هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 1, 2024
Image default

ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە بەردەم مەترسیی تەعریبێکی نوێدان

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

 

ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کە هێندەی نیوەی خاکی ئێستاکەی هەرێمی کوردستانە لە چوارچێوەی مادەی سەد و چلی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا چارەسەرییان بۆ دەستنیشان کراوە، بەڵام جگە لەوەی کە دستوور جێبەجێ نەکراوە، بگرە هەندێک ڕووداوی نوێ بوونەتە مەترسیی بۆ سەر ئەو ناوچانە و مەترسیی تەعریبێکی نوێ لەئارادایە و هەڕەشە لە چارەنووسی دەکات.

بەپێی مادەی دەستووریی سەد و چل، دەبوایە لانی کەم تا ساڵی ٢٠٠٧ هەر سێ قۆناغی ئاساییکردنەوە و قەرەبووکردنەوە و ڕاپرسی لەو ناوچانە جێبەجێ کرابا بەڵام تەنیا بەشێک لە قۆناغی قەرەبوو جێبەجێ کراوە و قۆناغی ئاساییکردنەوەش ماوەیەکی کورت چەند هەنگاوێک نرا بەڵام دواتر دۆخەکە پێچەوانە بووەوە و بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠١٧ ەوە بە عەرەبکردنی ناوچە کوردستانییەکان هاوشێوەی سەردەمی بەعس و بگرە لە هەندێک شوێن زۆر خراپتر لە جێبەجێکردندایە.
هەموو ئەو ماڵە عەرەبانەی پێشتر قەرەبوو کرابوونەوە و بۆ ناوچەکانیان لە پارێزگاکانی تری عێراق گەڕێندرابوونەوە، دووبارە بۆ کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی تر گەڕێنراونەتەوە و هاووڵاتییە کوردە ڕەسەنەکانی ئەم ناوچانەش بەشێکی زۆریان لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و کەشێک نەرەخساوە بۆ زێدی خۆیان بگەڕێنەوە.
بەو پێیە مەترسییەکە لە ناوخۆ دوو هێندەیە لە لایەک ژمارەی کورد کەمی کردووە، لە لایەکی تر ژمارەی عەرەب زیادی کردووە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو سەرژمێرییەی بڕیارە لە بیستی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بکرێت مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان جیددی و مایەی تێڕامانن.
شاراوە نییە کە ژمارەیەکی زۆری عەرەب کە خەڵکی ڕەسەنی سنووری مادەی سەد و چل نین بۆ ئەو ناوچەیە گەڕێندراونەتەوە و ژمارەیان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت و بەو سیاسەتەی بەشێک لە حزب و دامەزراوە و لایەنە سیاسییە شۆڤێنییەکانی عێراق گرتوویانەتە بەر دەیانەوێت بەم سەرژمێرییە واقیعێک بسەپێنن کە دەبوایە بەپێی مادەی سەد و چل یەکلایی بکرێتەوە.
خاڵێکی مەترسیداری تر کە زۆر کەمتر میدیای کوردی هەستی پێ کردووە و ڕەنگە یەکەم جار بێت بڵاو دەکرێتەوە پرسی نیشتەجێکردنی ئاوارەی بیانییە لە سنووری مادەی سەد و چل و هەرچەندە ئامارەکان بە وردی دیار نین بەڵام ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی عەرەبی لبنانی لە خانەقین و شوێنەکانی تر نیشتەجێ کراون و لە زۆربەی میدیاکانی کوردستانیش ئەو هەواڵە بڵاو کراوەتەوە.
پرسیار ئەوەیە بۆچی ئاوارەی بیانی لە شوێنێک نیشتەجێ دەکرێت کە شوێنەکە خۆی کێشە لەسەرە و بۆچی لەکاتێکدا نیشتەجێ دەکرێت کە هەمووی بیست و چوار ڕۆژی ماوە کە سەرژمێری لە تەواوی عێراقدا بەڕێوە بچێت.
وەک ئاشکرایە بە سەدان هەزار کەس لە دانیشتووانی لبنان بەهۆی شەڕ ئاوارەبوون و بەشێک لەو ئاوارانە ڕوویان لە عێراق و سووریا کردووە، پرسیار لەوەدایە بۆچی لە شوێنێکی ئاسایی کەمپ بۆ ئەو ئاوارانە ناکرێتەوە؟ بۆچی لە هەموو خاکی عێراق هیچ شوێنێک گونجاوتر لە خانەقین و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە دەست نەکەوتووە کە سەدان کیلۆمەتر لە سنووری سووریا و لبنان دوورە و دەکرا ئەم ئاوارانە لە کەمپێک لە بەغدا یان هەر شوێبێکی تری عێراق نیشتەجێ کرابان و نیشتەجێکردنیان لە سنووری مادەی سەد و چل نەبووایە، چونکە ناوچەی کێشەلەسەرە و هەر جۆرە گۆڕانکارییەکی دیموگرافی لەو ناوچانە پێچەوانەی یاسا و دەستوورە و کێشەکانی قوووڵتر دەکاتەوە.
راستە هەرێمی کوردستان ماوەیەک سەرقاڵی هەڵبژاردن بوو کە پڕۆسەیەکی گرنگ بوو بەڵام کاتی ئەوە هاتووە ئاوڕێک لەو ناوچانە بدرێتەوە و ڕێگە نەدرێت واقیعێکی تاڵ بەسەر ئەو ناوچە کوردستانییانەدا بسەپێنرێت کە گەلی کورد نزیک بەسەدەیەکە لە پێناویاندا خەبات دەکات.