پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی “هەژماری من”ەوە بەردەەامە و تا دێت ژمارەی بەکاربەرانی زیاتر دەبێت و پرۆژەکەش متمانەی خەڵکی کوردستانی بەدەستهێناوە دوای ئەو ئەزموونە سەرکەوتووەی لە ماوەیەکی کەمدا پێشکەشی کرد.

بانکی بازرگانیی عێراقی ناسراو بە بانكی TBI، لە ڕاگەیەندراوێکدا بەشداربوونی خۆی لە پرۆژەکە ڕاگەیاندووە و دەڵێت؛ گرێبەستێمكان لەگەڵ پڕۆژەی هەژماری من ئیمزاكرد بۆ تەوتینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.
بانکەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو؛ گرێبەستەكە لەنێوان بانكەكەیان و حكوومەتی هەرێم كوردستان ئیمزاكراوە، ئەوەش بەپێی بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی و پاڵپشت بە بڕیارەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی لەبارەی پێویستی بەشداریكردنی بانكی TBI لە پڕۆسەی تەوتینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.
هەر لەبارەی گرێبەستەکەیانەوە لەگەڵ “هەژماری من” عەقیل شوێلی، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی بانکی بازرگانیی عێراق (تی بی ئای) بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند “بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ تەوتینکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و لە سەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بانکەکەمان گرێبەستی لەگەڵ پرۆژەی ‘هەژماری من’ ئیمزا کرد.”
باس لەوەش دەکات؛ تەنها یەک لقی بانکیمان لە هەرێمی کوردستان هەیە و لە نزیکترین کات دوو لقی دیکەش لە شارەکانی دهۆک و سلێمانی دەکەینەوە.”
ئەوەشی ئاشکرا کردووە، لە چوارچێوەی گرێبەستەکە، بڕیارە پڕۆژەی “هەژماری من” دانانی ATM بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران لە ئەستۆ بگرێت، 34 هەزار فەرمانبەر ناوی خۆی تۆمار کردووە و ئێستا نزیکەی 10 هەزار بەشداربوو ماستەرکارتەکانیان وەرگرتووەتەوە، هەر ئەمڕۆ 3900 کارتی دیکەیان ڕەوانەی لقی هەولێر کردووە.”
ڕاوێژکارەکەی بانکی بازرگانیی عێراقی ئەوەشی خستووەتەڕوو؛ پێدانی کارت و تۆمارکردنی ناوی نوێی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەرداوامه و ژمارەکەش بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.” گوتیشی: “هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق سوودمەندی تەواوی خزمەتگوزاریە بانکییەکانی دەبن و بەشداریکردنی TBI وەک بانکێکی حکوومەتی، پڕۆژەی هەژماری متمانەی زیاتری دەبێت لای فەرمانبەران.”
بەمەش ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پرۆژەکە بەرزەوە بووە بۆ ٩ بانک کە پێکهاتوون لە ؛ (بانکی جیهان، بانکی ئاڕتی، بانکی بەغداد، بانکی عێراقیی ئیسلامی، بانکی ئەهلیی عێراقی، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی TBI، بانکی BBAC، بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی IDB).
بەپێی لێدوانەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پلانیاندایە و کار بۆ ئەوە دەکەن تاوەکوو ساڵی داهاتوو هەموو فەرمانبەر و مووچەخۆر ببنە خاوەن هەژماری بانکیی خۆیان لە چوارچێوەی ئەو پرۆژە بانکییە.”
بەگوێرەی ئامارەکان، تا ئێستا زیاتر لە 700 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر لە پرۆژەکە تۆمار کراون و پرۆسەی تۆمارکردنیش بەردەوامە.
وە تا ئێستا 300 هەزار کارتی بانکی دراوەتەوە بە فەرمانبەران و مووچەکانیان لە ڕێگەی کارتە بانکیەکانەوە وەردەگرن.
سەبارەت بە ئامێرەکانی پارە ڕاکێشان ئەی تی ئێم، تا ئێستا 250 ئەی تی ئێم ‘ئامێری ڕاکێشانی پارە’ لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دانراون و بڕیارە ژمارەی ئەی تی ئێمەکان بکەنە زیاتر لە 1000 دانە بۆ ئەوەی فەرمانبەران بە ئاسانی مووچەکانیان وەربگرن. کە بە زیادکردنی ئەو ئامێرانە مووچەخۆر و فەرمانبەران ئاسانتر دەتوانن دەستیان بگاتە مووچەکانیان و بە کاتێکی کەمتر.
زیاتر لە 150 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆری هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارەی تایبەت بە پرۆژەکە (ئەی تی ئێم) مووچەی مانگی ئەیلوول (نۆ)ـیان وەرگرتووە و ئەو ژمارەیەش مانگانە ڕوو لە زیادبوون دەکات بە تەواوبوونی کارتی فەرمانبەران.
“هەژماری من” قۆناغێکی نوێیە لە ئابووری کوردستان، وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ زامنکردنی داهاتوویەکی گەشتر بۆ کوردستانیان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی هەژماری من ـەوە دەستیکردووە بە پرۆسەی بە بانکیکردن بۆ بەدیهێنانی گشتگیری دارایی بۆ هاوڵاتییان. ئەم پڕۆژەیە دڵنیایی دەدات لەوەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستیان بە خزمەتگوزارییە سەردەمییەکانی بانک دەگات و دەبنە خاوەن ئازادی زیاتری تاکەکەسی.
“هەژماری من” دەستیکردووە بە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئامانجی هەژماری من ئەوەیە کە زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆر لەم پرۆسەیەدا تۆماربکات بۆ ئەوەی زەمینەسازی بۆ سیستەمێکی بانکی بەهێزتر و گشتگیرتر بکات.