هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 1, 2024
Image default

كچه‌ ئێزدییه‌كی رفێندراوی ئازاد ده‌كرێت


كچه‌ ئێزدییه‌كی رفێندراوی چه‌كدارانی داعش دوای ده‌ ساڵ له‌ رفاندنی له‌لایه‌ن چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌وه‌ ئازاد ده‌كرێت


و جارێكی دیكه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ عێراق.

ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌ 2ـی ئاداری 2024) كچه‌ ئێزدییه‌كی رفێندراوی چه‌كدارانی داعش كه‌ له‌ 3ـی ئابی 2014 له‌لایه‌ن چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌وه‌ رفێندرابوو، له‌ كامپی هۆل له‌ سووریا ده‌رباز كرا.

ئه‌و كچه‌ ته‌مه‌ن 26ـی ساڵییه‌ كاتێك له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعش له‌ شنگال رفێندرا، ته‌مه‌نی ته‌نیا 16 ساڵ بوو و یه‌كێكه‌ له‌ هه‌زاران قوربانی دیكه‌ی ده‌ستی چه‌كدارانی داعش.

رۆژی 16ـی شوباتی 2024، ئەسما محەممەد، هاوژینی ئەبوبەکر بەغدادى، ئەمیرى پێشووى رێکخراوى داعش، له‌ دیمانه‌یه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوه‌كرد، ئەبوبەکر بەغدادی زیاتر لە 10 کەنیزەکى ئێزدى هەبوو و لە دواى راگەیاندنى خەلافەتى داعش، هاوسه‌رێكی 14 ساڵانى عێراقى و هاوسه‌رێكی دیکەى چیچانىشی هێناوە. گوتیشی: “رێكخراوی داعش دەوڵەتى ئیسلامیان بۆ دەوڵەتى ژنان گۆڕی”.

رێكخراوی داعش له‌ حوزه‌یرانی 2014ـدا شاری مووسڵی كۆنتڕۆڵ كرد و له‌ ئابی هه‌مان ساڵدا هێرشی كرده‌ سه‌ر شنگال و هه‌ڵمه‌تێكی نامرۆییانه‌ی دژ به‌ ئێزدییه‌كان و خه‌ڵكی شاره‌كه‌ ئه‌نجام دا.