خوێندنی باڵا: لە دوو ڕۆژی داهاتوو “زانکۆلاین”ـی نێودەوڵەتی ڕادەگەیەنرێت

یەکشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2024، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند، ‘زانکۆلاین’ـی بۆ دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی نێودەوڵەتی، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا ڕادەگەیەنرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ سایتی زانکۆلاین بۆ دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی کارا کرد.

لای خۆیەوە د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییەدا ڕایگەیاند، “لە قۆناغی یەکەمدا سەدا 96ـی ئەو دەرچووانەی پۆلی 12ـی ئامادەیی کە فۆرمی زانکۆلاینیان پڕ کردبووەوە، وەرگیراون کە ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە 44 هەزار قوتابی.”

وەزیری خوێندنی باڵا دووپاتیشی کردەوە “لە قۆناغی دووەمدا سەدا 4ـی دیکەی ئەو دەرچووانەی فۆرمی زانکۆلاینیان پڕ کردووەتەوە وەردەگیرێن کە بەهۆی هەندێک کێشەی تەکنیکییەوە وەرنەگیراون و ژمارەیان دەگاتە نزیکەی هەزار و 700 دەرچوو.”

د. ئارام محەممەد قادر باسی لەوەش کرد “هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە وەکوو ساڵانی ڕابردوو سەدا 100ـی پێشکەشکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێن؛ چونکە زیاتر لە 13 هەزار کورسیی زیادەمان ماوە و بەشی هەمووان دەکەن.”

هاوکات د. خەتاب شێخانی، بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، ئەمساڵ 56 هەزار و 130 دەرچووی پۆلی 12ـی ئامادەییان هەبووە؛ لەو ژمارەیە 41 هەزار و 277 دەرچووی بەشی زانستی؛ 13 هەزار و 541 دەرچووی بەشی وێژەیی؛ 410ـیان دەرچووی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان و 902ـشیان دەرچووی بەشی پیشەیی بوون.

د. خەتاب شێخانی ئاماژەی بەوەش کرد، پلانی وەرگرتنی دەرچووانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025، 64 هەزار و 761 کورسی بووە کە وەکوو خۆی گوتی، جاری یەکەمە ئەم پلانە لەلایەن وەزارەتەکەیانەوە ئامادە دەکرێت و ئامانج لێی وەرگرتنی هەموو دەرچووان بووە.