پڕۆژەی ڕووناکی (کارەبای ٢٤کاتژمێری) دەگاتە سلێمانی و دهۆکیش

محەمەد لادێ – هه‌ولێر

 

لە ماوەی ڕابردوودا، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی ڕووناكی ڕاگەیاند، كە پڕۆژەیەكی نیشتمانییە و ئامانجی دابینكردنی كارەبای ٢٤كاتژمێرەیە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان، ئیستاکە چەندین گەڕەك لە شاری هەولێر وەك پڕۆسەیەكی ئەزموونی، كارەبای ٢٤كاتژمێرەیان بۆ دابینكراوە.

هەر بە فەرمانی سەرۆک بارزانیش بڕیارە کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ هاووڵاتیان سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
ئامانجی پڕۆژەکە ئەوەیە کە بەشێوەیەکی یەکسان کارەبا بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش بکات و هەوڵ دەدات باشترین خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان بە کەمترین تێچوو دەستەبەربکات.
ئومێد محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پڕۆژەی ڕوناکی لە چەند شوێنێکی هەولێر و سلێمانی و دهۆک خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و چاوەڕوانی ئەوەین هەڵسەنگاندن بۆ ئەو شوێنانە بکرێت بۆ ئەوەی بتوانین لە هەموو شارەکان پڕۆژەکە جێبەجێ بکەین.
دەسپێکی پڕۆژەکە سەرەتا وەک پڕۆسەیەکی ئەزموونی لە گەڕەکی شادی شاری هەولێر جێبەجێ کرا و دوای ئەوەی لەلایەن هاووڵاتیانەوە پێشوازییەکی باشی لێکرا لە چەند گەڕەکێکی تریش خرایە بواری جێبەکردنەوە و ئێستاکەش بڕیارە لە تەواوی هەرێمی كوردستان بە هاوتەریبی جێبەجێ بكرێت و لە ماوەی دوو ساڵدا سەرجەم دانیشتووانی هەرێمی كوردستان ببنە خاوەنی كارەبای ٢٤كاتژمێری، لە ڕۆژانی داهاتوو پڕۆژەكە لە پارێزگای سلێمانی و دهۆكیشدا جێبەجێ دەكرێت.
ئومێد محەمەد، وتیشی لە هەولێر ٢١ ناوچەی نیشتەجێبوون، کۆمەڵگەی شادی و بازاڕی لەنگە، کارەبای ٢٤کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە و ئێستاکەش پڕۆژەی ڕووناكی لە گەڕەكی سەربەستی لە ڕۆژئاوای هەولێر دەستی پێکردووە، تیایدا نزیكەی هەشت هەزار هاوبەش كە پێكهاتوون لە ماڵ و شوێنی بازرگانی، كارەبای ٢٤ كاتژمێرییان پێدەدەرێت و لەمەودوا بەهیچ شێوەیەك پێویستیان بە كارەبای مۆلیدە نامێنێت.
لە دهۆکیش کارەبای بازاڕی دهۆک و قەزای ئاکرێ کراونەتە ٢٤ کاتژمێری. هاوکات لە سلێمانییش سێ یەکەی نیشتەجێبوون و بازاڕی سلێمانی و بازاڕی عەلوەی سلێمانی کراونەتە ٢٤کاتژمێری.
وتەبێژی کارەبای هەرێم ئەوەشیخستەڕوو: پڕۆژەی دابینکردنی کارەبای ٢٤کاتژمێری بیرۆکەیەکی تازە نییە و لەمێژە هەوڵی بۆ دەدرێت بەڵام بەهۆی نەبوونی سوتەمەنی و قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە جێبەجێ بکرێت. پێویستیشە بوترێت لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی کارەبا ١٣٤٠ مێگاوات زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٣٨١٧ مێگاوات، هاوکات ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەباش گەیشتووەتە ٧٦٨٩ مێگاوات.