حەوت ساڵ بەسەر داستانی سحێلادا تێدەپەڕێت

حەوت ساڵ بەسەر داستانی سحێلا و مەحموودیە تێدەپەڕێت، ئەو داستانە خەونی بچووککردنەوەی خاکی کوردستانی پووچەڵ کردەوە و، بەرخودانی پێشمەرگە و مانەوەی گەلی کوردستان و ھیوایەکی نوێی بە خەڵکی کوردستان بەخشی. فەرماندەکانی پێشمەرگە، دەڵێن، داستانی سحێلا نەیھێشت قەوارەی ھەرێمی کوردستان لەبار بچێت و کوردستانیان خۆیان نەچەماند. سەرۆک بارزانی، لە کتێبی بۆ مێژوو، دەنووسێ شەڕی سحێلا یەکێکـە لـە گەورەترین نەبەردییەکانـی مێـژووی نوێی گەلی کوردسـتان.

دوای چەند ڕۆژێکی کەم لە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر کە لە لایەن تاقمێکی خیانەتکارەوە خیانەت لە گەل و خاکی کوردستان کرا، دوژمنان و نەیارانی گەلی کورد بە چاو ساغی تاقمێک باوەڕیان وابوو بەو ھەوڵە شکەستخواردووەیان کەلێنیان لە ڕیزەکانی پێشمەرگە دروست کردووە، ھەر بۆیە ئەوەیان بە دەرفەت زانی کە پەلاماری کوردستان بدەن و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان لەناو ببەن، بەڵام پێشمەرگە گیان بەخشەکانی کوردستان، تۆلەی داستانەکانی خواکوڕک و کۆڕێ، لە داستانی سحێلا کردەوە و وانەیەکیان بە دوژمنان و داگیرکەران و ناحەزانی کوردستان دا کە باشترە لەوە تێبگەن گەلی کورد لە پێناو ئازادیدا دەمرێت و ژێر دەستەیی داگیرکەر و دوژمن قەبوول ناکات.
داستانی سحێلا داستانێکی تر بوو لەو سەرکەوتنە پر گەوھەرانەی کورد و کوردستان و پێشمەرگە کە لە ٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ شکستێک بەسەر دوژمنان و داگیرکاران ھات لەپێناو مانەوەی گەلێک بە خۆنەچەمێنی و پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان، لە داستانی سحێلاش ھەروەک داستانی پردێ، دوژمن خۆی نەگرت و شکا و چەما و خۆی لەبەرامبەر ئازایی و نەبەردیی پێشمەرگە نەگرت و ھەر زوو ددانیان بە شکستیاندا نا.
بە ڕابەرایەتی و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆک بارزانی، گەلی کورد مێژووی خۆنەچەماندنی خستە نێو خەباتی فیداکاریی خۆیەوە و داستانی سحێلا بە فەرماندەیی فەرماندەی دوژمنبەزێن مەنسوور بارزانی بوو، ئەو لەوێ بە ھەموو پێشمەرگەکانی گوت، خوێنی من لە ھی ئێوە عەزیزتر نییە، گەر دوژمن لێرە دەرباز ببێت، مان و نەمانی ئێمەیە.
ئیتر کە بڕیاری مان و نەمان درا، لەوێش پێشمەرگە بە داستان وەڵامی دوژمن و خیانەتکارانی دایەوە، دەرسێکی وایان بە دوژمن و خیانەتکاراندا کە ئیتر بۆ جارێکی تر بیر لە ھێرش بۆ سەر کوردستان نەکەنەوە.
سەرۆک بارزانی، لە لاپەڕە ١١٧ی کتێبی بۆ مێژوو، دەنووسێ “بەرخودانی پێشمەرگە لە ھەموو بەرەکان بەردەوام بـوو، تا لە ٢٦ـی ئۆکتۆبەر لە بەرەی مەحموودیە و سحێلا، ھێزەکانی عێراقی و حەشدی شەعبی بە ھاوکاریی ھێزەکانی ئێرانی و حزبوڵڵای لوبنان و بـە فەرماندەیی ڕاستەوخۆی ئەفسەرێکی پاسداری ئێرانی بـە ناوی سەید موختار کــە لـەو شـەڕەدا برینداریش بوو، بە مەبەستی گرتنی پیشخابوور پەلاماری سەنگەرەکانی پێشمەرگەیان دا، بەڵام دووچاری شکستێکی زۆر گەورە بوونەوە.
سەرۆک بارزانی جەختی کردۆتەوە کە شەڕی سحێلا یەکێکـە لـە گەورەترین نەبەردییەکانـی مێـژووی نوێی گەلی کوردسـتان ئـەو شکستە، گۆڕانـی بەسـەر ھاوکێشـەکاندا ھێنـا و دانوسـتان دەسـتی پـێ کـرد.
لە ڕووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەردا خەنجەری ژەھراوی بە دەستی تاقمێکی خیانەتکاری نێو لایەنێکی کوردستانی لە کورد درا و کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە ڕادەستی حەشدی شەعبی کران.
٢٠ـی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ وەرچەرخانێکی گەورە بوو لە خەباتی میللەتەکەماندا و لەو ڕۆژەدا مێژوویەکی پڕ لە شانازی تۆمار کرا، ئەو سەرکەوتنەی پێشمەرگە بۆ ھەموو لایەکی سەلماند کە گەلی کوردستان خاوەن دۆزێکی ڕەوایە و ئامادەیە ھەتا دوایین دڵۆپی خوێن بەرگری لە خاک و کەرامەتی نیشتمان بکات.
فەرماندە بەشداربووەکانی پێشمەرگە لەو داستانەدا جەخت لەوە دەکەنەوە، شەڕی عەین عوزێر یەکێک لە گەورەترین ئەو شەڕانە بوو، ئەگەر بەرگرییەکی چاونەترسانە نەکرابایە، شتێک بە ناوی قەوارەی ھەرێمی کوردستان نەدەما، چونکە نەیاران دەیانویست قەواری ھەرێمی کوردستان لەناوببەن.
ناوچەی سحێلا وەک مەیدانێکی شەڕ بوو بە شوێنی سەرکەوتنی ھێزەکانی پیشمەرگە و لەناوبردنی خەونی نەیارانی کورد، دوایین ھەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئەو دەڤەرەش، لە ٢٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ پووچەڵ کرایەوە، کاتێک حەشدی شەعبی و ھێزەکانی عێراق بە پشتیوانی چەند وڵاتێک گەورەترین ھێرشیان کردە سەر ناوچەکە، بەڵام ھێزی پێشمەرگە ڕووبەڕوویان بوونەوە و گەورەترین داستانی سەرکەوتنیان تۆمارکرد.
ھێزەکانی عێراق بە حەشدی شەعبی و دژەتیرۆر و فیرقەی ١٥ و ١٦ و ھێزی بەرپەرچدانەوەی خێرا و ھەموو ئەو ھێزانە و ئەو چەکانەی کە ئەوان ھەیانە و ئەوانەی لە چەندین وڵاتەوە پێیان دابوون لە سحێلا کۆیان کردبوونەوە، ویستیان لە سحێلا تێبپەڕن و دەست بەسەر ھەموو ناوچەکاندا بگرن، بەڵام ھەموو پلانەکانیان شکستی ھێنا، فەرماندەکانی پێشمەرگە، دەڵێن، مەبەستی حەشدی شەعبی نەھێشتنی کیانی ھەرێمی کوردستان بوو، ویستیان ئەوە بوو جارێکی تر دھۆک و ھەولێر و سلێمانی بخەنە ژێر دەستی خۆیان و شتێک نەمێنێت بە ناوی کوردستان.
ڕائید سەردار جەبار، فەرماندەی پێشمەرگە، بە ڕۆژنامەی”ھەولێر”ـی گوت: لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ حەشد وای دانابوو لە ھەندێک لای ترەوە دەتوانێت ھێرش بکات و بەبێ شەڕ داخلی کوردستان دەبێت، بەڵام نەیزانی ڕووبەڕووی شکستێکی گەورە دەبێتەوە، لە داستانی سحێلا، دوژمن خۆی نەگرت و شکا و چەما و خۆی لەبەرامبەر ئازایی و نەبەردیی پێشمەرگە نەگرت و ھەر زوو ددانیان بە شکست نا.
ئەو فەرماندەی پێشمەرگە، دەشڵێ: ئامانجی ئەو سوپایە تەنیا ئەوە نەبوو ئەو ناوچانەی جێناکۆکن داگیر بکەن، نیازیان وابوو تەواوی کوردستان داگیر بکەن و ئەم قەوارەیە لەنێو ببەن، سەرۆک بارزانی بڕیاری دا شەڕی مان و نەمان بکەین، ھەر ئەو ڕۆژە لووتی دوژمن شکێندرا و ھێزی پێشمەرگە نەیھێشت کوردستان بکەوێتە دەست دوژمن، بۆ ھەموو جیھان سەلماندمان کە ھیچ ھێز و لایەنێک نییە خۆ لەبەر ھێزی پێشمەرگە بگرێت.
بەدەل بەندی، فەرماندەی لیوای یەکی لەشکری ڕۆژ، ئاشکرای کرد: ئەو کاتەی دوژمن ھێرشی کردە سەر کوردستان، بەتایبەتی لە سحێلا، ئەوان پێیانوابوو بە دڵی خۆیان لە کوردستان ھاتووچۆ دەکەن، بەڵام ئەو کاتەی سەرۆک بارزانی بڕیاری دا شەڕ بکەین، ھەموومان پێکەوە شەڕی کوردستان، یان نەمانمان کرد.