لەم هەڵبژاردنەدا دووڕوویی هەندێک کەس و لایەنی سیاسی بۆ خەڵکی کوردستان سەلمێنرا

پەیامنێری هەولێر

 

 

هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان هەرچەندە باشتر و ڕێکوپێکتر لە هەر هەڵبژاردنێکی پێشتری هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو بەڵام لایەنە دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکانیان دەستیان بە گەڕێکی نوێی چەواشەکاری کردووەتەوە و دەیانەويت گومان بخەنە سەر کۆی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان.

ئەوەی جێی تێڕامان و لە هەمان کاتدا مایەی سەرسوڕمانی خەڵک و چاودێرانی سیاسییە ئەوەیە هەر ئەو کەسانەی ئێستا دەرەنجامی هەڵبژاردن ڕەت دەکەنەوە، بەر لە هەڵبژاردن بە شان و باڵی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیان هەڵدەگوت و پێی شاگەشکە ببوون.
بەخۆشییەوە سەردەمی ئەمڕۆ سەردەمی تەکنەلۆجیا و پەرەسەندنی میدیا و پێوەندییەکانە و هیچ شتێک لە چاوی خەڵک ون نابێت و کەس ناتوانێت ‌حاشا لە قسەیەک بکات کە پێشتر کردوویەتی و قسەکانی ئەمڕۆکەش وەک بەڵگە بۆ داهاتوو دەمێننەوە و نافەوتێن.
جگە لەمە سەردەمێک میدیاکان بەڵگەنامەکان و ڕاستی و دروستی زانیارییەکانیان دەخستە ڕوو و خەڵک لەرێی ڕۆژنامە و دەزگاکانی میدیا وەریاندەگرت و لێی ئاگادار دەبوون بەڵام ئەمڕۆ هەر تاکێک خۆی خاوەنی تریبونێکی تایبەت بە خۆیەتی و قسەکانی پێشتر و ئێستەی کاندید و نوێنەر و لایەنە سیاسییەکانیان لایە.
لەم ڕۆژانەدا کە هەندێک لایەنی سیاسی گومانیان خستووەتە سەر هەڵبژادن و دژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق وەستاون و دەرەنجامەکە ڕەت دەکەنەوە، خەڵک دەنگ و هەڵويستەکانی پيشووی ئەو کەسانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکەنەوە و پێیان دەڵین چی ڕوویدا کە سەدو هەشتا پلە وەرسووڕان و لە دۆست و لایەنگری سەرسەختی کۆمسیۆنەوە بوونە دژبەری کۆمسیۆن. خۆ ئەوانەی تێبینییان لەسەر کۆمسیۆن هەبوو بێدەنگن کاتێک بینیویانە کۆمسیۆن بێلایەنیی خۆی پاراستووە، خێرە ئەوانەی دەنگی کەمیان هێناوە ئەم جارە کۆمسیۆنەکە تۆمەتبار دەکەن.
خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەعلیق لەو کەسانە دەدەن و پيیان دەڵين تۆ بە کۆمسیۆنی هەرێم ڕازی نەبیت بە هی عێراق ڕازی نەبیت، خۆ ناکرێت وڵاتێکی تر یان لە مەریخەوە هەڵبژاردنت بۆ بەڕێوە ببەن.
بۆ نموونە هەمووان ئەو بەڵگەنامانەیان لایە کاتێک مەلا عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بەر لە هەڵبژاردن چی گوتبوو، ئەو لە یەکێک لە وتارەکانیدا گوتبووی”هەڵبژاردنی ئەم جارە زۆر پاک و چاکە و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەی دەبات.”
مەلا عەلی باپیر لە وتارێکی تردا دەڵێت ” هەڵبژاردنی ئەم جارە جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی تردا هەیە کە ئومێدبەخش و دڵخۆشکەرن، یەکەم ئەوەیە چوار بازنەییە بۆ ئەوەی ‌حزبێک کە لە یەک بازنە دەسەڵاتی هەیە لە ڕێی ئەو بازنەیەوە حوکمی شوێنەکاتی تر نەکات. دووەم پاککردنەوەی لیستی دەنگدەرانە کە پاک کراوەتەوە، سێیەم کۆمسیۆنی باڵا سەرپەرشتی هەڵبژاردن دەکات بۆیە ئەم جارە دەبيت ئومێدەوارتر بین، دڵخۆشتر بین و متمانەدارتر بین و خوا پشتیوان بێ هەڵبژاردنێکی پاک و چاک دەکرێت و ئەنجامی زۆر باشی دەبێت کە واقیعی هەرێمی کوردستانە.”
کۆمەڵی دادگەری و مەلا عەلی باپیر کاتێک لەم قسەیەی خۆی پاشگەز بوویەوە و لە دۆستی کۆمسیۆنەوە بوو بە دوژمنی کۆمسیۆن کە دەرەنجامەکەی زانی و کە دەبینێت کورسییەکانی لە ‌حەوتەوە کەم بوونەتەوە بۆ سێ کورسی لە جیاتی ئەوەی خۆی و حزبەکەی لە هۆکارەکەی بکۆڵنەوە و بزانن بۆچی خەڵکی کوردستان تەنیا بایی سێ کورسی متمانەیان پێ داوە و بۆچی پێگەکەی لاواز بووە، لە هۆکاری تر دەگەڕێن و تیۆریی پیلان دەخاتە ڕوو و ئەم جارە دەڵيت هەڵبژاردن دیزاین کراوە و ئەو کۆمسیۆنەی پێشتر بە شان و باڵی هەڵدەگوت، ئەم جارە زەمی دەکات.
ئەم وتاردانەی بەر لە هەڵبژاردن تایبەت نەبوو بەو کەسایەتییە سیاسییە بەڵکوو زۆربەی سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن و تەنانەت ئەوانەش کە بەشێک بوون لە حکوومەت و بەرگی ئۆپۆزسیۆنیان پۆشیبوو هەمان قسەیان دەکرد.
کەس ئەو قسانەی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکيتیی نیشتمانیی کوردستانی بیر ناچێتەوە کە بە هەموو دەنگی خۆی هاواری دەکرد ”ئەم جارە ناتوانن تەزویر بکەن ئەم جارە چوارسەد و پەنجا هەزار زۆمبی لە قەبر نایەنە دەرێ دەنگ بدەن،ئەم جارە کۆمسیۆن هی ئەوان نییە.”
هاوکات دکتۆر موسەننا ئەمین پەرلەمانتاری یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق، خۆی پێشتر گوتبووی یەکەم جارە کۆمسیۆنێک لە دەرەوەی کوردستان سەرپەرشتی هەڵبژاردن دەکات و لە هەڵبژاردنیشدا پشت بە تۆماری دەنگدەرانی کوردستان نابەستێت بەڵکوو پشت بە هی خۆی دەبەستێت، یەکەم جارە بازنەی زۆر هەیە، یەکەمین جارە لە کوردستان لە هەمان کات و شوێن دەنگەکان بە ئەلیکترۆنی و بەدەست دەژمێردرێن و لە هەمان کاتدا دەدرێنەوە دەستی نوێنەرانی لایەنەکان کە ڕێژەی تەزویر کەم دەکات و پاکترین هەڵبژاردن دەبێ کە لە کوردستان کرابێت.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق کە کورسییەکانی ‌حزبەکەی لەم هەڵبژاردنەدا لە چوار کورسی بۆ حەوت کورسی زیادی کرد و لە ڕەکابەریی پارتە ئیسلامییەکان بۆ مسۆگەرکردنی کورسی بە ڕێژەیەکی بەرچاو پێشی رەکابەرەکەی کەوتەوە. موسەننا ئەمین بۆ بەدواداچوونی ئەو گومانانەی خراونەتە ڕوو، خۆی ڕۆژی شەممە ڕای گەیاند سندووق و ئامێرەکانی دەنگدان لە پێش چاویان هەڵوەشێنراوەتەوە و هیچ بەڵگەیەکی دەست نەکەوتووە بیسەلمينيت دەستکاری دەنگی خەڵک کرابيت.
یەکێک لە لەو کەسانەی کە بەر لە هەڵبژاردن بە بایەخەوە لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراقی دەڕوانی و گواستنەوەی دەسەڵات لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم بۆ سەر عێراقی بە سەرکەوتن و هەنگاوێکی گرنگ لە ڕاستای پاکیی هەڵبژاردن و نەمانی ساختەکاری دادەنا، عەلی ‌حەمە ساڵح بوو.
ئەویش لە قسەکانی پێشووی پاشگەز بووەتەوە و گومان دەخاتە سەر دەرەنجامی هەڵبژاردن و بە دیزاینکراو ناوی دەبات. عەلی حەمەساڵح کە ماوەیەک پەرلەمانتاری گۆڕان و ماوەیەک پەرلەمانتاری سەربەخۆ و لەم هەڵبژاردنەش وەک سەرۆکی ڕەوتيکی نوێی سیاسی بەشداری کردووە و تەنانەت چوار کورسی هێناوە لە دەرەنجام ناڕازییە و هۆکارەکە دەخاتە پاڵ کۆمسیۆن و ئەم جارە بە ساختەکار ناوی دەبات و لە هەڵويستی پێشووی خۆی پاشگەز بووەتەوە.
هەموو بەڵگە و دەنگەکانی سەرجەم لایەن و کاندید و ئەو کەسانەی پێشتر بە سەرپەرشتیکردنی کۆمسیۆن دڵخۆش و ئێستا دڵتەنگن لای خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەیە و ئەوەی بەشێک لەو لایەنە سیاسی و کەسایەتییانە دەیکەن بە هیچ شێوەیەک پاساو هەڵناگرێت.
پێویستە بگوترێ ئەوانەی گومانیان خستووەتە سەر هەڵبژاردن کۆی کورسییەکانیان لە پەرلەمان ناگاتە پازدە کورسی و زۆرینەی لایەنەکان بە زۆرینەی کورسیی ئۆپۆزسیۆنەوە هەڵبژاردنەکە قبوڵ دەکەن و گومانیان نەخستووەتە سەری.
لە هەڵبژادنی ئەم جارەدا پارتی دیموکراتی کوردستان سی و نۆ کورسی، یەکيتیی نیشتمانیی کوردستان بیست و سێ کورسی، نەوەی نوێ پازدە کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی ‌حەوت کورسی. ڕەوتی هەڵوێست چوار کورسی، کۆمەڵی دادگەری سێ کورسی، بەرەی گەل دوو کورسی و بزووتنەوەی گۆڕان یەک کورسی و هاوپەیمانی کوردستان یەک کورسی بردەوە.
بەپێی دواین زانیارییەکان کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی ئەنجامی فەرمی ڕابگەیەنێت کە رەنگە کۆتایی ئەم هەفتەیە بيت و پڕۆسەی یاسایی بۆ وەڵامی سکاڵاکان و پاشان کۆبوونەوەی پەرلەمان و دانوستانەکان بۆ پێکهينانی کابینەی نوێ دەست پێ دەکات.
پێویستە ئاماژە بەو راستییە بکرێت کە لەم هەڵبژاردنەدا نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و کونسوڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتان و ريکخراوە نێودەوڵەتییەکان و میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکان لە نزیکەوە چاودێریی هەڵبژاردنەکەیان کردووە و هیچ دامەزراوەیەک گومانی نەخستووەتە سەری و بە هەڵبژاردنيکی پاک و بێگەرد و سەرکەوتوو هەژمار کراوە.