ئەمڕۆ دەرەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕادەگەیەنرێت

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەرەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی بیستی مانگ ڕابگەیەنێت. لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی لە لایەن کۆمسیۆنەکە هەندێک لایەن و کاندید تۆمەتیان هەڵبەست و گومانیان خستە سەر هەڵبژاردن و کۆمسیۆن، بەڵام دوای ئەوەی هیچ شتێکیان بۆ نەسەلمێنرا و ڕووبەڕووی ڕەخنە و گازندەیەکی زۆر بوونەوە، بە خشکە خەریکە لێی دەکشێنەوە.

ئەو هەنگاوانەی کە هەندێک کەس و لایەنی ناڕازی لە دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە هەرێم نایان دوای ئەوەی لە لایەن کۆمەڵگەی کوردستان پێشوازییان لێ نەکرا و ڕووبەڕووی گاڵتەجاڕی بوونەوە، سست بووە و خەریکە پاشەکشێی لێ دەکەن، ئاخر هەڵبەستنی تۆمەت ڕەنگە بۆ هەموو کەسێک ئاسان بێت بەڵام سەلماندنی نەک قورسە بگرە ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتییان دەکاتەوە.
لە دوای هەڵبژاردنی بیستی مانگی تشرینی یەکەم هەموو شتێک لە کوردستان تا کۆتایی هاتنی هەڵبژاردن و تەنانەت خوێندنەوەی سەرەتایی دەرەنجامەکان ئاسایی بوو و هەمووان دڵیان بە پڕۆسەکە خۆش بوو، دوای ڕۆژێک لە دەنگدان بە تایبەتی لە ئێوارەی بیست و یەک مانگ کە دەرەنجامە بەراییەکان لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بڵاو کرانەوە و لایەنەکانی براوە و دۆڕاو دەستنیشان کران و هەمووان زانیان سەنگ و پێگە و کورسییان لای جەماوەر چەندە، بۆ شاردنەوەی شکستەکانیان ڕێگەیەکی هەڵەیان هەڵبژارد.
لە ڕاگەیاندنی دەرەنجامی هەڵبژاردن لە هەموو شوێنێکی جیهان دوو کلتووری جیاواز هەیە یەکێکیان کلتوورێکی شارستانییە کە لایەنی دۆڕاو خێرا شکست قبوڵ دەکات و پیرۆزبایی لە لایەنی بەرانبەر دەکات و تەنانەت هەندێک جار لە سەرکردایەتی حزبەکەی خۆی واز دەهێنێت و بە کەسانی دیکەی دەسپێرێت بۆ ئەوەی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو هەڵەکان ڕاست بکاتەوە.
کلتووری دووەم کلاسیک و کۆنە و هێشتا ئەو جۆرە کلتوورە بە تایبەتی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات باوە و کەسی دۆڕاو ئامادە نییە شکستەکەی قبوڵ بکات و پێی وایە ئەگەر شکست قبوڵ بکات ئەوا هەتاهەتایە لە شکستەکانی بەردەوام دەبێت و بۆیەش خێرا تۆمەتێک یان گومانێک دەخاتە ڕوو و بۆ ئەوەی لانی کەم لایەنگرەکانی خۆی ڕازی بکات و بڵێت ئێمە بەهێزین و تەنیا فێڵمان لێ کراوە، ئەو شێوازە هەڵدەبژێرێت و لە خولەکانی داهاتووشدا دووبارەیان دەکاتەوە.
هەرێمی کوردستانیش لەم کلتوورە بەدەر نییە و لە هیچ هەڵبژاردنێکی هەرێمی کوردستان نەبووە لایەنی دۆڕاو هەرا نەنێتەوە و لایەنی بەرانبەر بە ساختەکار لەقەڵەم نەدات.
ئەو جۆرە تۆمەت و گومانە لە گەڕەکانی پێشتری هەڵبژاردن بازاڕەکەی خۆشتر بوو و کەم نەبوون ئەوانەی لە کوردستان وا بیریان دەکردەوە کە دەبێت ساختەکارییەک هەر ڕوویدابێت، پاساوەکەشیان ئەوە بوو کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن هی هێزە سەرەکییەکانی پێکهێنەری حکوومەتە و بەهۆی ئەوەی کە دەسەڵاتەکانی کۆمسیۆن لەبەردەستی خۆیاندایە بە گوێرەی بەرژەوەندیی خۆیان کۆمسیۆنەکە بەکار دەهێنن و هەندێک دەرگای ساختەکاری دەکەنەوە.
هەڵبژاردنی ئەم جارە بە پێچێەوانەی هەڵبژاردنەکانی پێشتر لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەچوو و هەموو بەرپرسیارێتییەکی بەرێوەبردنی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان لەم خولەدا وەرگیرایەوە و لەم حاڵەتەشدا شتێکی ئاساییە کە حزبی دەسەڵاتدار ئەگەر لە ڕابردوودا گومانێکی لەسەر بێت ئەم جارە ئەو گومانە دەڕەوێتەوە.
دەرەنجامی هەڵبژاردنی ئەم خولە دوو دەستکەوتی گەورەی بۆ لایەنی دەسەڵات هەبوو، یەکەمیان ئەوەیە کە لە هەڵبژاردنەکەدا سەرکەوت و دووەمیش ئەوەیە هەموو ئەو گومانانەی ڕەواندەوە کە لە ڕابردوودا لێی کرابوو، ئەو خەڵکەی پێیان وابوو پارتی بۆیە یەکەمی بێ ڕەکابەرە چونکە کۆمەڵێک ڕێگای ساختەکاری دووبارە دەکاتەوە، ئەم جارە ڕایان بە تەواوی گۆڕاوە و بۆیان دەرکەوت ئەو حزبە چەندە لە نێو دڵی خەڵکدا ڕیشەدارە و چ پێگەیەکی پتەو و قایمی لە کوردستاندا هەیە، هەمووان زانییان ئەوەی لە ڕابردووشدا کراوە بەخشینەوەی تۆمەت بووە.
کاتێک دەبینرێت لایەنی سێیەم کە تەنانەت هەندێک وردەکێشەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، هەڵبژاردن بەڕێوە دەبات و لە ئاکامەکەیدا پارتی زۆربەی کورسییەکان دەباتەوە، ئەوا لە لایەک شەرعییەتی زیاتر بە دەسەڵاتەکەی دەبەخشێت و لە لایەکی دیکە سەرنجی دەنگدەرانی تریش دەگۆڕدرێت و بۆیەش چاوەڕوان دەکرێت لە خولی داهاتوودا کە لە ساڵی ٢٠٢٨ دەکرێت کورسییەکانی پارتی زۆر زیاتر بن.
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەم کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەرەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن بە فەرمی ڕابگەیەنێت و دوێنێ جومانە غەلای گوتەبێژی کۆمسیۆنەکە ئەو زانیارییەی ڕاگەیاند، دوای ڕاگەیاندنی ئەم دەرەنجامە هەنگاوەکان بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان دەست پێ دەکات. لایەنە تۆمەتبەخشەکان ناچارن دەرەنجامەکە قبوڵ بکەن چونکە تەنانەت لای جەماوەرەکەی خۆشیان ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی دەبنەوە و هەر خۆیان زەرەری تێدا دەکەن.
هەرێمی کوردستان پێویستی بەوە هەیە هەرچی زووە دامەزراوەکان چالاک بکاتەوە و کابینەی نوێ دەست بە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی بکات چونکە لە بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی کوردستاندایە.
دوێنێ سێشەممە، هێمن هەورامی به‌رپرسی مه‌كته‌بی ڕێكخستنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە میدیاکانی ڕاگەیاند کە شاندێک پێک دەهێنن و گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکان دەکەن و بۆ ئەو مەبەستەش ڤیتۆیان لەسەر هیچ لایەنێک نییە بۆ گفتوگۆ.
ئەو هەروەها ڕوونی کردەوە کە لە قۆناغی دوای هەڵبژاردن، پارتی دیموکراتی کوردستان پابەندە بە دروشمەکانی خۆی ئەویش هێنانەدی ئارامی و ئاوەدانی و پێکەوەییە و زۆر گرنگە بە گیانێکی کوردستانیانە بۆ یەک هەرێم، یەک حکوومەت، یەک پەرلەمان، یەک هێزی پێشمەرگە بتوانن بەرنامەیەک بۆ چوارساڵی ئایندە دابنێن.
بەپێی دەرەنجامی بەرایی پارتی دیموکراتی کوردستان سی و نۆ کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بیست و سێ کورسی، نەوەی نوێ پازدە کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی حەوت کورسی، ڕەوتی هەڵوێست چوار کورسی، کۆمەڵی دادگەری سێ کورسی، بەرەی گەل دوو کورسی، گۆڕان یەک کورسی و هاوپەیمانی کوردستان یەک کورسی بەدەست هێناوە و دیار نییە دەرەنجامەکانی کۆتایی هیچ گۆڕانکارییەک لە ژمارەی کورسیی لایەنەکان دەهێنێتە کایەوە یان نا.