وادەی تانەلێدان لە ئەنجامی هەڵبژاردن کۆتایی هات و هەڵبژاردنەکە سەرکەوتووترین بوو

دوێنێ دوا مۆڵەت بوو بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەکان تانە لە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکەی ٢٠ی ئۆکتۆبەر بدەن، کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی کرد.

هەڵبژاردنەکە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پێسوازی لێکرا و نوێنەری وڵاتان و چاودێرانی بیانی بەوپەڕی ستایشەوە باسی لێدەکەن، ئەوەش لەبەر ئەو دۆخە سیاسییەی لە کوردستان هاتبووە کایەوە و چاوەڕوان دەکرا هەڵبژاردنێکی پڕ گرژی و ئاڵۆزی بێت، بەڵام پرۆسەکە لەوپەڕی ئارامی و شەفافیدا بەڕێوەچوو هاووڵاتیانیش ئازادانە گوزارشتیان لە خواستی خۆیان کرد و دەنگیان بەو لایەن و قەوارانە دا کە پێیان وایە دەتوانێت خزمەتی زیاتر بکات.
کۆمیسیۆن لەبارەی تانەکانی سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەوە ڕایگەیاندووە؛ دوو تانە لای ئێمە تۆمار کراوە ھۆکاری کەمی تانەکانیش بۆ ئەوە بووە کە پێشتر کۆمیسیۆن سەرجەم کارتەکانی دەنگدانی سەرجەم بنکەکان و وێستگەکانی داوەتەوە لایەنە سیاسیەکان ئەمەش وایکردوە لایەنەکان بەرچاوڕوونیان لە بارەی پرۆسەکە بۆ زیاتر بێت بۆیە کەمترین تانە لە ئەنجامی کۆتایی دەنگدان دراوە.”
هەرچەندە دەنگی ناڕازی هەندێک لایەن دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان بەرز بوو، بەڵام دواتر کە کۆمیسیۆن هەموو کارئاسانییەکی بۆ کردن تا بەرچاویان ڕوون بێت و تەنانەت بۆ ڕەواندنەوەی گومانەکانیان بۆ ڕێکاری دیکەش ئاسانکاری بۆ کردن. بەڵام ئەو لایەنە ناڕازیانە نەیانتوانی هیچ بەڵگەیەک بۆ قسەکانیان بدۆزنەوە کە ڕەخنەیان لە ئەنجامەکان هەبوو.
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و لە خوولی شەشەمی پەرلەماندا دەبێتە خاوەنی ٣٩ کورسی لە کۆی ٩٥ کورسی لایەنەکان، لە دوای ئەویش یەکێتی ٢٣ کورسی و نەوەی نوێ ١٥ کورسی لە پەرلەماندا دەبێت.
ئێستا خەڵکی چاوەڕێیان لە لایەنەکان ئەوەیە حکووەتێکی خزمەتگوزار و سەرتاسەری دروست بکرێت و پارتیش بۆ ئەو مەبەستە خۆی ئامادە کردووە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەردانی بۆلای لایەنە سیاسییەکان دەست پێ دەکات.
هەر دوێنێش، سەرۆك بارزانی لە دیدارێکیدا لەگەڵ ئەلینا ڕۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق “باسی لە هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەتی تازەی هەرێم و دانوساندنی نێوان لایەنەكان كرد، سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوە دا “كە پارتی تیمێكی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان لەسەر پێكهێنانی حكوومەت و ئەجێندای حكوومەتی داهاتوو پێك هێناوە و ڕاشیگەیاند كە پارتی ڤیتۆی لەسەر هیچ لایەنێك نییە.”بەپێی زانیارییەکان، پارتی تیمی خۆی بۆ دانووستانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت لەگەڵ لایەنەکان دیاری کرد و هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی سەرۆکایەتیی تیمەکە دەکات.
تیمەکەی پارتی پێک هاتووە لە هەریەک لە “پشتیوان سادق ئەندامی مەکتەبی سیاسی و دڵشاد شەهاب و ئومێد سەباح ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان.”