شاندێکی پارتی سەردانی ئەو لایەنانە دەکات کە کورسییان بەدەستهێناوە

کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی فەرمیی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بڵاوکردەوە، پارتی زۆرترین کورسی بەدەستھێناوە، پارتی ھەنگاوەکانی بۆ پێکھێنانی کابینەی دەیەم دەست پێدەکات. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی، دەڵێت: پارتی ڤیتۆی بۆ ھیچ لایەنێک نییە، دەرگای بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ھەموو لایەنەکان کراوەیە.

عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، کۆمیسیۆن بە شەفافانە پرۆسەکەی بەڕێوەبردووە و سوپاسی کارمەندان و ھێزە ئەمنییەکان و تەواوی دەنگدەران دەکەم، ھەروەھا پیرۆزبایی لە لیستە براوەکان و کاندیدە دەرچووەکان دەکەم.
ھاوکات ئاماژەی بە سەرکەوتوویی پرۆسەکە کرد و گوتی: دوای ٢٠ـی ئۆکتۆبەر کە ھەڵبژاردنی گشتی بەرێوەچوو، نزیکەی ٤١ ھەزار فەرمانبەر بەشداریان لە پرۆسەی بەڕێوەچوونی دەنگدانە کرد، ھەروەھا زیاتر لە ١٨٠٠ چاودێریش لە تەواوی وڵاتان و کونسوڵخانەکان و کۆمکاری عەرەبی ئامادەی پرۆسەکە بوون بۆ چاودێریکردن، ھەروەھا زیاتر لە ١٠ ھەزار چاودێری ناوخۆش بەشداربوون لە پرۆسەی ھەڵبژاردن، ھەموو ئەو سکاڵایانەی تۆمارکرابوون لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیاران پێداچوونەوەیان پێداکراوە.
ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ڕاگەیاند، ھەرێمی کوردستان پیشانی دا کە دەکرێت دیموکراسی بەھێز بێت، زیاتر لە ٧٠%ی خەڵک بەشداریان لە ھەڵبژاردن کرد ئەوەش نموونەیەکی زۆر باشە بۆ ھەر ھەڵبژاردنێک.
ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، گوتی: شاندێک دروست دەکەین لەسەر بنەمای ئەوەی کە ئێمە ڤیتۆمان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ھیچ لایەنێک ئەوانەی کورسییان بەدەستھێناوە نییە، دەرگامان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ھەموو لایەنەکان کراوەیە، قۆناغی دوای ھەڵبژاردن پارتی وەکو براوەی یەکەم پابەندە بە دروشمەکانی خۆی کە ھێنانەدی ئارامی و ئاوەدانی، پێکەوەیی و خۆڕاگرییە، بۆ ئەوەی بتوانین خۆراگر بین.