هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 22, 2024

بەسەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر، کۆبوونەوەى لیژنەى باڵاى ئامارى پارێزگاى هەولێر بەڕێوەچوو

 

ئەمڕۆ سێشەممە 2024.11.5، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە بەشداریی سیروان محمد، بریکاری وەزارەتی پلاندانان و سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێم و هێمن قادر، جێگرى پارێزگار، لە دیوانى پارێزگا، بە مەبەستى ئامادەکاریى بۆ پڕۆسەى سەرژمێرى گشتیى، کۆبوونەوەى لیژنەى باڵاى ئامارى پارێزگاى هەولێر ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە بەڕێوەبەرانى گشتیی تەندروستى، پەروەردە، شارەوانییەکان، ڕۆشنبیرى و هونەر، کشتوکاڵ، سەرۆکى شارەوانى و بەرێوەبەرانى پۆلیس، پۆلیسى هاتووچۆ، ئامار، لاوان و نوێنەرانى ئاسایش و پێشمەرگە ئامادەى بوون، دواى بە دواداچوون بۆ ئەرک و کارەکانى لیژنەى ناوبراو، تاووتوێ ئامادەكارییەکان لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بۆ سەرژمێریی گشتیی کرا و گفتوگۆ لە بارەى پێداویستى و کەم و کوڕییەکان و چۆنییەتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە و قۆناغەكانی کرا. هەروەها جەخت لە بەرێوەچونی سەرژمێریەکی سەرکەوتوو لە سنوورى پارێزگاى هەولێر کرایەوە کە بەبێ جیاوازی و هیچ مەرام و مەبەستێکی سیاسی لە بەرژەوەندی گشتی دابێت.

لە بەشێکی تری کۆبونەوەکەدا، میکانیزمی کاری لیژنەکە و هەماهەنگیان لەگەڵ فەرمانگە و دامەزراوەکانى تر خرایە ڕوو، لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر، تەواوى پاڵپشتى و هاوکارى پارێزگاى هەولێرى بۆ سەرخستنى ئەرک و کارەکانى لیژنەى ناوبراو دووپاتکردەوە.

جێگەى باسە بڕیار وایە ڕۆژی 20ی ئەم مانگە، سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراقدا بكرێت، ئەمەش لە دوای ئەوەی 27 ساڵە سەرژمێریی گشتی لە عێراقدا نەكراوە.