بەسەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر … کۆبوونەوەی ئامادەکارى ڕێکخستنەوەى تۆڕی ناوخۆیی ئاو بۆ هەردوو پڕۆژەى فریاگوزاریی خێرای ئاوی هه‌ولێر و قوشتەپە بەڕێوەچوو

 

دوا بەدواى بڕیارى ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئەنجامدانى هەردوو پرۆژەی ستراتیژیى فریاگوزاریی خێرای ئاوی هه‌ولێر و پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری، ئەمرۆ دووشەممە 2024.10.28، بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە ئامادەکارى ڕێکخستنەوەى تۆڕی ناوخۆیی ئاو لە گەڕک و ناوچەکان بۆ هەردوو پڕۆژەى ستراتیژیى فریاگوزاریی خێرای ئاوی هه‌ولێر و پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە جێگرانى پارێزگار و یاریدەدەرى پارێزگار و قائیمقامى ناوەندى و بەڕێوەبەرى گشتیى ئاو و ئاوەڕۆکانى هەرێم و بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان و سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەرێوەبەرى گشتیى وەبەرهێنان و بەڕێوەبەرانى “ئاوی هەولێر، ئاوی دەروبەر، ناوەندى قەیرانەکان” ئامادەیى بوون، دواى بەدواداچوون بۆ دیزایین و چۆنیەتى جێبەجێكردنى پڕۆژەکان و پێدانى ڕوونکردنەوەى پێویست، گفتوگۆ لە بارەى پێویستییەکان و شێوازى ڕێکخستنەوەى تۆڕی ناوخۆیی ئاو لە گەڕک و ناوچەکان کرا، کە هاوتەریب لەگەڵ ئەنجامدانى ئەو پرۆژانە ئەنجامدەدرێت.

لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانى ڕاسپارد، دیراسەیەکى ووردى زانستیانەى ئەو پرسە بکەن و لە زووترین کاتدا چى پێویستە لە چوارچێوەى کارەکاندا بیخە ڕوو، بۆ ئەوەى بەهەمان خێرایی و كوالێتی جێبەجێکردنى هەردوو پڕۆژە دەست بە ڕێکخستنەوەى تۆڕی ناوخۆیی ئاو لە گەڕک و ناوچەکان بکرێت، بۆ ئەومەبەستەش هەموو پاڵپشتى و هاوکارییەکى پارێزگاى نیشاندا.

جێگەى باسە، لەسەر بڕیارى ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پێناو پاراستنی سامانی ئاو و ژینگە و ئاوى ژێرزه‌وى و بەفیڕۆنەدانی، دەست بە ئەنجامدانى هەردوو پرۆژەی ستراتیژیى ( فریاگوزاریی خێرای ئاوی هه‌ولێر و پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری) کراوە، پڕۆژەکانیش بەمشێویە:-

1 – پرۆژه‌ى فرياگوزاریی خێراى ئاوى هه‌ولێر، کە بە گوژمەی نزیكەی ( 480 ملیۆن دۆلار ) دەست بە جێبەجێکردنى کراوە، سەرچاوەى وه‌رگرتنى ئاوى پرۆژه‌كه‌ له‌ زێى گه‌وره‌ ده‌ست پێده‌كات، پاككردنه‌وه‌ و پاڵاوتنى ئاوه‌كه‌ و فلته‌ركردن و كلۆركردنى‌ ئاوه‌كه‌، به‌ ستانداردى ڕێكخراوى ته‌ندروستیی جيهانى (WHO) و عێراقى دانراوە، بە تەواوبوونى له‌ ڕۆژێكدا 480 هه‌زار مه‌تر سێجا ئاو دەپاڵێوێت، بۆ هه‌ر كاتژمێرێك 20- 21 هه‌زار مه‌تر سێجا ئاوى خاوێن بۆ گه‌ڕه‌كه‌كانى سەنتەرى شارى هەولێر دابین دەکات و هه‌ريه‌ك له‌ داره‌توو، بنه‌سڵاوه‌، كه‌سنه‌زان، پيرزين، شاوێس، بەحركه‌، عەنكاوه‌ و سێبيرانیش لێی سوودمه‌ند ده‌بن، لە ئیستادا لە 20%ى کارەکانى پڕۆژەکە بەکۆتاهاتووە و به‌ ته‌واوبوونى، كێشه‌ى كه‌مئاوى له‌ شارى هه‌ولێر بۆ 30 ساڵى داهاتوو چاره‌سه‌ر ده‌بێت و ده‌بێته‌ هۆى داخستنى زياتر له‌ هەزار بيرى ئاو.

2 – پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری، بە گوژمەى ( 189 ملیار و 670 ملیۆن دینار) دەست بە جێبەجێکردنى کراوە، سەرچاوەی ئاوی ئەوپڕۆژەیە لە زێی بچووك لە سنووری گوندی قەشقە دابین دەكرێت، پرۆژەكە توانای بەرهەمهێنانی 72 هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی لە ڕۆژێكدا هەیە و ئاوی قەزای قوشتەپە و بێستانە و زیاتر لە 60 گوند ناوچەکە دابین دەكات و كێشەی كەمئاوی سنوورێكی فراوانی دەوروبەری هەولێر چارەسەر دەكات و ئاوەدانی بۆ ئەو ناوچە گەورەیە دەگەڕێنێتەوە. هاوكات چەندین ناوچەی پیشەسازی و كارگە و بازاڕ و پرۆژەی جۆراوجۆر كە گرفتی كەمئاويیان هەیە، دەكەونە سنووری ئەو پرۆژەیەوە.