ئومێد خۆشناو: ئێستا هیچ بڕیارێک نییە پشوو ڕابگەیەندرێت

سەرباری هۆشداریی و مەترسییەکان لە زۆری ڕێژەی باران بارین و دروستبوونی لافاو لە شاری هەولێر، پارێزگاری هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند:  ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ ئەوەی بەهۆی مەترسییەکانی لافاو و باران بارین، پشوو ڕابگەیەندرێت.

شەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە ئێستادا هیچ بڕیارێک نییە بۆ ئەوەی بەهۆی باران و مەترسییەکانی دروستبوونی لافاو، پشوو لە پارێزگای هەولێر ڕابگەیەندرێت.

بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، لە ڕاگەیەندراوێکدا کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی لە هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە “کەشی ئەمڕۆ شەممە، 02-11-2024، ” ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی نمە باران و بارانی مام ناوەندی لە کات و شوێنی جیا جیا. هەندێک جار هەورە برووسکەشی لەگەڵدا دەبێت.”

کەشی سبەینێ یەکشەممەش، 03-11-2024، وەکوو ئەوەی ئاماژەی پێ کراوە “ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارانی بەخۆڕ لە کاتەکانی بەیانیدا لە ناوچەکانی هەولێر و کەرکووک و سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەرین. لە دوای نیوەڕۆ و کاتەکانی شەودا باران بە ڕێژەیەکی کەمتر بەردەوام دەبێت.”