شیڤان شێرزاد – هەولێر
دوای ٣ ڕۆژ لە بەڕێوەچوونی هەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی سەر شەقام لە کەرکوک، کە “نەژاد نەجم” سەرپەرشتیار و سەرۆکایەتی فێستیڤاڵە هونەرییەکەی دەکرد و چەندین شانۆگەری کوردی و عەرەبی و جیهانی بەشداریان لەو چالاکییە هونەرییە کرد و زنجیرەیەک کۆڕ و سیمینار و ڕاهێنانی شانۆیی تێیدا پێشکەش کران، فێستیڤاڵەکە لەسەر دەستی لێژنەیەکی پسپۆڕ و شارەزا لە بواری شانۆ بە خەڵات کۆتایی پێهات.
براوەی خەڵاتەکانیش بریتی بوون لە: “امرە حرە” بووە خاوەنی خەڵاتی باشترین بیرۆکەی شانۆیی لە فێستیڤاڵەکەدا، دووەمین خەڵاتیش درا بە شانۆگەری “قوم یابا” وەک باشترین شانۆگەری بەشدار لە فێستیڤاڵەکە و سێیەمین خەڵاتیش بەخشرایه ڕافیل ڕی، وەک باشترین خەڵاتی دەرهێنان.
چوارەم خەڵاتی فێستیڤاڵەکەش بەخشرایە، مفیدە زارع زاده، وەک باشترین ئەکتەری کچ لە نێو شانۆنامەکانی فێستیڤاڵدا.
پێنجەمین خەڵات بەخشرایە، ئومێد فرامەرزی بووە خاوەنی خەڵاتی باشترین ئەکتەری کوڕ لە فێستیڤاڵ و نیمەش بووه خاوەنی خەڵاتی باشترین نواندنی بە کۆمەڵ و دوا خەڵاتی لێژنەی هەڵسەنگاندنیش بەخشرایە شانۆی ئێستا بەرەو کوێ؟.