نێچیرڤان بارزانی: گەلی کوردستان سەلماندی شایەنی ئەوەیە زۆر زیاتری بۆ بکرێت

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەراوێزی دیداری مێری، بەشداریی لە پانێڵێک کرد بە ناونیشانی “هەرێمی کوردستان لە دەوروبەرێکی پشێودا”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دەستپێکدا لە بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند “هەڵبژاردن بابەتێکی گرنگ بوو بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە ڕەوایەتیدان بوو بە سەرچاوەی دەسەڵاتی هەرێمەکە، دواکەوتنی هەڵبژاردن بۆ هەرێمەکە زۆر خراپ بوو.”
ئاماژەی بەوە دا “براوەی گەورە لەم هەڵبژاردنە خەڵکی هەرێمی کوردستان بوو. پرۆسەی دیموکراسی لە کوردستاندا بە شێوەیەکی باش و لەسەر ڕێچکەیەکی دروست خەریکە گەشە دەکات، هەروەها لە چوارچێوەی ئەم پرۆسەیەدا گەلی کورد سەلماندی کە شایستەی هەموو شتێکە بۆی بکرێت.”
نێچیرڤان بارزانی، دەڵێت: “جێی خۆیەتی پیرۆزبایی لە هەموو گەلی کوردستان بکەم، بۆ بەشداریی لەم هەڵبژاردنە، هەروەها بە هەموو پێوەرێک ئەم هەڵبژاردنە زۆر سەرکەوتوو بوو.”
گوتیشی: “ئێستا ئێمە لە قۆناغی دوای هەڵبژاردنداین و دەبێت پێکەوە کار بکەین، ئۆپۆزیسیۆن دەتوانێت ڕۆڵی خۆی ببینێت لە پەرلەمان، هەروەها بوونی ئۆپۆزیسیۆن لە هەر سیستەمێکی سیاسی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ چاودێریی کارەکانی حکوومەت.”
سەرۆکی هەرێم ڕوونی کردەوە “هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی زۆر گەورەدان، دەبێت لە ئاست متمانەی هاووڵاتییاندا بن.”
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە “دەبێت لە کەشی هەڵبژاردن بێینە دەرەوە و هەڵبژاردن تازە تەواو بوو و دەبێت بە زووترین کات حکوومەت پێک بهێنین و کاتی ئەوە هاتەوە لایەنە سیاسییەکان بە دڵێکی فراوان لەگەڵ یەکتردا دابنیشن.”
نێچیرڤان بارزانی گوتی: “هیچ هێزێک لە هەرێمی کوردستان ئەو ژمارە کورسییەی نییە کە بە تەنیا بتوانێت حکوومەت پێک بهێنێت، ئەوەی گرنگە کە هێزە سیاسییەکان هەموویان بتوانن پێکەوە هاوپەیمانییەک دروست بکەن و بە زووترین کات حکوومەت پێک بهێنن.”
ئاماژەی بەوەش کرد “گەلی کوردستان چاوەڕێی ئەوە دەکات بە زووترین کات حکوومەت پێک بێت، ئەم بابەتەش هەم بۆ ئێمە گرنگە، هەم بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراق گرنگە.”
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەبارەی دوو ئیدارەییەوە دەڵێت: “ئێمە هەرگیز نابین بە دوو ئیدارە، باوی ئەو قسانە نەماوە، هەرێمی کوردستان چوارچێوەیەکی دەستووریی هەیە.”
گوتیشی: “ئەگەر بیر لە دوو ئیدارەیی بکرێتەوە، ئەوا هەرێمی کوردستان دەبێتە سفر ئیدارە.”
هەروا گوتی: “ئێستا کاتی ئەوەیە مۆدێلێکی ڕێکوپێک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی بتوانین کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا چارە بکەین، هەر چەندە هەڵبژاردن دەرفەتێکی نوێی بۆ چارەکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا ڕەخساندووە.”
لە درێژە قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو “مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان مامەڵەیەکی فیدراڵیی نییە، بەڵکو زۆر بە مەرکەزییانە مامەڵەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا کردووە.”