لایەنە شکستخواردووەکان کۆمیسیۆنی عێراق تاوانبار دەکەن کە هەڵبژاردەی خۆیان بوو

ماردین بابانی – هه‌ولێر

 

ڕۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، هەرێمی کوردستان بە پرۆسەیەکی هەستیار و چارەنوسسازدا تێپەڕی، ئەویش پرۆسەی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بوو. یەکێک لەو هۆکارانەی وایکردبوو تەنانەت پرۆسەکە فۆکسی ولاتانی جیهانیشی لەسەر بێت ئەوەبوو هەڵبژاردنەکە بە نزیکەی ٢ ساڵ لە کوادەی خۆی دواکەوت بەهۆکاری نێوخۆیی و گرفتی یاسایی و سیاسی. بەڵام دواجار پرۆسەکە بە شاهێدی چاودێرانی بیانی و نێوخۆیی لەوپەڕی ئارامی و شەفافیدا بەڕیوەچوو وەک ئەوەی خواستی خەڵکی کوردستان بوو؛

پێش هەڵبژاردن
بەرلەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت، تا ڕادەیەکی زۆر لایەنە سیاسییەکان بێ گەڕانەوە بۆ بڕیاری هاوبەش و یەکدەنگی پێکەوە لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانیان ڕەتکردەوە و داوایان کرد کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکە بکات و سەرجەم داخوازییەکانی خۆیشیان لە یاسای هەڵبژاردنەکەدا جێکردەوە و تاکە لایەنێک کە زۆرترین تێبینی لەسەر هەڵبژاردنەکە و یاساکانی هەبوو پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، بەڵام هیچ لایەنێکی سیاسی نەهاتە ڕیزی داواکارییە یاساییەکانی پارتی و دواجار بەو شیوەیە هەڵبژاردنەکە بەڕێوەچوو کە خواستی هەموو لایەناکان بوو جگە لە پارتی؛
بافڵ تاڵەبانی: ئەمجارە زۆمبی دەنگ نادات
یەکێتی، کە بە پلان داڕێژەری شێواز و یاساکانی هەڵبژاردنەکە دەناسرا و لایەنەکانی دیکەش شوێن هەنگاوەکانی دەکەوتن دژی پارتی، لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا دڵنیایی بە دەنگدەراندا کە ئەم هەڵبژاردنە لیستی ناوی دەنگدەران پاکژە و بە وتەی خۆی ؛ زۆمبی لە هەڵبژاردنەکەدا دەنگ نادات و کۆمیسیۆنەکەش هی پارتی نییە! بەو دروشمە داوای لە دەنگدەرانی حزبەکەی دەکرد بەشداریی فراوان لە هەڵبژاردنەکەدا بکەن. سەرکۆ گەڵاڵی، کادیری یەکێتی و ئەندامی خوولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، بەهۆی ئەوەی یاسای هەڵبژاردنەکە لە بەرژەوەندی یەکێتی دانرابوو، گرەوی لەسەر شکستی پارتی دەکرد و بەر لە هەڵبژاردنەکە ڕایگەیاند؛ ئەمجارە پارتی بە چۆکدادێت و لەم هەڵبژاردنە بە یەکێتی دەدۆڕێت!
عەلی باپیر، کۆمەڵی دادگەری: هەڵبژاردنەکە زۆر پاک و چاکە
کۆمەڵی دادگەری، کە بە تەواوی کەوتبووە ژێر ڕکێف و بە ئاراستەی دژایەتیکردنی حکوومەتی هەرێم و بە دیاریکراوی پارتی کاری دەکرد، لە بۆچوونی خۆیدا خەڵکی کوردستان پاداشتیان دەداتەوە و لە کاتی دەرچوونی بڕیارەکانی هەڵبژاردن بە شیوەی ٤ بازنەیی و بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی عێراق، ڕایگەیاند؛ هەڵبژاردنی ئەجارە زۆر پاک و چاکە و کۆمیسیۆنی عێراق سەرپەرشتی دەکات! لە کۆڕوکۆبوونەوەکانیش لەگەڵ ئەندامانی حزبەکەی باسی لەوە دەکرد، سەرجەم ئەو یاسایانەی لەم هەڵبژاردنەدا جێبەجێ دەکرێن وایکردووە هەڵبژاردنەکە نموونەیی بێت.
موسەننا ئەمین، یەکگرتووی ئیسلامی: یەکەجارە یاسای هەڵبژاردن لە خزمەتی خەڵک بێت
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ئەگەرچی بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ ژمارەی کورسییەکانی زیاد بووە، بەڵام سەرکەوتنی بەرچاوی پارتی لە هەڵبژاردنەکە وایلێکردووە زیادبوونی کورسییەکانی خۆی بە سەرکەوتن نەزانێت و بانگەشەی چەواشەکارانە و گومان دەخاتە سەر پرۆسەکە، لە کاتێکدا، موسەنا ئەمین، لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا ڕایگەیاندبوو؛ یەکەمجارە یاسای هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەگۆڕدرێت!
ئەمە سەرباری ئەوەی چەندین لایەنی دیکە، لەوانە ڕەوتی هەڵوێست بە سەرکایەتیی عەلی حەمەساڵح، کە خاوەنی ٣ تا ٤ کورسی هەڵبژاردنەکەیە، هەمان بۆچوونی لەسەر هەڵبژاردنەکە هەبووە و پیش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانیش سووربوو لەسەر هەڵویستەکەی کە دەسەلات ناتوانێت تەزویر بکات و ئەگەر هەوڵی لەو شیوەیە بدات پرۆسەکە تێکدەچێت.
دوای هەڵبژاردن
دوای هەڵبژاردن و ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن، لێدوانی سەرکردە و کادەی لایەنەکان لە سۆشیال مێدیا بازاڕیان گەرمە و چەندین تەنزە ڤیدیۆییان لێ دروستکراوە و وتەکانی بەر لە هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیان بۆ لێکدراوە و بەکاربەرانی سۆشیال مێدیاش پەیامی تەنز ئامێز و کۆمێنتی جۆراواجۆریان بۆ دەنووسن. کۆتا جار، عەلی باپیر، لەبارەی هەڵبژاردنەکەوە ڕایگەیاند، کە ئەوان وەکو کۆمەڵی دادگەری کە ئەوان ناچنە ژێر باری ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنەوە و بەشداریی لە پەرلەمانەکەشیدا ناکەن. موسەنا ئەمین، لە یەکگرتووی ئیسلامی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، باسی لەوە کرد، ئەگەرچی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هاوکاریی تەواوی کردوون بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ گومانەکان بکەن و چەندین سندووقی هەڵبژاردنیان تێست کردووە و بە دەرنەفیز کردوویانەتەوە بۆ پشکنین و هەموو دەنگۆکانی تەزویر کردن و ساختەکردنی دەنگ لەلایەن ئامێرەکانەوە درۆ دەرچوون، بەلام بە وتەی ئەو هێشتا گومانیان هەیە و ئامادەن بۆ بەدواداچوونی زیاتر. بەرەی گەلیش بە سەرۆکایەتیی لاهور شێخ جەنگی، کە براوەی ٢ کورسی پەرلەمانە، لە هەمان بارودۆخدایە و پێی وایە هەڵبژاردنەکە دیزانیکراوە و پێیانوایە قەبارەی دەنگەکانیان زیاترە. ڕەوتی هەوڵوێستیش، بە سەرۆکایەتیی عەلی حەمەساڵح، لە هەڵویستی خۆی پاشەکشەی کردووە و بۆچوونی خۆی گۆڕیوە بەوەی هەڵبژاردنەکە بە دڵی ئەوان نییە و ئەنجامەکەی ڕەتدەکەنەوە لە کاتێکدا براوەی ٣ تا ٤ کورسی پەرلەمانن. یەکێک لەو تێبینیانەی لیستی هەڵوێست لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەیانە، پشت دەبەستێت بە پەیوەندی کۆمەڵایەتی و سوێندخواردنی دەنگدەران بەوەی سوێندیان بە قورئان خواردووە دەنگ بە کاندیدەکانیان بدەن، بەڵام دەنگەکانیان لەو بنکانە دیار نییە کە دەنگدەران دەبوو دەنگیان پێ بدەن، ئەمەش کەموزۆر مشتومڕی پێکەنیناوی لە سۆشیال مێدیادا بەدوای خۆیدا هێناوە.
مەهزەلەی دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن
ئەوەی ئەم هەڵبژاردنەی جیاوازتر کرد، یەکەنجار بوو هەڵبژاردن لەژێر چاودێریی کۆمیسیۆنی عێراق و بە لیستی دەنگدەرانی ئەوان و بە دڵی سەرجەم لایەنەکانی کوردستان بێت، بەشیوەیەک ئامادە نەبوون بەرگریی لە کۆتای پێکهاتەکانیش بکەن بەجۆرێک شاگەشکەی ئەوە ببوون لەم هەڵبژاردنەدا دەبنە میراتگری ئەو دەستکەوتانەی لە ڕێگای دەستی دەرەکی و هاوکارییەکانی عێراق و پشتگیریکردنیان لە سیستەمی هەڵبژاردندا بەدەستی دەهێنن. یەکێک لە مەهزەلەکانی ئەو لایەنە دۆراوانە ئەوەیە، زۆربەیان حزبی پۆپۆلیستین و بە سیاسەتی فەیسبووک و تیکتۆک بەڕێوە دەچن و پەیامەکانیشیان تەنیا کە ئاستی ئەوەدایە لە سۆشیال مێدیادا دەنگدانەوەی هەبێت نەک شەقام و ڕای گشتی، چونکە بڕیاری ئەو حزبانەی دەرهاویشتەی واقیع و تێگەیشتن و دراسەکردنی ژیرانەی دۆخەکان نییە وە هەر ئەو سیاستەشە وایکردووە ڕۆژ دوای ڕۆژ ژمارەی دەنگەکانیان کەم بکات و بە فاکوفیکی سۆشیال مێدیا خۆیان لێ ببێتەوە زۆرینەی کوردستان. مەهزەلەیەکی دیکەی ئەو لایەنە دۆراوانەی ئەم هەڵبژاردنە، نەبوونی هیچ بەڵگەیەکە لەسەر ساختەکاری و کەچی هەر یەکێکیان لەلای خۆیەوە نابەرپرسیارانە باس لەوە دەکات ئەوان دڵنیان لەوەی ساختەکاری کراوە، کە داوای بچوکترین بەڵگەشیان لێدەکرێت دەکشێنەوە و دەڵێن دەنگدەرانان سوێندیان بۆ خواردووین یان دەڵێن هاوسەری فڵان کاندید دەنگی بە مێردەکەی خۆی نەداوە! کە ئەم سەرنجانە لە ڕووی ئیتیک و ئەتەکێتی هەڵبژاردنەوە شیاوی باسکردنیش نین.
سەرکەوتنی پارتی
ئەوەی دەکرێت لەسەر ئەنجامی هەڵنژاردنەکان بوترێت، تەنیا ئەوەیە بە سەرکەوتنی پارتی کۆتایی هات. ڕەنگە هەر ئەمەش بێت وەهمی جۆراوجۆری بۆ ئەو لایەنانە دروست کردبێت کە هیوایان لەسەر شکستی پارتی هەڵچنی بوو. ئەمەش بە پێی لێدوانە بێ سەروبەرەکانی ئەو لایەنانەی کە بەو پەڕی شپرزەییەوە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان باس لە هەڵبژاردنەکە دەکەن و هەندێکیان لە جێگای ئەوەی بە سیاسەتی خۆیاندا بچنەوە و بەڵێنی چاکسازیی لە نێو ئۆرگانە حزبییەکانی خۆیاندا بکەن ئامادە نین ددان بە شکستی خۆیاندا بنێن و فۆکسیان لەسەر ئەوەیە چۆن دەبێت پارتی براوەی ڕەهای هەڵبژاردنەکە بێت؟ ئەم پرسیارەی ئەو لایەنانە ئەوە دەسەلمێنێت هەندێک لەو لایەنانە تەنانەت شکستەکەی خۆیان بە ئەندازەی سەرکەوتنی پارتی ئازاریان نادات. ئەمەش جارێکی دیکە بەشێکی زۆری لایەنگر و ئەندامانی ئەو حزبانەی بێ هیواتر کردووە کە لە خەمی بەرژەوەندی گشتیدان و دەیانەوێت ئەم دۆرانەی حزبەکانیان ببێتە وەرچەرخانێک بۆ چاکسازیی و ڕاستکردنەوەی هەڵوێستی حزبی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر خەڵکی کوردستان، کە هەر ئەمیان نهێنی سەرکەوتنە گەورەکەی پارتی بوو لەم هەڵبژاردنەدا.
هەموو شتێک دەربارەی هەڵبژاردنەکە
لە هە ڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ھەزار و ١٩١ بەربژێر پشێبڕکێیان لەسەر بەدەستھێنانی ١٠٠ کورسی پەرلەمانیی کرد، هەڵبژاردنەکە بەسەر چوار بازنەی ھەڵبژاردن دابەشببوو بە جۆرێک لە بازنەی ھەولێر ٣٩٥ بەربژێر ڕکابەرییان لەسەر ٣٤ کورسی بوو، لە بازنەی سلێمانی ٥١٦ بەربژێر ڕکابەریان لەسەر ٣٨ کورسی بوو، لە بازنەی دھۆک ٢٦٦ بەربژێر ڕکابەرییان لەسەر ٢٥ و لە بازنەی ھەڵەبجە ٥٤ بەربژێر کێبڕکیان لەسەر ٣ کورسی کرد.
دابەشبوونی کورسییەکان:
– 95 کورسی گشتی
– 5 کورسی بۆ کۆتاکان
* ژمارەی دەنگدەران بە گشتی”
– 2 ملیۆن و 801 هەزار و 672 کەس مافی دەنگدانیان هەیە
* ژمارەی بنکەکانی دەنگدان بە گشتی:
– هەزار و 266 بنکە
* ژمارەی وێستگەکانی دەنگدان بە گشتی:
– 6 هەزار و 318 وێستگەی دەنگدان
* ژمارەی بریکاری لایەنە سیاسییەکان کە چاودێری پرۆسەکە دەکەن:
– 35 هەزار و 72 بریکار
* ژمارەی چاودێری ڕێکخراوەکان:
– 5 هەزار و 274 چاودێر
* ژمارەی نوێنەری ڕیکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆنسوڵخانەکان:
– 14 کۆنسوڵخانە و 14 ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بە هەزار و 655 کەس چاودێری هەڵبژاردن دەکەن
* ژمارەی میدیا جیهانییەکان و نوێنەرەکانیان:
– 20 میدیای جیهانی 102 نوێنەریان هەیە بۆ چاودێریکردنی پرۆسەکە
ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردن:
– 251 هەزار و 700 پەڕەی بۆ دەنگدانی تایبەت چاپ کراوە
– پەڕەکانی دەنگدان ناو و ژمارەی 136 لیست و ژمارەی کاندیدەکانی لەخۆ گرتووە
– ڕاهێنان بە 40 هەزار و 901 فەرمانبەری سەر سندووقەکانی دەنگدان، لەسەر ڕێکارەکانی دەنگدان و میکانیزمی بەکارهێنانی ئامێرەکانی هەڵبژاردن کراوە
– 7 هەزار و 67 ئامێری خێرا دەرکردنی ئەنجامەکان و ئامێرەکانی پشتڕاستکردنەوە تەرخانکراون
هەزار و 431 ئامێری ناردن (ارسال) ئامادە کراوە جگە لە ئامێری یەدەگ
22 هەزار و 283 کامێری چاودێری تەرخانکراوە
– لە هەر ناوەندێکی دەنگدان چوار کامێرای چاودێری لێ دادەنرێت
– لە هەر وێستگەیەکی دەنگدان دوو کامێرا و چوار کامێرای یەدەگیش بۆ هەر ناوەندێک تەرخانکراوە
– 50 کامێرای چاودێری بۆ چوار ناوەندی وردبینی تەرخانکراوە
ئەنجامە بەراییەکان
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لەسەدا ٩٩.٦٣ دەنگەکانی حەوت هەزار و ٤٤ی بنکە کۆکراونەتەوە و بەو پێیە ڕێژەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق لەسەدا ٧٢ بووە.
کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕاشیگەیاند: “بە پێی ئەنجامە بەراییەکان لە کۆی گشتی دوو ملیۆن و ٨٩٩ هەزار و ٥٧٨ کەس کە مافی دەنگدانی هەبووە، دوو ملیۆن و ٨٧ هەزار و ٩٧٢ کەس دەنگی داوە”.
ئەنجامی بەراییە دەنگی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بە پێی ڕاگەیاندراوەکەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەو شێوەیەیە:
له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم پارتی دیموكراتی كوردستان ٨٠٩١٩٧، یه‌كێتیی نیشتمانی ٤٠٨١٤١، نەوەی نوێ، ٢٩٠٩٩٣ و یەکگرتووی ئیسلامی ١١٦٩٨١، کۆمەڵی دادگەریی ٦٤٧١٠، ڕەوتی هەڵوێست ٥٥٧٧٥، بەرەی گەل ٣٣٣٦٥ و گۆڕان ١١٦٥٧ دەنگیان بەدەستهێناوە.