وەزیری دارایی: ئەوەی ئاستەنگ بۆ ‘هەژماری من’ دروست بکات، دووچاری لێپرسینەوە دەبێت

وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەداتە بانکە بازرگانییەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و دەڵێت، هەر کەسێک ئاستەنگ و رێگری بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی ‘هەژماری من’ دروست بکات، دووچاری لێپرسینەوە دەبێت.
بەپێی نووسراوێکی وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ژمارە 390 کە لە رۆژی 28-10-2024 بە واژۆی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی دەرچووە و ئاراستەی بانکە بازرگانییەکانی (مەڵکەندی، توی مەلیک، تانجەڕۆ، هەڵەبجە و چەمچەماڵ) کراوە، داوایان لێکراوە پابەند بن بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ‘هەژماری من.’
لە نووسراوەکەدا هاتووە “هەر بەڕێوەبەر و فەرمانبەرێک لەو بانکانەی تایبەتکراون بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە، رێگری و ئاستەنگ بۆ کارمەندانی ‘هەژماری من’ دروست بکات، دووچاری لێپرسینەوە دەبێت.”
بەگوێرەی زانیارییەکان  کە لە یەکێک لەو بانکانە وەریگرتووە، کە نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی بۆ نێردراوە، تاوەکو ئەمڕۆ داواکەی وەزارەتی دارایی جێبەجێ نەکراوە.
بەرپرسی یەکێک لە بانکەکان کە پێشتر تێیدا فۆڕمی ‘هەژماری من’ـیان پڕکردووەتەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت “هەموو ئەو کارمەندانەی فۆڕمەکەیان پڕدەکردەوە بە زارەکی ئاگادارکراونەتەوە و چوونەتەوە ماڵەوە و تاوەکو ئەمڕۆش نەگەڕاونەتەوە.”
رۆژی پێنجشەممە، 24-10-2024 سەرچاوەیەک لە بانکی ‘تووی مەلیک’ لە سلێمانی بە رووداوی گوت، نزیکەی 10 رۆژە، کارکردنی تیمەکانی پڕکردنەوەی فۆڕمی ‘هەژماری من’ لە بانکەکە راگیراوە.
بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی ‘هەژماری من’ حکومەتی هەرێمی کوردستان سێ رێگەی گرتووەتەبەر، یەکەمیان پڕکردنەوەی فۆڕمەکەیە بە شێوەی ئۆنلاین، دووەم پڕکردنەوەی فۆڕمەکەیە لە رێگەی یەکەی ژمێریاریی وەزارەت و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سێیەمیان پڕکردنەوەی فۆڕمەکەیە لە رێگەی تیمەکانی تایبەت بە ‘هەژماری من’، کە بەشێوەی کاتی دەچنە بانک و دامەزراوەکان.
سەرچاوەکەی بانکی تووی مەلیک گوتی “نزیکەی 10 رۆژ لەمەوبەر، کاری ئەو تیمە لە بانکەکەمان راگیرا، چونکە لەکاتی دابەشکردنی مووچەدا قەرەباڵخی لە بانکەکەدا دروست دەبوو، پڕکردنەوەی ئەو فۆڕمەش هۆکاربوو بۆ ئەوەی قەرەباڵخییەکی زۆر دروستبێت و لۆد لەسەر کارمەندانمان دروست ببێت.”
بەڵام ‘تیمی هەژماری من’ لەبارەی پڕکردنەوەی فۆڕم بۆ مووچەخۆران بە رووداوی گوتبوو “ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی دەیانەوێت فۆڕمەکە پڕبکەنەوە، دەتوانن لە رێگەی ئۆنلاین و یەکەی ژمێریاری، وەزارەت یان فەرمانگەکەیانەوە فۆڕمەکە پڕیبکەنەوە.”
 تاوەکو ئێستا زیاتر لە 600 هەزار کەس تۆمار کراون، ئەم مانگە 153 هەزار کەسیان بە کارتی ئەلیکترۆنی مووچەی مانگی رابردوویان وەرگرت و، ئەوانی دیکەش هێشتا کارتەکانیان نەگەڕێندراونەتەوە.
دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا کە رۆژی 27-10-2024 ئاراستەی وەزارەتی داد – داواکاری گشتی، وەزارەتەکانی ناوخۆ و دارایی کردووە رایگەیاندووە، “هەر بەڕێوەبەری بانکێک، یان ئەفسەر و پۆلیسێک رێگری لە کارمەندانی ‘هەژماری من’ بکات، سزا بدرێت.” داواکاری گشتی بە فەرمی داواکەی گەیاندووەتەوە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە.
نووسراوەکەی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کە ژمارە 5171 و واژۆی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی لەسەرە، تێیدا هاتووە، “پشتبەست بە پەسندکردنی ئەنجوومەنی وەزیران، پڕۆژەی ‘هەژماری من’ پڕۆژەیەکی گشتگیر و بەردەوامە لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆکوەزیران.”
لە وەڵامی ئەو نووسراوەدا، وەزارەتی داد – داواکاری گشتی، بە ناونیشنانی “نهێنی و بەپەلە” لەسەر رێگری لە کارمەندانی پڕۆژەی ‘هەژماری من’ نووسراوێکی ئاراستەی فەرمانگەکانی داواکاری گشتیی لە سلێمانی، هەڵەبجە، راپەڕین و گەرمیان کردووە.
لە نووسراوەکەدا کە ژمارە 68ـی لەسەرە هاتووە، “سەبارەت بە رێگری لە کارمەندانی ‘هەژماری من’ لە سنووری فەرمانگەکانیان سکاڵای سزایی و رێکاری یاسایی پێویست بگرنەبەر دژی هەر کەس و لایەنێک رێگری دەکات لە کارکردنیان بە پێی مادەکانی (240 – 231 – 232 – 329) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969ـی هەموارکراو، وە هەر مادەیەکی دیکەی یاسایی گونجاو”.
تاوەکو ئەمڕۆ 219 ئامێری راکێشانی پارە کە بە (ATM) ناسراون لە 71 شوێنی جیادا لە هەرێمی کوردستان دانراون.