شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

حکومەتی عێراق بڕیاری دا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، تا وردبینیش لە دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت تەواو دەبێت بۆ هەر بەرمیلێک 16 دۆلار خەرج بکرێت.

حکومەتی عێراق بڕیاری دا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، تا وردبینیش لە دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت تەواو دەبێت بۆ هەر بەرمیلێک 16 دۆلار خەرج بکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە، یەکێک لە تەوەرەکان دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بوو.

وەزارەتی دارایی عێراق لە خەرجی سیادی قەرەبووی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە لە دۆسیەی پەیوەست بە هەناردە و گواستنەوەی نەوت کە ڕادەستی کۆمپانیای بە بازارکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) دەکرێت، هاوکات بەشێوەیەکی دادپەروەریش خەرجی هەناردە و گواستنەوەی نەوت دیاری دەکرێت.

لایەنێکی ڕاوێژکاری هونەری نێودەوڵەتی کە وەزارەتی نەوت بە هاوکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات، لە ماوەی 60 ڕۆژدا خەرجی هەناردە و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات، ئەگەر لەو ماوەیەدا (دیارییکردنی لایەنەکە) جێبەجێ نەکرا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەو لایەنە نێودەوڵەتییە دیاری دەکات.

ئەرکی ئەو لایەنە نێودەوڵەتییە مەزەندەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دەبێت و ڕاپۆرتی خۆی دەداتە وەزارەتی نەوت و دارایی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای ئەو ڕاپۆرتە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ پارە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەنێرێت.