هەولێر..هەوڵی زیادکردنی داهات و گەیاندنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان دەدرێت

بۆ زیادکردنى داهات و ئەنجامدان و گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، کۆبوونەوەیەک لە پارێزگای هەولێر کرا.

دووشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2024، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەیەک لەبارەی زیادکردنى داهات و ئەنجامدان و گەیاندنى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ڕێکخرا.

بەپێی ڕاگەیاندراوی پاریزگای هەولێر، هەریەک لە قائیمقامی ناوەندی و بەڕێوەبەرانى گشتیى شارەوانییەکان، کارەبا، گەشت و گوزار، ڕێگاو بان، ئەوقاف، تەندروستی، کاروباری کۆمەڵایەتی، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرانى پۆلیسى هاتووچۆ، تاپۆکان، کارەبا، بازرگانی، گومرگ و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی دیکە لە کۆبوونەوەکە بەشداربوون، دواى بەدواداچوون بۆ چۆنیەتى بەڕێوەچوونی ئه‌رك و کارەکان و پێداویستی و ڕەوشی دامەزراوەکان و فەرمانگەکان، تیشکی خرایە سەر ئەنجامدانى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سەر داهاتى فەرمانگە و دامەزراوە حکوومییەکان.

لە تەوەرێکى دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەبارەت بە زیادکردنى داهات، ئاماژە بە کۆسپ و ئاستەنگ و گرفتەکان کران، له‌وبارەیەوە پارێزگاری ھەولێر، بۆ کۆکردنەوەی داهات و چارەسەرکردنی کێشەکان و دابین کردنی پێداویستی و ھەماھەنگی و کارئاسانى پێویست لە ھەموو بوارەکاندا، لە پێناو گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاتر و خزمەتکردنی هاوڵاتییان، هەموو پاڵپشتیەکی بۆ سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوەکان دووپاتکردەوە.