مەسرور بارزانی : هەڵبژاردن زۆر گرنگ بوو بۆ هەرێمی کوردستان

 

ديداری ئینستیتیوتی مێری 2024، بە ناونیشانی (بەرەو حوكمڕانیی دروست و خۆشگوزەرانی) ئەمڕۆ سێشەممە، 29-10-2024، چالاکییەکانی لە هەولێر دەستی پێ کرد و دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند “هەڵبژاردن زۆر گرنگ بوو بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ گەڕاندنەوەی شەرعییەت بۆ هەموو دامەزراوەکان و پێگەکانی حوکمڕانی و دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان.”
گوتیشی: “دەبووایە پێش دووساڵ ئەو هەڵبژاردنە بکرێت، بەلام لەبەر هەندێک هۆکاری دیار و پێداگریی هەندێک لایەن هەڵبژاردن دوا خرا، تاوەکوو گەیشتە ئەو حاڵەتەی داوای گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن کرا؛ هەروەها داوای نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان کرا، وە داوای ئەوەش کرا کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە بەغدا سەرپەرشتیی هەڵبژاردن بکات.”

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەش کرد، “هەموو ئەو شتانە وای کرد، ئێمە لە 20ـی ئەم مانگە هەلبژاردنمان کرد، بەبەشداری لەسەدا 72ـی خەڵکی هەرێمی کوردستان، کە ەئەمش ئاماژەیەکی دیارە، کە خەلکی هەرێمی کوردستان وشیارە و بەدەنگدان بەو لایەنەی کە متمانەیان پێ هەیە، دیاریان کرد کە چیان دەوێت.”

مەسرور بارزانی گوتیشی: “ئێستا کە چاوەڕوانی ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردن دەکەین، ئەو کات بەدیار دەکەوێت کە ئەنجامەکان چۆنن، هیوادارم هەموو لایەک بتوانن قبوڵی بکەن، ئەگەرچی تێبینیش هەبووبێت، بەڵام بێگومان بەبەشداری لایەنی نێودەوڵەتییەکان دیار بوو کە هەڵبژاردنێکی باش بووە”.

سەرۆک وەزیران باسی لەوەش کرد، “هەموو ئەو لایەنە سیاسییانەی بەشداربوون لە پرۆسەکە وایان کرد، هەڵبژاردن سەرکەوێت، هەروەها لایەنگرانی لایەنەکانیش بەبشداریکردنیان وایان کرد کوردستان لەو پرۆسە سیاسیە سەرکەوتووبێت و یەکەم بێت، گوتیشی: زۆر لایەن هەبووە پێش هەڵبژاردن پێشبینی ئەنجامێکی کردووە، بەڵام دوای هەڵبژاردن کە ئەنجامەکان بەشێوەیەک دەرچووە ئێستە هەڵوێستی دیکەیان وەرگرتووە”.

مەسرور بارزانی گوتی: پێویستە ئیدی خەڵکی کوردستان پێویستە لەمە تێبگات ڕاستییەک هەیە، دەبێت ئەو ڕاستییە قەبوڵ بکرێت، ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە ڕای ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان بووە کە خەڵکی کوردستان متمانەی بەکێ کردووە، هاوکات ئەو هەوڵە چەواشەکارییانە کە زۆر شت بە شێوەیەکی دیکە وێنا دەکرا، ئێستا بۆ خەڵک بەدەرکەوتووە ئەو قسانە ئەسڵ و ئەساسی بۆ نەبووە و پێگەی نەبووە، خەڵکی بەڕای خۆیان بەدەریان خست و ئاشکرایان کرد لکە چ جۆرە داهاتووێک و چ پاشەڕۆژێکیان دەوێت، هەر لەم ڕوانگەوەش پارتی وەکو حزبی براوەی ئەم هەڵبژاردنە ڕاستگۆ دەبێت لەگەڵ پەیامەکانی خۆی کە پەیامی ئاوەدانی بووە، پەیامی ئاشتی بووە، پەیامی پێکەوە ژیان بووە، پەیامی ئارامی بووە، پەیامی خۆڕاگریی بووە، ئەم پەیامانە هەڵقوڵاوی ناخی پارتین، ئەوە ئەم ڕێبازەیە کە پارتی لەسەری پەروەردە کراوە، پارتی لەسەری کاری کردووە، لەمەودواش لەگەڵ هەر کەسێکی دیکە کە بیەوێت بەشدار بێت لە حکوومەت، هەوڵ دەدات وەڵامدەرەوەی ویست و خواستی خەڵک بێت کە ئەوان دەیانەوێت وڵاتێکی ئارامیان هەبێت، وڵاتێکی گەشەسەندوویان هەبێت، وڵاتێکیان هەبێت ڕۆژ دوای ڕۆژ هەنگاو بنێت، گوتی: ئێمە دەتوانین ئەوەتان پێ بڵێین کە پارتی و ئێمە ڕاستگۆ دەبین لەگەڵ بەڵێنەکانمان و ڕاستگۆ دەبین لەگەڵ خەڵکی کوردستان.