لە هەڵبژاردنەکەدا دەنگدەرانی دەرەوەی پارتییش متمانەیان بە پارتیداوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

 

چاودێرانی سیاسی، ئەنجامی ھەڵبژاردن بەرز دەنرخێنن و دەڵێن، سەرکەوتنی پارتی، سەرکەوتنی کوردستانە. بەرپرسانی پارتییش، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، ھێڵی سوورمان بۆ ھیچ لایەنێک نییە، تاکە مەرجی پارتی بۆ دروستکردنی کابینەی داھاتوو پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتێکی سەرتاسەرییە لە ھەموو کوردستان بۆ ئەوەی بە یەک شێوە بتوانێت خزمەت بکات.

ڕۆژانی ١٨ و ٢٠ـی ئەم مانگە، دەنگدانی تایبەت و گشتی بۆ ھەڵبژاردنی ١٠٠ ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، لەم ھەڵبژاردنەدا ١٤ پارت و ھاوپەیمانی ڕکابەرییان لەسەر کورسییەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرد، کۆی بەربژێران ١١٩١ و پارتەکانیش ڕکابەرییان لەسەر ٩٥ کورسی لەگەڵ پێنج کورسی بۆ کۆتا کرد، لە کۆی ئەو ١٠٠ کورسییە، پێنج کورسی بۆ کۆتا لە ھەولێر، دھۆک و سلێمانی دیاریکراون، ھەروەھا لە کۆی ١١٩١ بەربژێر بۆ ئەو ھەڵبژاردنە، ٩٤٩ بەربژێریان سەر بە حزبەکان بوون، ١٢٣ بەربژێری ھاوپەیمانێتییەکان لەگەڵ ١١٩ بەربژێری سەربەخۆ ھەبوون، پارتی زۆرترین بەربژێری ھەبوو بە ١٩٠ بەربژێر و بەرەی تورکمانیش کەمترین بەربژێری ھەبوو کە ١١ بەربژێر بوون.
کۆمیسیۆن ٢٠٨ ھەزار دەنگی پووچەڵ ھەبوو
نەبەرد عومەر، بەڕێوەبەری دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: ئەو سندووقانەی کێشەیان لەسەر بووە، بە دەستی ژماردنیان بۆ کراوەتەوە، بەڵام ئەنجامەکان ھاوشێوەی ئەو ئەنجامە بووە کە سیستمی ئەلیکترۆنی سندووقەکە ئاشکرایکردووە، ھەر کاتێک کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان ئەنجامی کۆتایی پرۆسەی ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی ڕاگەیاند، حزب، لایەنی سیاسی و بەربژێرەکان دەتوانن لەماوەی سێ ڕۆژدا تانە لە ئەنجامەکانی پرۆسەکە بدەن، لە سنووری پارێزگای ھەولێر ٩ سندووقی دەنگدان کێشەی تەکنیکیان ھەبوو، دوای چارەسەرکردنی کێشەکان داتاکان وەرگیران و دەنگی سندووقەکان ھەژمار کرا. لە ھەرێمی کوردستان ٢٠٨ ھەزار دەنگی پووچەڵ ھەبووە، لە ھەولێر ٩٧ ھەزار، لە سلێمانی ٩٠ ھەزار و لە دھۆک ١٨ ھەزار دەنگی پووچەڵ ھەبووە، ئەگەر بەراورد بکەین لەگەڵ ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢١ لەو ھەڵبژاردنەدا ١٩٧ ھەزار دەنگی پووچەڵ ھەبوو، کۆمیسیۆن بۆ دڵنیایی لە لایەنە سیاسییەکان کارتی دەنگدان و شێوازی پووچەڵەکە دەخاتە بەردەم لایەنە سیاسییەکان ١٦٠ سکاڵاش لە پرۆسەی ھەڵبژاردن تۆمار کراون، ھیچ سکاڵایەک ڕەنگی سوور نییە. سەربەست ئامێدی، سەرۆکی پێشووی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاشکرای کرد: پرۆسەی ھەڵبژاردنی ٢٠ی ئۆکتۆبەر بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە بەڕێوەچووە و ڕێژەی بەشداری دەنگدەرانیش جێگەی دڵخۆشییە، ھەندێک لایەنی بەشداربووی پرۆسەکە گلەیی دەکەن ئەوەش مافی خۆیانە، لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە چەند گرفتێکی بچووک ھەبوون، بەڵام لە ڕۆژی ھەڵبژاردن چارە کران، ئەو کەسانەی گلەیی دەکەن دەتوانن دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی تانە لە ئەنجامەکان بدەن، دوای پێداچوونەوەش بڕیار لەسەر تانەکانیان دەدرێت.
میکانیزمی یاسایی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ
دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان، ھەنگاوی داھاتووی پارت و لایەنە سیاسییەکان پێکھێنانی حکوومەتە، کە پێویستە بە گوێرەی دەستوور و یاسا لە ماوەیەکی دیاریکراودا، سەرۆکایەتیی پەرلەمان ھەڵبژێردرێت و کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکبھێنرێت، میکانیزمی یاسایی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکە، دوای ١٠ ڕۆژ لە پەسندکردنی ئەنجامەکان لە لایەن کۆمیسیۆنەوە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، داوا لە پەرلەمان دەکات کۆببنەوە، لە یەکەم کۆبوونەوەدا بە زۆرینەی پەنجا کۆ یەک سەرۆکایەتی پەرلەمان دیاریدەکرێت و دوای سوێندخواردنی یاسایی، ماوەی یاسایی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان کۆتایی دێت و پەرلەمان دەست بەکارەکانی دەکات.
ھەنگاوی دووەم، پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان دەرگەی خۆبەربژێرکردن بۆ سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ دەکاتەوە، بە زۆرینەی ڕەھا و سێ بەشی دەنگی پەرلەمانتاران، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەڵدەبژێردرێت، سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ھەرێمی کوردستان سوێندی یاسایی دەخوات، دوای ئەم ھەنگاوە، بەربژێری گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان ڕادەسپێرێت بۆ ئەوەی لە ماوەی ١٥ ڕۆژ دوای ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان پێکبھێنیت، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا وەزیرەکان دیاری دەکات، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو ناوی وەزیران و کارنامەی حکوومەت ئاڕاستەی پەرلەمان دەکات، وەزیرەکان بەشێوەی تاک دەنگیان پێ دەدرێت و کارنامەی حکوومەتیش بە زۆرینەی ڕەھای پەرلەمان بە پەسندکراو ھەژمار دەکرێت.
ھێلی سوورمان بۆ ھیچ کەس و لایەنێک نییە
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاگەیاند، ئەگەر ھاتبا ھەندێک لە ڕێکارەکان ئاسانتر کرابانە، دەنگی حەقیقی پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر لەوەی کە ئێستا ھێناوە زیاتر دەبوو، بەڵام بە تەئکید ئەو دەنگە، دەنگێکی حەقیقییە، ئێمە نە ھەوڵمان داوە، نە باوەڕیشمان بەوەیە کە دەست بۆ کاری دژ بە یاسا و ڕێنمایەکان ببەین، ئەگەر پێشتر ڕێگری کرا بێت لە کارەکانی حکوومەت، وەکو ئەوەی کە دەیەوێت جێبەجێ بکات، دەبێت لەمەودوا حکوومەت حکومڕانی خۆی بکات، پرس بە حزبەکان نەکات بە پارتیشەوە، ئێمە وەکو پارتی ھێلی سوورمان بۆ ھیچ کەس و لایەنێک نییە کە بەشداری لە حکوومەت بکات.
لەو قۆناغەدا جگە لە پارتی کەس ناتوانێت سەرکردایەتی کوردستان بکات
پاش کۆتایی ھاتنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردن، سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان جارێکی دیکە ئومێدی بۆ خەڵکی کوردستان گەڕاندەوە. دڵزار مەجید، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ئەو دەنگەی پارتی بەدەستی ھێناوە، بۆ خەبات و خزمەت و ھەڵوێستی پارتی دەگەڕێتەوە، چونکە ئەگەر تەماشای لایەنەکانی دیکە بکەین جگە لە قسەی لابەلا و جنێو و قسەی بریقەدار ھیچ دیکەیان پێ نەبوو، ئەوەش لەگەڵ پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردن چوو.
ئەو چاودێرە، دەشڵێ: پێویستە ھەر چی زووە پەرلەمان کۆببێتەوە و ھەموو لایەنەکان لەگەڵ پارتی ببنە یەک بۆ ئەوەی لەو قۆناغەدا پارتی سەرکردایەتی کوردستان بکات، چونکە خەڵکی کوردستان بۆ ھەموو لایەنەکانی دیکەی دیارکرد ئەگەر لەو قۆناغەدا پارتی نەبێت کەس ناتوانێت کوردستان بەڕێوە ببات.
دەنگدەرانی دەرەوەی پارتییش دەنگیان بەو لایەنەدا
ھاووڵاتییانی کوردستان ئەو لایەنەیان ھەڵبژاردن کە لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستاندایە. سەربەست شاکر، ئەویش چاودێری سیاسییە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: ئەگەر تەماشای ھەرێمی کوردستان بکەین لەو ماوەی کە پارتی سەرکردایەتی حکوومەتی کردووە ڕۆژبەڕۆژ کوردستان پێشکەوتووە و زیاتر ئاوەدانتر بووەتەوە، ھەر ئەوەش وای کرد کە خەڵکی کوردستان دەنگ بە پارتی بدەن و پارتی بکەنەوە حزبی یەکەم لە کوردستان.
شاکر، جەختی لەوەشکردەوە: پارتی دروشمێکی بەرزکردبوویەوە ئەویش ئارامی و ئاوەدانی، خۆڕاگری و پێکەوەیی، خەڵکی کوردستان خۆی لەو دروشمە کردە خاوەن، چونکە پێیانوایە ئەگەر پارتی نەبێت ئەو پێکەوەژیانەی کە ئێستا لە کوردستان ھەیە نامێنێت و ھەروەھا شتێک نامێنێت بەناوی قەوارەی ھەرێمی کوردستان، بۆیە ئەوەی ئەمجارە پارتی کردی کەموێنە بوو، لەدوای ڕاپەڕینەوە بۆ یەکەم جارە بانگەشەیەکی وەھا جوان و پێشکەوتوو بکرێت، بانگەشەکە تەنیا کاریگەری لەسەر ئەندام و لایەنگرانی پارتی نەبوو، بەڵکو کاریگەری لەسەر دەنگدەرانی دەرەوەی پارتیش ھەبوو و دەنگیان بە پارتی دا.