دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

بەشێکیان لە دەنگەکانیان ڕازین بەڵام سەرکەوتنی پارتی بە شکستی خۆیان دەزانن

ماردین بابانی – هەولێر

 

وا بڕیارە سبەینێ کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە هەولێرەوە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ٢٠ی ئۆکتۆبەر ڕابگەیەنێت کە تا ڕادەیەکی زۆر ئەنجامەکانی یەکلایی بووەتەوە و بە وتەی کۆمیسیۆن سکاڵاکانی ئەم هەڵبژاردنە بەو ڕێژەیە زۆر نابن کە کاریگەریی لەسەر ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن دروست بکات.

هەڵوێستی سەرجەم لایەنەکان بەر لە هەڵبژاردنەکە ڕوون و ڕاشکاو بوو کە ئەم هەڵبژاردنە، یەکێک دەبێت لە هەڵبژاردنە نموونەییەکانی کوردستان بەوپێیەی خۆیان باسیان لەوە دەکرد، کۆمیسیۆنەکە لەژێر دەستی هیچ لایەنێکی سیاسیدا نییە و عێراق سەرپەرشتی دەکات و لیستی تۆماری دەنگدەران خاوێنە و ناوی ساختە و دووبارەی تێدا نییە و وەک ئەوەی خۆشیان باسیان لێوە دەکرد، هەڵبژاردنەکە ٤ بازنەییە و تێیدا هەموو حزبە سیاسییەکان دەتوانن لەو سیستمە سوودمەند بن و حزبی باڵا دەست نامێنێت.
ئێستا کە ئەنجامەکان بۆ خەڵکی ڕوون بووەتەوە، لە شەرمەزاری وتەکانی پێشوویاندا بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان وەک ئەوەی بە شەرت دۆڕاندنی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا بەشدار بووبن، بێ بوونی هیچ بەڵگەیەک ئەنجامەکان بە ناڕاست و ساختە و دیزاینکراو لە قەڵەم دەدەن، بێ ئەوەی بتوانن هیچ لایەنێک و هیچ دەستە و دامەزراوە و وڵاتێک بەوە تۆمەتبار بکەن کە ساختەکاری و دیزاینی ئەنجامەکانی کردبێت.
چاودێرێکی سیاسی، لەوبارەیەوە بە هەولێری ڕاگەیاندووە؛ هەڵبژاردنەکە لە هیچ ڕوویەکەوە قسەوباس هەڵناگرێت، ئەوەی ئەو لایەنانە سەرەتا باسیان دەکرد ئەوە بوو، ئامێرەکانی دەنگدان جێگای مۆری دەنگدەرانیان گۆڕیوە و لە بەرژەوەندی چەند حزبێک ئۆتۆماتیکی دەنگیان داوە. بەڵام هەر زوو کۆمیسیۆن هەموو ئاسانکارییەکی بۆ کرد تاکو بیسەلمێنن و چەندین ئامێریان کەت و پارچە کرد و دەرکەوت ئەوانە گومانن و ئەسڵی نییە. ئێستا کە ئیتر هیچ نیانوو هەنجەتێکیان نەماوە، ڕاستەوخۆ و بێ شیکاری و ڕوونکردنەوە دەڵێن دڵنیابووینەوە لەوەی ئەنجامەکان ساختە کراون، بێ ئەوەی تەنانەت بە دەنگدەرانی خۆشیان بڵێن چۆن ئەو دڵنیاییەیان دەستکەوتووە و بۆچی ئەو دڵنیابوونەوەیە نابەنە کۆمیسیۆن و بەرگری لە دەنگی دەنگدەرانیان بکەن ؟
ئەو چاودێرە باس لەوە دەکات، پێدەچێت هەموو پلان و کار و بەرناەی ئەو لایەنە سیاسییانە ئەوە بووبێت بە خوێندنەوەی بارودۆخەکە و ئەو فشارانەی لەسەر هەرێمی کوردستان دروستکرابوو پارتی هەڵبژاردنەکە بدۆڕێنێت. بەو پێیەی خۆیان لە بانگەشەی هەڵبژاردن خاوەنی هیچ پرۆژە و کارنامە و پلانێک نەبوون جگە لە درووشمە ڕووخێنەرەکانیان کە ئاراستەی پارتیان دەکرد و مەبەستیان بوو پارتی لەم هەڵبژاردنەدا بدۆڕێت، ئیتر بۆ خیان گرنگ نەبوو تا چەند سەرکەوتوو دەبن! بە بڕوای ئەو چاودێرە، ئەمە دەمانگەیەنێتە ئەو بڕوایەی کە بەشێک لەو لایەنە سیاسییانەی ئێستا ئەنجامەکان ڕەت دەکەنەوە، دەنگەکانی خۆیان ڕەت ناکەنەوە و هەر چاوەڕێی ئەوەندەشیان دەکرد، بەڵام ئەوان بە سەرکەوتنی پارتی و زیادبوونی دەنگەکانی پارتی شۆک بوون و ئەوەیان ڕەت دەکەنەوە. کە ئەمەش بە پێی لێدوانی ئەو چاودێرە؛ ئەوپەڕی ئیفلاسی سیاسی و ئیتیحاری حزبییە سەرکەوتنی خۆت لە شکستی لایەنی دیکەدا ببینی. بە بڕوای ئەو چاودێرە، قۆناغی داهاتوو بۆ پارتی یەکلاکەرەوەیە، بەوپێیەی ئیستا لە واقیعێکدایە دڵنیایە لەوەی بەشی زۆری حزبەکانی کوردستان خاوەنی ئەجێندایەکی تێکدەرانە و نابەرپرسیارانەن بەرابەر پارتی و حوکمڕانییەکەی و تەنانەت بەرامبەر خەڵکی کوردستانیش، بۆیە دەبێت لە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەم پارتی زۆر هۆشیارانە و بە ئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ لایەنەکان بکات و تۆزێک لەو سۆزە فراوانەی خۆی خۆشبێت کە لە ڕابردوودا بەرامبەر هەموو لایەنەکان پیشانی داوە و دەبێت مەرجەکانی بەشی ئەوە قورس بن بۆ بەشداربووانی کابینەکە کە جارێکی دیکە لە نیوەی ڕێگا بەرپرسیارییەتییەکان بە تەنیا نەخەنەوە سەرشانی پارتی و هەنگاوەکانی لەگەڵ تەواو بکەن.