هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 22, 2024

ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی بەشداربووانی پرۆژەی “هەژماری من” زیاتر دەبێت

پرۆسەی تۆمارکردنی فەرمانبەر و مووچەخۆران لە پرۆژەی “هەژماری من” بەردەوامە و ژمارەی بانکی بەشداربووش لە پرۆژەکە گەیشتە هەشت بانـک. 

دوای ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە، 03-11-2024، بانکی  عێراقی بۆ بازرگانی (تی بی ئای) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئیمزاکردنی گرێبەستێکی لەگەڵ پرۆژەی “هەژماری من” بە پشتبەستن بە ڕاسپاردەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاگەیاند؛ ژمارەی ئەو بانکانەی بەشدارن لە پرۆژەکە گەیشتە هەشت بانک.

بانکەکانی بەشدار لە پرۆژەی “هەژماری من تاکوو ئێستا بریتین لە: (بانکی جیهان، بانکی ئاڕتی، بانکی بەغداد، بانکی عێراقیی ئیسلامی، بانکی ئەهلیی عێراقی، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی TBI، بانکی BBAC، بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی IDB).

ژمارەی بەشداربووان لە پرۆژەی “هەژماری من”

بە گوێرەی ئامارەکانی تیمی پرۆژەی “هەژماری من” تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 700 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر لە پرۆژەکە تۆمار کراون و پرۆسەی تۆمارکردنیش بەردەوامە.

‎بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، 300 هەزار کارتی بانکی دراوەتەوە بە فەرمانبەران و مووچەکانیان لە ڕێگەی کارتە بانکیەکانەوە وەردەگرن.

‎ تاوەکوو ئێستا 250 ئەی تی ئێم ‘ئامێری ڕاکێشانی پارە’ لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دانراون و بڕیارە ژمارەی ئەی تی ئێمەکان بکەنە زیاتر لە 1000 دانە بۆ ئەوەی فەرمانبەران بە ئاسانی مووچەکانیان وەربگرن.

هەروەها سەرجەم مووچەخۆران لە کاتی سەردانی ئامێرەکانی ATM لەلایەن بریکارەکانی پڕۆژەی هەژماری من پێشوازییان لێ دەکرێت و لە ڕاکێشانی پارەکانیان یارمەتیدەر دەبن. هاوکات، فەرمانبەران دەتوانن پەیوەندی بە سەنتەری خزمەتگوزاری پڕۆژەی هەژماری من بکەن لە ڕێگەی ژمارە 1991 بە ئامانجی بەدەستهێنانی زانیاری زیاتر لە سەر ئامێرەکانی ATM.

وەرگرتنی مووچە لە ڕێگەی پرۆژەی “هەژماری من” 

بە گوێرەی ئامارەکانی تیمی پرۆژەی “هەژماری من” زیاتر لە 150 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆری هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارەی تایبەت بە پرۆژەکە (ئەی تی ئێم) مووچەی مانگی ئەیلوول (نۆ)ـیان وەرگرتووە.

تیمی پرۆژەی “هەژماری من” جەخت لەوە دەکاتەوە، مانگ بە مانگ ژمارەی ئەو مووچەخۆر و فەرمانبەرانەی لە ڕێگەی پرۆژەکەوە مووچەکانیان وەردەگرن، زیاتر دەبێت.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا چەندان جار جەختی لەوە کردووە “لە پلانیاندایە و کار بۆ ئەوە دەکەن تاوەکوو ساڵی داهاتوو هەموو فەرمانبەر و مووچەخۆر ببنە خاوەن هەژماری بانکیی خۆیان لە چوارچێوەی ئەو پرۆژە بانکییە.”

ڕاگەیاندنی پرۆژەی “هەژماری من”

پرۆژەی “هەژماری من” یەکێکە لە پرۆژە ستراتیجییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە وەرچەرخانێکە لە شێوازی مووچەدان و بەهێزکردنی دارایی کەرتی گشتی و پەسەندکردنی بانکی ناوەندیی عێراقە.

هەژماری من دەستپێشخەرییەکی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی پارەدان بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر، کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینانی حکومەتی هەرێمی هەرێمی کوردستان کە ئەمەش پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەم دەکاتەوە، کارایی حکومەت و شەفافیەتیش زیاتر دەکات.