حکوومەت بەر لە وەرزی بارانبارین هەنگاوی جیددی گرتەبەر بۆ پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتیان

كه‌شناسی هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێ، شه‌پۆلێكی بارانبارین و هه‌وره‌ بروسكه‌ ده‌ستپێده‌كات و پێشبینی ده‌كرێت له‌ ناوچه‌ نزمه‌كانی پارێزگایكانی هه‌ولێر و سلێمانی ئاستی ئاو به‌رزببێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ری دروستبوونی لافاو هه‌یه‌، به‌ بڕیاری مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕێكاره‌كانی پێویست به‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی لافاو گیراونه‌ته‌به‌ر.

به‌گوێره‌ی پێشبینییه‌كان و ڕاگه‌یه‌ندراوی كه‌شناسی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ ئاسمان هه‌وری ته‌واو ده‌بێت له‌گه‌ڵ بارینی بارانی مامناوه‌ند و به‌لێزمه‌، شه‌پۆلی بارانبارین به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌گه‌ری به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ئاو له‌ هه‌ندێك شوێنی ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌.
كه‌شناسی هه‌رێمی كوردستان هێمای بۆ باری كه‌شوهه‌وای ئه‌مڕۆ كردووه‌ و پێشبینی ده‌كات، شه‌پۆلی بارانبارین به‌رده‌وام بێت و له‌ هه‌ندێك شوێن لاواز و نمه‌باران ده‌بێت.
به‌پێی پێشبینییه‌كان پله‌ی گه‌رما نزمده‌بێته‌وه‌ و به‌پێی ڕاگه‌یه‌ندراوی كه‌شناسی هه‌رێمی كوردستان، سبه‌ی به‌رزترین
پله‌ی گه‌رما له‌ هه‌ولێری پایته‌خت بیست و یه‌ك پله‌ و له‌ سلێمانیش بیست و یه‌ك پله‌ و له‌ دهۆك بیست و چوار پله‌ی سیلیزی ده‌بێت، هاوكات له‌ پارێزگای كه‌ركوك بیست و چوار پله‌ و له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ش بیست و یه‌ك پله‌ و له‌ زاخۆ بیست و شه‌ش پله‌ و سیلیزی و له‌ حاجیئۆمه‌ران به‌رزترین پله‌ی گه‌رمی دوازده‌ پله‌ی سیلیزی ده‌بێت.
له‌به‌ر سه‌لامه‌تی گیان و سامانی هاووڵاتیان، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ر له‌ وه‌رزی بارانبارین ڕشتانه‌ كار له‌ ڕێكاره‌كانی پێویست به‌ ئه‌گه‌ری به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ئاو له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، كه‌ ساڵانه‌ له‌ وه‌رزی زستان به‌هۆی بارانی به‌لێزمه‌ و بارینی ئاستێكی زۆر له‌ كاتێكی كه‌مدا، لافاو چه‌ند گه‌ڕه‌ك و ناوچه‌ی شاری هه‌ولێری ده‌گرته‌وه‌ و زیانی ماددی و گیانیشی لێده‌كه‌وته‌وه‌، به‌ڵام دوای بڕیاری مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ دوو ساڵی ڕابردوو، كه‌ بڕیاری چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفته‌ی دا‌ و به‌ره‌نجام له‌ زستانی ئه‌مساڵانه‌دا لافاو له‌ هه‌ولێری پایته‌خت ڕووینه‌داوه‌.
به‌ر له‌ هاتنی وه‌رزی زستانی ئه‌مساڵ، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌موو لایه‌نه‌كانی پێوه‌ندیداری بۆ هۆكاره‌كان و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفته‌ له‌ناو شاری هه‌ولێر ڕاسپاردووه‌، ئه‌و زێده‌ڕۆییانه‌ی له‌سه‌ر ڕێڕه‌وی ئاوه‌كان ڕۆنرابوون، چاره‌سه‌ركران و ڕێڕه‌وه‌كان و بن پرده‌كان و قه‌نته‌ره‌كان و ئاوبه‌ره‌كانی ده‌وروبه‌ری شار پاك كرانه‌وه‌، كه‌ بۆ ئه‌مساڵیش هه‌موو ڕێكاره‌كانی پێویست گیراونه‌ته‌به‌ر.
هاوكات له‌ناو شاری هه‌ولێر زێرابی نوێ دروستكران و هه‌موو زێرابه‌كان و ئاوه‌ڕۆیه‌كان له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاو و ئاوه‌ڕۆكان پاككرانه‌وه‌، بڕیاریشه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاودێری هه‌ولێر چه‌ند پۆندێك، یان به‌نداوێكی بچووك له‌ به‌رزاییه‌كانی هه‌ولێر دروست بكات، ئه‌وانه‌ش جیا له‌ ڕێگریكردن له‌ ئاوێكی زۆری باران بۆ ناو شاری هه‌ولێر، سودی بۆ ئاوی ژێرزه‌وی و كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری و گه‌شتیاری و هتد…، ده‌بێت، كه‌ ئێستا ڕه‌زامه‌دنی له‌سه‌ر ڕۆنانی چه‌ندین پۆند دراوه‌، له‌ ده‌وروبه‌ر و به‌رزاییه‌كان و سنووری قه‌زاكانی ده‌شتی هه‌ولێر.
له‌ناو شاریش ئه‌و ئاوه‌ڕۆیانه‌ی پێشتر كێشه‌یان هه‌بوو، چاره‌سه‌ر كراون و له‌شه‌قامی سی مه‌تری ئاوه‌ڕۆیه‌كی دوو چاوه‌ و له‌ بازاڕی ته‌یراوه‌ش ئاوه‌ڕۆ دروست كراوه‌.