لە سیدەکان بەگوژمەی یەک ملیار دینار چەند پڕۆژەیەک جێبەجێ دەکرێن

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ زیاتر ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی ھەنگاوەکانی خزمەتگوزاری ئەمساڵ لە سنووری قەزای سیدەکان کۆمەڵێک پڕۆژەی جۆراوجۆری جێبەجێ کردووە.

ھاووڵاتییان سوپاسی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن بۆ جێبەجێ کردنی ئەو ھەموو پڕۆژانە. عەبدولقادر ئەکرەم، سەرۆکی شارەوانی قەزای سیدەکان، دەڵێت: کاروانی ئاوەدانی لە قەزای سیدەکان بەردەوامە، خۆشبەختانە دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێ کردنی چەند پڕۆژەیەک لە سەنتەری قەزاکە، کە پێکھاتوونە لە قیڕتاوکردنی چەند گەڕەک و کۆڵانێک، ئێستا ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی پێش ھاتنی بەفر و باران ڕێگەوبانەکان قیڕتاو بکەین، کە ئەو پڕۆژەیە خزمەتێکی زۆری ھاووڵاتییان دەکات.
سەرۆکی شارەوانی قەزای سیدەکان، دەشڵێ: پڕۆژەی ئاوەڕۆیی سندووقی ناو قەزای سیدەکان لە بواری جێبەجێ کردندایە و ٨٠% کارەکانی تەواو بووە، بە تەواوبوونی خزمەتێکی بەرچاوی ھاووڵاتییانی سنوورەکە دەکات، چونکە پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیجییە.