شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

پۆلیسی هەولێر دوو کەسی بۆ تۆمەتی دزی دەستگیر کرد

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دوو تۆمەتبار دەستگیر کران، کە لە شوێنی مامەڵەکردنی هاووڵاتییان و ڕاییکردنی مامەڵەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر فێڵ و دزییان لە خەڵک کردبوو، هەروەها پارەیان لێ بردبوون.
بەڕێوەبەرایەتییەکە، دەڵێت: لە ماوەی کەمتر لە کاتژمێرێک، بە بڕیاری دادوەری لێکۆینەوە و بەپێی ماددە (446) لە یاسای سزادان هەردوو تۆمەتبارەکە لەلایەن تیمەکانیانەوە دەستگیر کران.
پۆلیسی پارێزگای هەولێر، باسی لەوەش کرد، تۆمەتبارەکان دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە، کە شەش سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە و پێشینەی تاوانیشیان هەیە.