەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بارودۆخی گشتیی عێراق و دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کرد.

باڵیۆزی بەریتانیا، “ستایشی پرۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی کرد، کە لە دۆخێکی ئارام و ڕێکوپێک بەڕێوە چوو، هەروەها پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەکەشی لە سەرۆکی حکوومەت کرد.”

هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت لە زووترین کاتدا کرد.

سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە و گوتی: “ڤیتۆمان لەسەر بەشداریکردنی هیچ لایەنێک نییە و خوازیاری حکوومەتێکی گشتگیر و بەهێز و یەکگرتووین، لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و دەنگی لایەنە سیاسییەکان.”

هەر لەو دیدارەدا، دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.