ماریا زاخارۆڤا: پێویستە ترەمپ بە کردار بیسەلمێنێت کە کۆتایی بە شەڕ دەهێنیت

ماریا زاخارۆڤا، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ڕووسیا ڕایگه‌یاند، پێویسته‌ تره‌مپ به‌ کردار  بسه‌لمێنێت کۆتایی بەشەڕ دەهێنێت.

دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكى هه‌ڵبژێردراوى نوێی ئه‌مەریكا، له‌ یه‌كه‌م وتاریدا دواى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مەریكا، ڕایگەیاند، “هه‌موو ئه‌و به‌ڵێنانه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ین كه‌ به‌ ده‌نگده‌ر و ئه‌مەریكییه‌كانمان دابوو، ده‌ستكه‌وتى سیاسی و ئابوورى به‌ده‌ست ده‌هێنین، ئه‌مه‌ سه‌ركه‌وتنێكی سیاسییه‌ كه‌ ئه‌مەریكا هیچ سه‌ركه‌وتنێكی له‌م شێوه‌یه‌ نه‌بینیوه‌، شه‌ڕ بۆ داهاتووی منداڵی هه‌موو ئه‌مەریكییه‌ك ده‌كه‌م، ئه‌وه‌ی له‌ توانامدا بێت ده‌یكه‌م بۆ هەموو هاووڵاتییانی ئەمەریکا.

دۆناڵد تره‌مپ، گوتیشی: “چوار ساڵى داهاتوو، ده‌بێته‌ چوار ساڵى زێڕین بۆ ئه‌مەریكا و ئەم سه‌ركه‌وتنه‌ هاوكاریمان ده‌كات ئه‌مەریكا گه‌وره‌ بكه‌ینه‌وه‌، ئێمه‌ جه‌نگ ڕادەگرین و كۆتاییان پێ دەهێنین”.

له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و لێدوانه‌یدا، زاخارۆڤا گوتی: “پێویسته‌ تره‌مپ ئه‌و به‌ڵێنه‌ى به‌ هه‌نگاوى كرده‌یی بسه‌لمێنێت كه‌ كۆتایی به‌ جه‌نگه‌كان ده‌هێنێت”.

ماوه‌ى ساڵێك زیاتره‌ شه‌ڕى ئیسرائیل و حه‌ماس له‌ غاه‌زه‌ به‌رده‌وامه‌ و تائێستە ده‌یان هه‌زار هاووڵاتى له‌ غه‌زه‌ كوژراون، ماوه‌ى دوو مانگ زیاتریشه‌ جه‌نگه‌كه‌ فراوانتر بوو تا گه‌یشته‌ سنووره‌كانى لوبنان و ئیسرائیل.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ جه‌نگی ڕووسیا و ئۆكرانیا نزیكه‌ى چوار ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌ و به‌ هۆیه‌وه‌ جگه‌ له‌ ئاواره‌بوونى هاووڵاتییەکی زۆر، به‌شێك له‌ شار و شارۆچكه‌كانى ئۆكرانیا سه‌ر سنوور وێران بوون و ڕووسیاش ده‌ستى به‌سه‌ر به‌شێكیاندا گرتووه‌.

دوێنێش سێشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2024، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دەستی پێ کرد و دوو بەربژێر بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کێبڕکێی توند دەکەن، ئەوانیش دۆناڵد ترامپ لە پارتی کۆمارییەکان و کامالا هاریس لە دیموکراتەکان.