پرۆژەی هەمواركردنەوەی دەستوور و دەستپێكردنەوەی چارەكردنی ئاشتیانەی كێشەی كورد لە توركیا

دوێنێ، بازنەی گفتوگۆ بیست و دووەمین گفتوگۆی بە ناونیشانی “پرۆژەی هەمواركردنەوەی دەستوور و دەستپێكردنی چارەسەركردنی ئاشتیانەی كێشەی كورد لە توركیا” لە هۆڵی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەرێوە برد.

لەو گفتوگۆیەدا كە ” رۆژهات ئامەدی، د.حەسەن ئەحمەد مستەفا، نیزامەدین تاش ، مەزڵوم سەیدا موسڵم، مستەفا شەفیق ، مەحمود ڕەش ، ئەبوبەكر ئاتاچ ، هەروەها ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ _ شڤان حەمدی، پ.د.نەزاكەت حسێن، د.جەلال ئەحمەد، فەرهاد محەمەد-” ئامادەبوون، سەرەتا ڕاپۆرتێكی مەیدانی بۆ ئامادەبووان لەسەر سكرین نمایش كرا كە تیایدا دیدوتێروانینی ژمارەیەك دەستەبژێری پارچەكانی كوردستانی لەسەر پرۆسەی ئاشتی تێدا وەرگیرابوو.

لە گفتوگۆ كراوەیەدا لەگەڵ ئەوەی كۆمەڵێك بۆچوونی جیاوازی ” گەشبین و ڕەشبین” سەبارەت بەسەركەوتنی چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كورد لە توركیا خرانە، لە هەماهەنكاتدا زۆر جەخت لەسەر ئەو خاڵانە كرانەوە كە بوونە هاندەر بۆ ئەوەی دەوڵەتی توركیا و حزبی دەسەڵات ئاك پارتی لەم كاتەدا ئەم هەنگاوە بۆ چارەسەری كێشەی كورد دەست پێبكاتەوە، كە گرنگترینیان بریتی بوون لە:
•هاوپەیمانی ئاك پارتی و مەهەپە پارتی، لە هەڵبژاردنی پێشووی شارەوانیەكانی توركیا دەنگەكانیان ڕووی لە دابەزاندن كردبوو، هۆكاری سەرەكی دەگێرنەوە بۆ ئەوەی دەنگدەرانی كوردی توركیا دەنگیان بە ئاك پارتی نەداوە، بۆ ئەمەش ڕەجەب تەیب ئەردۆگان دەیەوێت جارێكی دیكە ئەو لاسەنگییە راستبكاتەوە و دووبارە بە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی سەرنجی دەنگدەری كوردی باكور بەلای خۆی رابكێشت و دووبارە دەنگی پێبدەنەوە.
•بەهۆی ئەو شەڕە بەرفراوان و كراوەیی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بەرێوە دەچێت و هەر لە فەلەستینەوە تادەگاتە لوبنان و سوریا و ئێران و یەمەنی گرتۆتەوە، پێشبینی ئەوە دەكرێت كە ئەم شەڕە گۆڕانكاری گەورە لەسەر ئاستی ناوچەكە بینێتە ئاراوە ، توركیاش هەستی بەم مەترسییە كردووە بۆ هەوڵدەدات پێشوەختە جڵەوگیری ئەو گۆرانكاریانە بكات و ناوخۆی توركیا دەگرێتەوە.
•دەم پارتی كە لەناو پەرلەمانی توركیا نوێنەرایەتی كورد دەكات، پێشوازی لە پەیامەكەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی مەهەپە كرد كە لەپەرلەمانی توركیا داوای كرد كێشەی كورد بە ئاشتیانە چارەسەر بكرێت، لە هەمان كاتدا پێشوازی لە پەیامەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان كرد كە لە ئیمرالیەوە بە عومەر ئۆجەلان ناردبووی و داوای كردبوو ئەگەر دەرفەت بدەن ئەوا لەماوەی دوو هەفتە چارەسەری شەڕ دەگۆرم بۆ چارەسەری ئاشتیانە.
پۆختەی ئەم گفتوگۆ چڕ و كراوەو راشكاوانەیە و هەروەها پوختەی راپۆرتە مەیدانیەكەی بازنەی گفتوگۆ، لەرۆژی 11ی تشرینی دووەمی 202 لەسەر لاپەرەكانی گۆڤاری گوڵان بڵاو دەكرێنەوە.