یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

جارێکی تر لە سلێمانی چەکدارێکی هێزە ئەمنییەکان کاسبکارێکی کوشت

هەواڵە تراژیدی و چەکدارییەکانی پارێزگای سلێمانی بەردەوامیان هەیە و دوێنێ کاسبکارێکی دیکە بە فیشەکی چەکدارێکی هێزە ئەمنییەکان کە پێشتر ئەفسەر بووە لە یەکێک لە هێزەکان، کۆتایی بە ژیانی هات.

دوێنی، هاووڵاتی سەڵاح حەمەساڵح، کاسبکارێکی شاری سلێمانییە و پیشەکەی خۆڵڕشتنە. لە کاتی کارکردندا چەکدارێک ڕێگەی پێدەگرێت و زیان بە ئۆتۆمبێلەکەی دەگەینێت و دواتریش بە فیشەکێک کۆتایی بە ژیانی ناوبراو هێناوە.
بەپێی وتەی کەسوکاری کوژراوەکە، هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتییان لەگەڵ کەس نەبووە و ئەوەی ڕوویداوە ڕووداوێکی زۆردارانە بووە.
دوای ڕووداوەکە، برایەکی کوژراوەکە، بە کەناڵەکانی ڕاگەیاندووە، کوژراوەکە وەک ئەوەی پێشتر بینراوە زۆربەی کات جلوبەرگی هێزەکانی کۆماندۆی لەبەر کردووە و بە چەکەوە سووڕاوەتەوە و دەوترێت برایەکی بکوژەکە نزیکی وەهاب هەڵەبجەییە کە پلەدارێکی سەربازیی یەکێتییە و پێشتر لە کەیسی دیکەدا تاوانبارە.
باس لەوەش دەکرێت، کوژراوەکە ڕاهێنراو بووە و گومان دەکرێت سەر بە هێزەکانی کۆماندۆ بێت، دەشوترێت بکوژەکە ئۆتۆمبێلێکی هاوشێوەی سەرۆکی یەکێتی بەکار دەهێنا و بە ئارەزووی خۆی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکەی دەگۆڕی و پێشتریش تەقەی کردووە و هیچ کەس و لایەنێک لێپێچینەوەی لەگەڵدا نەکردووە و هاوولاتیانی ئەو ناوچەیەی بێزار کردووە کە لێی ژیاوە.
ئەم ڕووداوانەی ئەم دواییەی سلێمانی بە تەواوی هاووڵاتیان و دەستە و ڕیکخراوەکانی مافی مرۆڤی توڕە و بێزار کردووە و دەرهاویشتەی ئەو مامەڵە ناتەندروستەیە کە حزبی خۆسەپێن لەو دەڤەرەدا پیادەی دەکات و بە ئاشکراش لە هەر کارێکی کوشتندا ڕێگری لە هێزە ئەمنییەکانی وەک پلیس و ئاسایش دەکرێت و هێزی تایبەت بە کۆماندۆ و دژە تیرۆر ڕادەسپێردرێت لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوانە بکات کە بەتەواوی ئەو کارە پێچەوانەی دەسەڵاتی ئەو هێزانەیە.