وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئامادەکاریی بۆ وەرزی باران و بەرەنگاربوونەوەی لافاو لە هەولێر و دەوروبەری دەکات.
پێنجشەممە 31ی تشرینی یەکەمی2024، بە سەرپەرشتی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی دەستپێكردنی ئامادەكاریی بۆ وەرزی باران و بەرەنگاربوونەوەی هەر ئەگەرێكی نەخوازراوی دروستبوونی لافاو و كۆبوونەوەی ئاو لە سەنتەری شاری هەولێر و شارەوانییەكانی دەوروبەری، كۆبوونەوەیەك بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا كە بەڕێوەبەرانی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و شارەوانییەكانی هەولێر، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەرانی ئاو، ئاوەڕۆ، پارك و باخچەكان، خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی، بەڕێوەبەرانی شارەوانییەكانی هەولێر ئامادەی بوون، چۆنیەتی ئامادەكارییەكان بۆ وەرزی زستان و بارانبارین بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی لافاو و كۆبوونەوەی ئاوی باران گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی ڕاسپارد لە ئێستاوە دەست بە ئامادەكارییەكانیان بۆ ئەو وەرزە بكەن و ڕایسپاردن، ئاوەڕۆكانی شاری هەولێر و شارەوانییەكانی دەوروبەری خاوێن بكەنەوە و ئەو شوێنانە دەستنیشان بكەن كە لە ساڵانی ڕابردوودا لافاو لێیان ڕووی دەدا یان ئاوی بارانیان لێ كۆدەبووەوە، هاوكات وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار داوای لێكردن بەزووترین كات چەندین تیمی تایبەتمەند دروست بكەن و بەردەوام چاودێری ئاوەڕۆكان و ئەو شوێنانە بكەن كە گرفتی كۆبوونەوەیان ئاویان هەیە و گرفتەكان چارەسەر بكەن بۆ ڕێگریكردن لە هەر ئەگەرێكی نەخوازراوی دروستبوونی لافاو.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر هەر جۆرە هاوكاری و پاڵپشتی و هەماهەنگییەك بۆ بە باشی بەڕێوەچوونی پلان و ئامادەكارییەكانی فەرمانگەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی لافاو و كۆبوونەوەی ئاو لە سەنتەری شاری هەولێر و شارەوانییەكانی دەوروبەری هەولێر كردەوە.