سەرچاوەیەکی ڕۆژنامەوانی پارتی: لێدوانەکانی بافڵ تاڵەبانی لە دیداری میری چەواشەکارانە و تێکدەرانە بوون

سەرچاوەیەکی ڕۆژنامەوانی پارتی: لێدوانەکانی بافڵ تاڵەبانی لە دیداری میری چەواشەکارانە و تێکدەرانە بوون

ئەمڕۆ چوارشەممە ٣٠-ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، سەرچاوەیەكی ڕۆژنامەوانی لە پارتی دیموكراتی كوردستان لە ماڵپەڕێ فەرمی پارتی وەڵامی قسەکانی بافڵ تاڵەبانی لە دیداری میری دایەوە و تێیدا هاتووە:

ئەمڕۆ لە دیداری میری لە شاری هەولێر بافڵ تاڵەبانی بەداخەوە وەك بڵێی هێشتا تای بانگەشە بەری نەدابێت لەچوارچێوەیەكی نامەنتقی و لووتبەرزانە و حیسابنەكردن بۆ ئیرادەی خەڵكی كوردستان و ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و ئادابی ئاخاوتن دەرفەتی بۆ ڕەخسا، دیسان چەواشەكارانە و تێكدەرانە بدوێت. هەروەكچۆن خۆیشی نەیشاردەوە كە شارەزا و مامۆستای تێكدانن.
گەلی كوردستان لە كەشێكی ئارام و ئاشتیانەدا لە بیستی ئۆكتۆبەر بەشداری هەڵبژاردنێكی نموونەیی بوو و ئەم هەڵبژاردنە لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پێشوازییەكی گەرمی لێكرا. هیچ یەك لەو هاتوهاوارانەی بافڵ تاڵەبانی لە كاتی بانگەشەدا ئیدعای دەكرد نەهاتەدی، ئەگەرچی هەڵبژاردنەكە بووە چوار بازنە و كورسیی كۆتایش كەم كرایەوە، بەڵام ڕووخاندنی پارتی و كۆتایهێنان بە پارتی، كە بافڵ پڕ بە گەرووی خۆی دەیقیڕاند، ڕێك پێچەوانەكەی دەرچوو، كۆمیسیۆن سەركەوتوو بوو و هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و، بەبێی ئەو زۆمبیانەش بەڕێوەچوو، كە بافڵ ئیدعای دەكرد. بافڵ كە خۆی بە ماتماتیكزان لە قەڵەم دەدات چاوی ئەوە نابینێت، كە پارتی ڕێك دوو هێندەی یەكێتییەكەی ئەو دەنگی هێناوە.
بافڵ لەم پانێڵە زۆر قسەی بێسەروبەری كرد، كە ڕەنگدانەوەی عەقڵییەتی سنووردار و ناواقعبین و خۆسەپێنی ئەوە، ئەو گوتی دەڤەری سەوز بە ڕاستی سەوزە، ئەگەر ئەوە تاكڕەویی و خۆسەپاندن نەبێ ئەی چ ناوێكی لێ دەندرێت، بافڵ زۆر بە ئاسانی دەنگ و ڕەنگی دەیان هەزار دەنگدەری تری سنووری سلێمانی نادیدە دەگرێت و چاوی تەنیا خۆی و ڕەنگی حزبەكەی خۆی دەبیێنت، باشە ئەگەر بافڵ بەقەدەر پارتی دەنگی هێنابا لە پانێڵەكە چۆن قسەی دەكرد؟!..
بافڵ لە پانێلەکەدا پەنای بۆ هەموو جۆرە ناڕاستیەک برد و چیرۆکی سەیر و سەمەرەشی هۆنییەوە، گوایە لە دهۆک ڕێگری لە خوێندنی ئەندامانی یەکێتی دەکرێت و دوکانیان دەڕووخێندرێت. ئەو چەواشەکارییەی پێش ئەوەی بۆ خەڵکی ئاسایی مایەی پێکەنین بێت، لای ئەندامانی خۆیان لە دهۆک دەبێتە درۆیەکی شاخدار و ڕووی ڕاستیی ئەویان باشتر بۆ دەرکەوت.