سایتی زانکۆلاین بۆ دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی کارا کراوە

دوێنێ، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سایتی زانکۆلاینی بۆ دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی کارا کرد، کە ئەمساڵیش وەکو ساڵانی ڕابردوو سەد لە سەدی پێشکەشکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەردەگیرێن کە ژمارەیان سەرووی ٤٥ هەزار دەرچووە.

د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییەدا ڕایگەیاند، “لە قۆناغی یەکەمدا سەدا 96ـی ئەو دەرچووانەی پۆلی 12ـی ئامادەیی کە فۆرمی زانکۆلاینیان پڕ کردبووەوە، وەرگیراون کە ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە 44 هەزار قوتابی.”
سەبارەت بە قۆناغی دووەمی پرۆسەکەش ڕایگەیاند؛ لە قۆناغی دووەمدا سەدا 4ـی دیکەی ئەو دەرچووانەی فۆرمی زانکۆلاینیان پڕ کردووەتەوە وەردەگیرێن کە بەهۆی هەندێک کێشەی تەکنیکییەوە وەرنەگیراون و ژمارەیان دەگاتە نزیکەی هەزار و 700 دەرچوو.”
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەوەشی راگەیاند؛ هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە وەکوو ساڵانی ڕابردوو سەدا 100ـی پێشکەشکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێن؛ چونکە زیاتر لە 13 هەزار کورسیی زیادەمان ماوە و بەشی هەمووان دەکەن.”
لای خۆیشیەوە، د. خەتاب شێخانی، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، ئەمساڵ 56 هەزار و 130 دەرچووی پۆلی 12ـی ئامادەییان هەبووە؛ لەو ژمارەیە 41 هەزار و 277 دەرچووی بەشی زانستی؛ 13 هەزار و 541 دەرچووی بەشی وێژەیی؛ 410ـیان دەرچووی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان و 902ـشیان دەرچووی بەشی پیشەیی بوون.
ئەوەشی خستەڕوو؛ پلانی وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025، 64 هەزار و 761 کورسی بووە کە وەکوو خۆی گوتی، جاری یەکەمە ئەم پلانە لەلایەن وەزارەتەکەیانەوە ئامادە دەکرێت و ئامانج لێی وەرگرتنی هەموو دەرچووان بووە.