مونا قەهوەچی: ئەو حزبانەی دەنگەکانیان کەمی کرد ڕای خۆیان لەسەر هەڵبژاردنەکە گۆڕی

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، ڕاگەیاند، ھەندێک لە لایەنەکان گەمەیان بە دەنگدەری خۆیان کرد، ھەر ئەوەش وای کرد دەنگدەر و لایەنگرانی ئەوان دەنگیان پێ نەدەن و سزا بدەن، دواتر کە زانیان خەڵک دەنگیان پێ نەداوە ھەستان بە تۆمەتبارکردنی کۆمیسیۆن و گوتییان ساختەکاری کراوە و دەستکاری دەنگەکانی ئێمە کراوە.

مونا قەھوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: بە چاودێری ٣٠ وڵات و سەدان ڕێکخراوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕۆژنامەنووسانی عەرەبی و جیھانی، کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق دوور لە تەزوویر و دەستێوەردانی سیاسی ھەڵبژاردنێکی ڕێکوپێکی بەڕێوەبرد.
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، دەشڵێ: نابێت لایەنەکان پێش ڕووداوەکان بکەون، ھەتا ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردن ڕانەگەیەنرێت کە بڕیاروایە ئەمڕۆ چوار شەممە ڕابگەیەنرێت، ھەندێک لە لایەنەکان پێش ھەڵبژاردن قسەیەکیان دەکرد و ئێستاش قسەیەکی دیکە دەکەن، ھێشتا ھەر ھیچ نەبووە بڕیاری خۆیان داوە، ئەوەش یاری کردنە بە دەنگی خەڵک و دەنگدەری خۆیان، ئەمە لە کاتێکدایە لە بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵک ڕابکێشن و دەنگ کۆبکەنەوە بە دەیان قسەی بریقەداریان کرد، بەڵام دواتر کە بۆیان دەرکەوت خەڵک پشتی لە ئەوان کردووە و دەنگدەر و لایەنگرانی ئەوانیش دەنگیان پێ نەداوە، ھەستان بە تۆمەتبارکردنی کۆمیسیۆن و گوتییان ساختەکاری کراوە و دەستکاری دەنگەکانی ئێمە کراوە.
سەبارەت بەوەی بۆچی حزبی دەستەڵاتدار دەنگەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، مونا قەھوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، دەڵێت: ئەو حزبە لەگەڵ ئێش و ئازاری خەڵکە، ئەو کار و پڕۆژانەی ئەنجامداوە لە بەرژەوەندی تەواوی خەڵکی ھەرێمی کوردستانە بە تەواوی پێکھاتەکانەوە، کاتێک دەبێتە ھەڵبژاردن و خەڵک دەنگ دەدات، ھاووڵاتییان دەزانن دەنگ بە کام حزب دەدەن، دەزانن کێ پاشەڕۆژی ئەوان دابین دەکات و سەقامگیری کوردستان دەپارێزێت، بۆیە ھەر ئەوەش ھۆکار بووە کە دەنگی حزبی دەستەڵاتدار بەڕێژەیەکی بەرچاو زیاد بکات، ئەو حزبانەی کە دژی دەستەڵات بوون ھیچ بنەمایەکیان نییە لە دژایەتی کردن تەنیا بۆ ئەوە بوو دەنگدەری خۆیان ڕازی بکەن، ئەوەش وای کرد دەنگ و کورسییەکانیان کەم ببنەوە.